۱۳۹۲/۰۳/۱۸

جوانیناسی فمینیستی و رێدۆزەکانی فمینیستی بۆ فیلم


جوانیناسی فمینیستی و رێدۆزەکانی فمینیستی بۆ فیلم
Jamshid Bahrami
جوانیناسی فمینیستی و رێدۆزەکانی فمینیستی بۆ فیلم
سینینتا فریلەند
و:جەمشید بەهرامی
فەلسەفەی فمینیستی فیلم، پانتاییەکی ساوایە کە بە خێرایی لە حاڵی گەشە و بڵاوەکردن‌دایە، بەڵام هێشتاکە لە وێنەی بەش یان لقێکی تایبەت لە پانتایی فەلسەفەدا دەر نەکەوتووە. بەس لە کۆتایی دەیەی هەشتا و نەوەد‌دا بوو کە وتارگەلی فەیلەسووفەکانی فمینیست لە مەڕ فیلم‌، لە گۆڤارەکان و بژاردەکانی ئینگلیزی زماندا سەری هەڵێنا.
لە خوێندنەوەکانی سینەماییدا،
وەک خوێندنەوەکانی جوانیناسانە بە شیوازێکی گشتی، سنوورەکانی نێوان بەشەکان بگۆڕن. نووسەرانێکی زۆر لە پانتایی ئەدەبیات، هونەر، راگەیاندن، و خوێندنەوەکانی کولتووری، باسگەلێکی رەخنەیی‌یان لە مەڕ فیلم، هێنایە گۆڕێ و ئاوڕیان لە چەمکە فەلسەفییەکان دایەوە و تیورییە فەلسەفییەکانیان خستە بەر باس.
زۆرێک لە پرسیارە گەڵاڵەکراوەکان لە پانتایی تیوری فیلم‌دا، پرسیارگەلێکی فەلسەفین و لە نێوان ئەواندا هەندێک لە تەوەرەکان بۆ جوانیناسی و فەلسەفەی فمینیستی زۆر گرنگن : فیلم جۆرێکی هونەرییە، بۆ چی؟ "چییەتی فیلم" چییە؟ چۆن فیلم شیوازی تێفکرین و بیرکردنەوە نیشان دەدات؟ چییەتی دژکردەوە هەستییەکان و لایەنگریمان بۆ فیلم بۆ چییە؟ چۆن چییەتی دیمەنیی فیلم بۆ رێکخستنی جیهان بە کار دەبرێت؟ ئایدۆلۆژیای سیستەمی بەرهەمهێنانی هالیوودی و رەوتی دیمەنەکانی فیلمیکی پیشەیی کولتووری گشتی چۆن کار دەکات؟
سنووردارکردنی سەردێڕ یان چالاکی " فەلسەفەی فمینیستی فیلم " بۆ فەیلەسووفە پڕۆفشناڵەکان، نەک دژوارە بەڵکوو سەررێژنەیی و سەرلێشێواوکەرە. کەوایە باشترە بە سەرنجدان بە پێوەندی ئەم تەوەرە لەگەڵ پانتاییەکانی دیکەی بریتی لە تیوری فمینیستی، تیوری فیلم بە گشتی، بەرهەمە فەلسەفییەکان لە مەڕ فیلم و جوانیناسی فمینیستی، لێی نزیک ببینەوە.
