۱۳۹۲/۰۱/۲۲

"فیلمی سیاسی"

Jamsid Bahrami
"فیلمی سیاسی"
لە سەردەمی هاوچەرخدا فیلمسازی سیاسی بە چ  مانایەکە؟
دیمێتری ویلنسکی١
و:جەمشید بەهرامی

پرسیارە کۆنەکان
ژان لاک گۆدار سەردەمێک بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە چیتر چێکردنی فیلمە سیاسییەکان بەس نییە بەڵکوو دەبێت فیلمەکان بە شێوازێکی سیاسی چێبکرێن. هەموو ئەو کەسانەی کە جوانیناسی و زانستی سیاسی و ئابوری بە خولقێنەری پیوەندییە حەیاتییەکان دەزانن، لە سەر ئەم بڕوایەن کە، هونەر دەتوانێت بە هێزێکی تایبەتەوە، گرنگترین چەمکە کۆمەڵایەتییەکان نیشان بدات.
مێژوو، شوێنی پێکدادانی گرووپگەلێکی جیاوازە کە نەک لە مافی رادەربڕینی خۆیان بەڵکوو لە روانگەکانیان سەبارەت بە داهاتوو بەرگری دەکەن.
ئەگەر بمانەوێ لەم سەردەمەدا ئەم پرۆژە سیاسییە درێژە پێبدەین دەبێت لە سەرەتاوە ئەم پرسیارە کۆنە گەڵاڵە بکەینەوە:
چ کەسێک سووژەی درێژەپێدەر و زانستی مێژووییە؟ و دەبێت ئامرازەکانی ئەم وەڵامە کۆنە ئاشکرا بکەین: خودی چینی زەحمەکیش ستەملێکراو(بنیامین).
هونەری سیاسی هاوچەرخ تێدەکۆشێت کە لەگەڵ لیکۆڵینەوەی ئەم سووژەیە هاوئاهەنگ بێت نەک لەگەڵ سووژەی ئوستوورەیی رووداوە مێژووییە کۆنەکان. درووست هەر وەک ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەهەم - جارێکی دیکە بۆ دەربڕینی ئەمەی کە ئەم سووژەیە وەک چی وایە - لە ژێر زەخت داین.
سەرەڕای ئەمانە، ئەمڕۆکە دەبێت ئێمە لە وەفادار بوون بەو وەڵامە کۆنە بدوێین. ئەم پێشهاتە بەم مانەیە نییە کە فیلمسازان،رۆشنبیران و هونەرمەندان بە تایبەت دەبێت بە رەوتی دژە کاپیتالیستی هەنووکە بڕوایان بێت بەڵکوو ئەوان دەبێت بڕوایان بە دۆخی سۆبژکتیڤ بێت( دۆخێک کە بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەم رەوتە).
لەم دۆخەدایە کە دەتوانین دان بەوەدا بنێین کە فیلمسازی بە شێوەیەکی سیاسی بە مانای تێکۆشان لە راستای وەسفی پەیوەستەیی راستەقینەدایە(لە درێژەدان بە ئاڵ و گۆڕدا) بە شێوازێکی مێژوویی.(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
هونەرمەند و فیلمساز دەبێت خۆیان لە پرۆسەی بەپڕۆلیتاربوون‌دا بدۆزنەوە. ئەو دەبێت بە هاوڕێ بوون لەگەڵ خەڵکدا بە شێوازگەلی جۆراوجۆری ئافراندنەوە، ببێت بە هونەرمەندی پڕۆلتاریا؛ بەڵام لێرەشدا پرسیار هەرەها لە جێی خۆیدایە؛ پرسیارێک کە پێوەندی بە هەڵوێستی سیاسی هونەرمەندەوە هەیە: ئێوە(هونەرمەندان) پشتیوانی چ کەسێکن؟
دۆخی سووژەی وتەبێژ
جیاوازی سەرەکی نیوان هونەری سینەما و ژوورناڵیسمی کۆمەڵایەتی ئەمەیە کە هونەرمەند ناتوانێت گەمژانە پێداگری لە سەر ئەمە بکات کە: ئەو دەنگ و وتەیەک بۆ لای ئەویدیەک دەگوێزێتەوە، بەڵکوو ئەوە فیلمسازە کە بەردەوام قسە دەکات. بەم پێیە، بە هۆی لە ژێر چاوەدێری‌دا بوونی بەردەوامی پرۆسەی بەرهەمهێنانی فیلم( لە لایەن بەشدابوانیەوە ) و ئەو ناوەندە بەهێزانەی کە لە پشتی پەردەی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوە فیلمدان، لادان لە راستەقینە لە بەرامبەر رەوتی پێوەندیدار بە رەواڵەتی فیلمەوە، پێشهاتێکی جیاواز و دەرەکی نەبووە، بەڵکوو بەشێکی گرنگ لە پێکهاتەکەی و شێوەیەک بۆ بەرهەمهێنانی فیلمە. فیلمی بەتەواو مانا سیاسی ( فیلمێک کە تایبەتمەندی سیاسی بە خۆیەوە دەگرێت ) فیلمێک سەبارەت بە سیاسەت نییە بەڵکوو فیلمکە کە سەرپشکی و هەڤبازی سووژەی وتەبێژ لە رێگای لەقاودانی کۆت و بەندەکانی کۆمەڵایەتی و چینایەتی بەرەوڕووی پرسیار دەکاتەوە.