بە تەرکیز کردنی سەرنجی فەیلەسووفەکان بۆ فیلم، بەو شێوەیەش فەلسەفەی فمینیستی فیلم بە خێرایی گەشەی کرد و پەرەی سەند. تۆمارکردنی بابەتە فمینیستییەکانی فەیلەسووفەکان لە دوو بژاردەی بابەتیانەدا لە مەڕ فیلم، لە ناوەڕاستەکانی دەیەی نەوەد( فریلەند و وارتنبەرگ ١٩٩٥، بوردول و کارۆل ١٩٩٦ ) لەگەڵ سەرهەڵدانی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری فیلم و فەلسەفە، نیشاندەری ئەوەیە کە ئەم پانتاییە لە سەردەمی گۆڕان و گەشەی خێرادا بوو.(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
تیوری فمینیستی فیلم
تیوری فمینیستی فیلم چەمکێکە کە لەم دواییانەدا سەری هەڵداوە و دەستپێکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی هەفتاد، بەڵام لەم ماوەیەدا بووە بە پانتاییەکی بەربڵاو و ئاڵۆز. لە رۆژەکانی سەرەتایی بزوتنەوەی ژنان، رەخنەگران لە خوێندنەوەکانیان لە مەڕ چۆنیەتی بە دیمەن کردنی ژنان لە فیلمەکاندا – بۆ وێنە لە وێنەی دایکەکان – تەرکیزیان کردە سەر دیمەنە فیلمیکەکان. بە هەر حاڵ، بە دوای بڵاوکردنەوەی بابەتی " لۆرا مالووی " لە ژێر ناوی " چێژی دیتنی و سینەمای گێڕانەوەیی" ئەم رێدۆزە بەرەو کزی رۆشت. لەم بابەتەدا، مالووی دەروون شیکاری لاکانیی و هێماناسی بە کار دەبات تاکوو لێکدانەوەیەک لە چییەتی چێژی دیتنی لە سینەمای گێڕانەوەیی(چیرۆکین،چیرۆکاسا) نەریتی هالیوود ئاراستە بکات.
تیوری فیلم بە گشتی و تیوری فمینیستی بە تایبەتی، زۆرتر لە فەڕانسەدا سەری هەڵدا و بە پێیە ئەم جۆرە کاریگەری وەرگرتنی روانگەییە لە روانگەکانی فەلسەفەی ئوروپاییدا جێگای سەر سووڕمان نییە. بەم پێیە لەم دواییانەدا، ئەم توخمە زاڵە لە پانتایی تیوری فیلم‌دا کەوتە بەر هێرشی فەیلەسووفە شیکارەکان. ئەم هێرشانە رێگای بۆ رێدۆزەکانی رەوتی سەرەەکی بۆ تیوری فمینیستی فیلم ئاوەڵا کرد.
رێدۆزەکانی فمینیستی بۆ فیلم
لە ساڵەکانی رابردوودا، هەنگاوەگەلی گرنگ و نوێ لە پانتایی جوانیناسی فمینیستی‌دا هەڵگیراوە کە بە شێوازێکی ئاڵۆز لەگەڵ گەشەی هونەری فمینیستی و مێژووی فمینیستی هونەردا گرێی خواردووە.
جۆرە چالاکیگەلێکی تایبەت، لە وێنەی شێوەکاری دەیەی حەفتا، و قسە و باسەکانی دوای ئەوان لە مەڕ پیوەندی و کێشە خولقێنی وێنەوازی سروشتی هونەری ژنان، لە پانتایی فیلم‌دا درێژەی بە هەبوونی خۆی نەدا، بەڵام بە هەر حاڵ چەمکگەلێکی تایبەت لە بابەت ئەم تەوەرەوە هاتنە گۆڕێ؛ چالاکییە سینەماییەکانی فمینیستی ئاوانگارد، پێشڕەو، زاناگەرا یان کێشە خولقێنن؟
هەروەها کە مۆسیقاناسان و مێژووزانانی هونەری فمینیست،رەوتی پێکهاتنی ناواخنی گرووپگەلی هونەرمەندە گەورەکانیان لێکدایەوە، هەر بەم شێوەیە هەندێکیان ئەم کردەیان لە پانتایی خوێندنەوەکانی فیلم‌دا ئەنجام‌دا. ئاوەها شتێک بەستراوەتەوە بە هەڵسەنگاندنی دووبارەی بەرهەمەکانی ژنان لە پانتایی فیلم‌دا لە ژێر ناوی دەرهێنەر،نووسەر و هتد، لەگەڵ هێنانە گۆڕی فیلمگەلێک لە ژیان، کە ژنان و ژیانی رۆژانەی ئەوان پیشان دەدات، وەک فیلمی " جینی دیلمان " بەر هەمی " چانتال ئاکرمەن "، کە فیلمێکە سەبارەت بە هەڵسوکەوتی ئاسایی رۆژانەی ژنێکی کالە و قەرت(نە پیر و نە لاو)ی ماڵداریکار لە چینی مام ناوەنی بەلژیک؛ لەم فیلمەدا کردەی ناجوانیناسانە بە تەواو مانا جوانیناسانەیە.
نوسەرەکانی تیوری فیلم، هەر وەک نووسەرەکانی جوانیناسی، بەردەوام پرسیارگەلێک لە بابەت جیاوازی نێوان دیمەنی هونەری " بە بایەخ " و " بێ بایەخ " لەگەڵ هێماگەلی رەگەزی‌دا گەڵاڵە دەکەن. بە شێوەیەک کە خوێندنەوەکانی سینەمایی زۆرجار لە رێگای پەرەپێدانی ئەزموونی سەرنجدان- لە وێنەی" مالووی " – بە بەردەنگ، ئەزموونەکان و ئەنگێزەکانیان لە بەردەنگ بوونی فیلمە نەریتییە هالیوودییەکان، زۆرتر ئاوڕ لە تیوری " وەرگرتن " دەدەنەوە.
" مالووی " خۆی لە وێنەی فیلمسازێک بۆ رخنەگرتن لەم ئاوڕدانەوەیەدا لە دووی کردنەوەی درگایەک بوو بە شیوازێکی دیکە بۆ ریک و پیک کردنی رێدۆزێک بۆ فیلمسازی. لە نووسراەکانی دیکەدا لە بابەت تیوری فیلم، هەروەها پێوەندیگەلێکی هاوشێوە لە نێوان جوانیناسی فمینسیتی و دژە سینەمایی فمینیستی‌دا هاتە ئاراوە. وتاری " ترێزا دۆلاریتس " لە ژێر ناوی " پێداچوونەوەی سینەمای ژنان: جوانیناسی و تیۆری فمینیستی "، وێنایەکی روونتر لە ئامانج و چییەتی تیۆری فمینیستی فیلم و تایبەتمەندییەکانی پیاوانە پیشان دەدات: هاوکاری لەگەڵ خودی سینەمای فمینیستی بۆ خولقاندنی تێکنۆلۆژیایەکی کۆمەڵایەتی گۆڕدراو لە رەگەزێتی یان تکنۆلۆژیای جۆانیناسی نوێی فمینسیتی.
خولقاندن دژ بە سینەمای فمینیستی بە ئامانجە سیاسییەکانی بەربڵاوەوە تان و پۆیان پێکەوە گرێ دراوە: " ئەرکی ئێمە وەک تیوری‌دارێژەر ئەمەیە کە دۆخ و رواڵەتی روانگەیی بۆ تەوەری کۆمەڵایەتی شی بکەینەوە و بەم پێیە بچینە نێو پانتایی پڕ لە مەترسی دووبارە پێناسەکردنەوەی زانستی جوانیناسیانەی و رواڵەتییەوە.
دۆلاریتس باسەکانی فۆکۆ لە مەڕ تێکنۆلۆژیاکانی رەگەز لە کتێبی " مێژووی رگەزێتی "دا دەهێنێتە گۆڕێ و بە پێی لێکدانەوەی دۆلاریتس لە چۆنیەتی کارکردی سینەما وەک " تێکنۆلۆژیای رەگەزێتی "، " رەگەزێتی هەروەها چ لە ژێر ناوی نواندنەوە و چ لە ژێر ناوی خودی نواندنەوەدا، بەرهەمی تێکنۆلۆژیاگەلی زۆری کۆمەڵایەتی( تێکنۆلۆژیا کۆمەڵایەتییەکانی بریتی لە سینەما ) و بەرهەمی چالاکییە رەخنەییەکان،مەعریفە ناسییەکان و گوتارە سەقام‌گرتووەکان و لە هەمان کاتدا ژیانی رۆژانەیە".