چییەتی بەکۆمەڵی فیلمسازی
فیلمسازی بەردەوام تێکۆشانێکی بەکۆمەڵ بووە؛ هەڵبەت ئەم پێشهاتە لەوانەیە بکەوێتە ژێر کاریگەری تاکگەرایی دەرهێنەرەوە؛ کەسێک کە لە رێگەی هاوڕێژەیی بەخشینی هێزە خولقێنەرەکانی پڕۆفشناڵ و ئاماتۆرەوە پەیامی نووسەر دەکێشێتەوە.
سەرەڕای ئەمە، پێکهاتەی فیلم دەتوانێت نموونەیەک بێت بۆ ئاشکراکردنی بەتەواو مانای هەموو هێزە خولقێنەرە بەکۆمەڵەکان؛ هێزگەلێک کە لە هەر تاکێکدا( وەک خولقاندنی بەکۆمەڵ ) بە کار دێت.
پرۆسەی " فیلمسازی بە شێوازی سیاسی " دەبێت گرووپ یان کۆمەڵی هونەری تایبەت بە خۆی هان بدات؛ پێکهاتێک بۆ درووست کردنی بڕیاری بەکۆمەڵ، تاکوو بتوانێت بە دەرخستنەکانی جوانیناسانە رەوایی ببەخشێت.
ئەم کردەیە دەکرێ وەک کاری کەسانێک هەڵبەسەنگێندرێت کە لەگەڵ پێکهاتەی تایبەت بە ئۆتۆنۆمی سیاسی ئەیالەتەکانی وڵاتێک رووبەڕوو دەبنەوە، کەسانێک کە دەبێت بە هۆی لە سەریەک دانانی روانگەکان بە لەبەرچاو گرتنی جۆرێک دموکراسی بەشدارانە،بڕیارگەلێکی پەیوەستە بگرن.( لە رەوتی درووست کردنی فیلمێکدا لەوانەیە ئەرکێکی تایبەت بخرێتە سەر شانی گرووپی دەرهێنان یان وێنەهەڵگرانەوە؛ پێدانی ئەم ئەرکە بە هۆی وتووێژە بەربڵاوەکانی بە کۆمەڵ و دۆخی هاوبەشەوەیە ).
ریالیزم
سینەما و ویدیۆ، بەرهەمەکانی رەوتی ریالیزم لە مێژووی هونەردان. تکنۆلۆژیای نوێ و پەیوەستەیی نوێی میدیاکان بۆ تۆمار و بە دیکۆمێنت کردنی رووداوەکان، دوایین‌ترین بەرهەمەکانی ئەم رێگایەن. نەریتی ریالیزم لە هونەردا، کاریگەریەکی لەگەڵ خۆیدا هەیە کە تێگەیشتنیان بە بێ لێکددانەوەیان نابێت.
ریالیزم لە سەردەمی سەرهەڵدانیەوە، ئەرکی دووبارە لێکدانەوەی مانای راستەقینەی درێژەدراوی لە سەر شانی خۆی داناوە بەڵام ئەم ئەرکە لە هەمان کاتدا ئەرکێکی سیاسییە.