دوایین بەرهەمەکان لە مەڕ تیوری فیلم لە راستای ئەم پێشنیارانەدایە و بۆ " جیاوازی " لە لێکدانەوەکانی نەگۆڕتر و ئاڵۆزتر کەڵک وەردەگرن.
هەروەها، لە پانتایی بەربڵاوی خوێندنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا هەوڵی زۆر دراوە تاکوو پێوەندی نێوان نەژاد و رەگەزێتی لێکبدەنەوە و پیشانی بدەن کە چۆنییەتی ئەم هۆکارانە لەگەڵ توخم‌گەلێک وەک چینە کۆمەڵایەتییەکان لێک گرێدراون تاکوو سیاسەتی فیلمسازی و بینەریی فیلم بخەنە ژێر کاریگەریەوە.
ئەم کارە لە راستای رواڵەتی نەریتی‌تری رەخنەی مارکسیستی‌دایە کە لە نێوان سەرنجدان بە تەوەرەکانی دەیکەشدا، سەرنج دەداتە رەگەزێتی.
بەرجەوەنی داهاتوو
فەلسەفەی فمینیستی فیلم، بە تایبەت لە بەشی تیوری فمینیستی فیلمدا، ساوایە. گومانێک لەوەدا نییە کە زۆرێک لە پێوەرەکانی تیوری فیلم لە لایەن فەیلەسوفانی فمینیستەوە  لە حاڵی هەڵسەنگاندن‌دایە. بۆ وێنە، کار کردن لە سەر چەمکی "روانینی واق ماو " دەتوانێت بنەڕەتێک بێت بۆ بۆچوونەکانی فەلسەفی فمینیستی لە چەشنی بیرکرندەوە و گریمانەی جەستە؛ یان ببێت بە بنەمایەک بۆ لێکدانەوەی بەرچاوتەنگی مەعریفەناسانەی فەیلەسووفە نەریتی‌یەکانی وەک دێکارت.
تیوری فمینیستی فیلم ئەمانەش لە خۆ دەگرێت: کارکردنی پاژەکی و ورد، تۆکمە و پڕ بایەخ لە سەر ژانرگەلێک وەک خۆف و پۆرنۆگرافی.
ئەم جۆرە کارکردنە لە سەر چەمکە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانێت بە شێوەیەکی پڕقازانج ببێتە جێگای سەرنجی ئەو فەیلەسوفانەی کە دەیانەوێت رەخنە بگرن لە دۆخ‌گەلی هەنووکەیی لە چەمکگەلێک وەک توند و تیژی بنەماڵەیی، چەمکگەلی پۆرنۆگرافی فمینیستی.بەم شێووەیە، بە شیوەیەکی ئاشکرا فەلسەفەی فیلمی فمینیستی شتی زۆر هەیە بۆ پێشکەش کردن بە تیوری فمینیستی فیلم.
لە پانتایی فەلسەفەی فمینیستی سەردەم‌دا رێدۆزگەلێک هەیە کە دەتوانێت بۆ باس لە سەر فیلم گونجاو بێت بەڵام کاریگەر نەبوون. بۆ وێنە تەوەرەکانی پێوەندیدار بە ئەخلاقی فمینیستی‌ ( ئەخلاقی دایکانە، ئەخلاقی پارێزگاری کردن) دەتوانن چوارچێوەیەکی تیوریک بدەن بە دەستەوە بۆ درووست کردنی خوێندنەوەگەلی تێر و تەسەل، یان لێکدانەوەگەلێکی رەخنەیی لە جۆرگەلی جیاوازی فیلمدا؛ فیلمگەلێک کە لەواندا پێوندی نێوان رەگەزی مێینە( پیوەندی دایک-کچ ) پیشان دەدرێت.