دیکیۆمێنت‌ سازی یارمەتیدەری ئێمە بووە بۆ دووبارە تێفکرین لە چەمکی تەقلید (میمسیس) کە فۆرمە نەریتییەکانی هونەری - شانۆ و شێوەکاری –  تووشی ئەزیەت کردووە،( ئەم دووبارە تێفکرینە، بە باسەکانی لۆکاچ و برێشتەوە دەستی پێکردووە ). هەروەها ئەم دیکۆمێنت سازییە چەمکی رەسەنایەتی دەباتە پانتاییەکی دیکەوە.
رەسەنایەتی – هەروەها کە برێشت نەگۆڕانە سەلماندوویەتی – هیچ پێوەندیەکی بە " هەڵگەڕاندنەوەی ساکاری فۆتۆگرافیک لە راستەقینە " نییە. رەسەنایەتی پشتبەستراوە بە پێکهاتەی بەرهەمەوە، تەنانەت لەو فیلمە دیکۆمێنتیانەی کە وەفادارانە درووست کراون " هیچ ماک و ناوەرۆکێک کە پێوەندی بە بەرێکخراوبوونەوە نەبێت، بوونی نییە ". رەسەنایەتی و چۆنیەتی رەسەن بوونی بەرهەمی ریالیستی، بەردەوام پێکهاتەیەکی رواڵەتییە.
ئەم سەرنجە یارمەتیدەرمان دەبێت تاکوو راستەقینە لە لێکدانەوەکانی سۆبژکتیڤی دەسەڵاتخوازی ( لێکدانەوەگەلێک کە هەڵقوڵاوی وێژدانێکی ناڕاستە) دەرباز بکەین.
تیپیکاڵ
ریالیزم ئەو کاتەی بە ئامانجەکانی دەگات کە نەک پێشهاتە پەیوەستەکان و تایبەتەکان ( پێشهاتەیەک لە رێگای سەرەکی هونەری هاوچەرخ، کە لەودا سیاسەتەکانی پێوەندیدار بە شوناس و مەزنایەتی لە وێنەهێنانەوەی هونەریدا تایبەتمەندیەکی هێژمۆنیکی هەیە ) بەڵکوو پێشهاتی تیپیکاڵ پیشان بدات.
ئەم رەستە بەناوبانگەی بریتانیا بە بیر بهێنینەوە کە ئەرکی سەرکی ریالیزم " دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بەتەواو مانای تایبەتمەندی تیپیک لە دۆخێکی تیپیکدایە ".
ئەم رێدۆزە تیپیکاڵە ئیزن دەدات بە ئێمە تاکوو لە چەمکگەلی کێشەخولقێنی کۆمەڵگای هاوچەرخ بیر بکەینەوە و گیانیان پێ‌ببەخشین. ( چەمکگەلێک وەک سیستەمێکی لێوانلێو لە ناتەبایی و پێویست بە گۆڕان ).
ئەم ئاوڕدانەوەیە لە راستەقینە، لە خۆیدا پێشهاتێکی کارتۆگرافیک بووە و بە رەت‌کردنەوەی فتیشیزمی٢ چینی مام‌ناوەندی کۆمەڵگا سەبارەت بە جیاوازی، بە پێچەوانەی رامان سەبارەت بە هاوهاوتایی و هەبوون لە دۆخگەلی زەختدا، بێ‌بەش بوون و بەرگری هەڵدەبژێرێت.
چەمکی فۆرم
ریالیزمی نەریتی، بە هۆی ناوەرۆکەکەیەوە مەزن دەردەکەوێت. ئەمڕۆکە کێشەی دیمەن و فۆرم کۆتایی پێهاتووە؛ نەک بە هۆی ئەو هونەرنواندنانەی کە لای توودەی خەڵک پەسەندە، بەڵکوو بە درووست کردنی فیلم لە رێگایەکەوە کە لە بنەڕتدا جیاوازە.
ئەم پێکهاتەیە دەتوانرێت لە سەر ئەمە نەگۆڕ بکرێت: شرۆڤەیەکی روون - سەبارەت بە ئەو دۆخەی کە ئیمکانی گەڵاڵەی داوای تیپیکاڵ یان گشتی بۆ یەکگرتنی مێژوویی - بوونی هەبێت.