لەوانەیە فەیلەسووفەکان رێدۆزگەلێکی جۆراوجۆر لە هەمبەر ئەم فیلمانەدا لە بەرچاو بگرن. ئەوان دەتوانن روانگە ئەخلاقییەکان بۆ خستنە رووی لێکدانەوە رەخنەییەکان بە کاربێنن، یان بە شێوەیەکی دیکە دەتوانن فیلمەکان وەک جۆرێک دەیتاگەلی ئەزموونی لە بەرچاو بگرن تاکوو روانگەکانی خۆیان بخەنە ژێر تاقیکردنەوە و ئەزموون کردنەوە. جگە لەمە، بەشگەلێکی هەنووکەیی زۆر لە فەلسفەی زانستدا هەیە کە بنەماگەلێکی گونجاو بۆ پێک هاتنی رەخنەهایەک دابین دەکەن کە بە دیمەن کێشانەوەی فیلمێک،هەڵسوکەوتی سروشتی تێگرتنەوەی بنەماکانی وادانراو(فەرزکراو)ی بوونەوەر ناسانەی رەگەز یان رەگەزێتی بەرەوڕووی پرسیار دەکاتەوە.
بە تایبەت لێکدانەوە فمینیستییەکانی فیلمە دیکۆمێنتییەکان قەرزداری دوایین کارە بە ئەنجام گەیشتوەکان لە فەلسەفەی فمینیستی زانستدان کە پێوەندیەکانی کڵێشەیی نەژاد لەگەڵ رەگەزێتی یان رەگەزێتی لەگەڵ نەخۆشین و هتد بەرەوڕووی رەخنە دەکاتەوە.
ئەگەر چێ دۆلاریتس سەرنجی تیوری فمینیستی بە لای "تکنۆلۆژیاکانی رەگەزێتی" راکێشا، بەڵام بەرهەمی فمینیستی کەمتر ئاوڕی لە رۆڵی لە حاڵی گۆڕان و کاریگەری خودی تکنۆلۆژیادا داوەتەوە.
لەوانەیە فەیلەسووفەکان درێژە بە کاری خۆیان بدەن تاکوو خوێندنەوە فمینیستییەکان ئەڵترناتیڤێکی پۆزۆتیڤ‌تر و رزگاری بەخش‌تر لە ژانرەکانی زانستی خەیاڵاوی یان خۆف دابڕێژن؛ ژانرگەلێک کە زۆرتر بە دژە ژن ناسراون. هەڵسەنگاندنی تکنۆلۆژیای فیلم نابێت لە بازنەی لێکدانەوەی پێوەندییەکانی ژنان لەگەڵ تکنۆلۆژیای فیلمسازی‌دا سنووردار بکرێتەوە، بەڵکوو دەبێت ئاوڕ بداتەوە لە شرۆڤەی رۆڵی گۆڕانی تکنۆلۆژیک بۆ دەستپێڕاگەیشتنی ژنان بە فیلم و ئەزمونی ئەوان لە فیلم.
پێش‌بینی کردنی چییەتی فەلسەفەوەرزی فمینیستی لە مەڕ فیلم‌دا سەخت و دژوارە، چونکوو خوێندنەوە و بە کار گرتنی فەلسەفەی فیلم، خۆی بە جۆرێک ساوا و زۆر بەربڵاوە.
بەم حاڵە لانیکەم ئەم خاڵە بوونی هەیە کە فیلم رەوتێکی دەست پیکردووە کە بە درێژایی ئەم رەوتە فیلم خۆی لە وێنەی رەنگدانەوەی فەلسەفی‌دا پیشان دەدات؛ هەر بەو شێوەیەی کە دراما و ئەدەبیات ئەم کارە دەکەن. ئەم چەمکە نیشاندەر و دەربڕی رێگای کۆتایی پڕبایەخی توێژینەوەکانی داهاتووی فەیلەسووفەکانی فمینیستە کە دەتوانن شێوازگەلێک لە خوێندنەوەی روانگەکانی ئەخلاق و خاوەن‌لێهاتوویی بۆ درووست کردنی گۆڕان لە خودی فیلمەکاندا بدۆزنەوە.

ژێدەر:ترجمە بە فارسی: احسان نوروزی ، مجلە هنر پاییز ، شمارە ٤٥ سال ١٣٧٩

ئەم بابەتە لە ژمارەی ٩٢ی ئاسۆی رۆژهەڵاتدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

http://en.calameo.com/read/001805102fb2d9add6579