ئەمڕۆکە دەستنیشان کردنی لایەنەکانی رواڵەتی فیلمێکی بەتەوا مانا سیاسی، پێشهاتێکی سەختە؛ بەس دەکرێت بە رەتکردنەوەی زمانی داسەپاوی هونەر و فیلمی بازرگانی، ئەم تایبەتمەندیانە دەستنیشان بکرێت.
ئەم زمانە پشتبەستوو بە جوانیناسی هەست، فریو(دەسخەڕۆیی) و چێژە. ئەم زمانە لێکپچڕان و مۆنتاژێکی ژیرانەیە، زمانێک کە بە ئیفێکتە دەنگییەکان بینەر تۆپ‌باران دەکات. ئێمە بە باشی کارکردی پۆپۆلیستی ئەم ئامرازە دەناسین و تێدەکۆشین ( تێکۆشانێک کە هەمیشە نزیک لە سەرکەوتن نییە ) لە بەرامبەریاندا بوەستین.
مینی ماڵیست بوونی ئەم کۆمەڵە فیلمە بە هۆی کەم بوونی بوجەکەیانەوە نییە بەڵکوو لەو روانگەیەوەیە هەڵگری جۆرێک کەم کردنەوەن.
زمانی فیلمی سیاسی لەم سەردەمەدا، زمانێکە کە بە شێوازێکی ئاگاهانە جۆرێک ریازەت کێشانی دیتنی هەڵبژاردووە. ئێمە جارێکیتر بەبژاری گرینگی "ژان لاک گۆدار" بۆ هەبوونی بوجەیەکی ١٠ دۆلاری وەبیر دەهێنینەوە، بەڵام ئەم پێشهاتە بەم مانا نییە کە ئەم جۆرە فیلمگەلە لە بەرامبەر ململانێی جوانیناسانە و هەستی بینەردا دەبنە بەربەست. هەڵبەت ئەم بەربەست بوونە، کەم و کووڕی زۆرێک لە بەرهەمەکانی ئەم سەردەمەیە.
نەریتی سینەمای سیاسی، کۆمەڵێکی تەواو لە ئامرازەکانی بەکارهێنانی زەختە ئایدۆلۆژیکی-جوانیناسی دەستەبەر کردووە.
پرۆسەی " فیلمسازی بە شیوازی سیاسی " دەبێت بە پێکهاتەیەکی چەند توێ کە کاریگەرییە هەستیەکان لێکدانەوەکانی بە تەواو مانا عەقڵانی، بەیەکەوە دەگونجێنێت.
بە شێوازێکی پاردۆکسیکاڵ، ئێمە دەبێت شێوازی نزیک بوونەوە بە دڵی بینەر فێر ببین بە بێ ئەوەی کە سەرقاڵی بکەین.
پەروەردە و فێربوون
ئەمە بڕوایەکی باوە کە فیلمە سیاسییەکان سەردەمی ئێمە، فیلم‌گەلێکن کە فێرمان دەکەن. ئایا ئەمە وتەیەکی درووستە؟ چ کەسێک بەردەنگی ئەم فێرکاریەیە؟
فیلمسازی بە شێوازی سیاسی بەم مانایە، کەسانێک کە پێشتر " پەرەسەندنی سیاسی‌یان ئەزموون کردووە و چاویان بڕیوەتە رێگاگەلێک بۆ گەشەی زۆرتری سیاسی " لە پێگەی بەردەنگ‌دا دایان بنێین. ئەرکی راستەقینەی فیلمە سیاسییەکان، بەس دیکۆمێنت‌سازی و ورووژاندن نییە؛ ئەم ئەرکە دکرێت بیخەینە سەر شانی ژورنالیسمی کۆمەڵایەتی.
ئەگەر تاکوو ئێستە پانتاییەک بۆ ئاوەها فیلمگەلێک لە میدیادا بوونی نەبووە، دەتوانین رێگاگەلێک بۆ پانتایی فەرهەنگی بە روویاندا بکەینەوە بەڵام نابێت ژورنالیسمی کۆمەڵایەتی و هونەر وەک یەک چاویان لێبکەین. بەڕای من، تێگەیشتن لە پرۆسەی سیاسی، رۆڵێکی دیکە دەگێڕێت و ئەوەش نیشان‌دانی ئاڵۆزی بە ئامانج گەیشتنی سووژی سیاسی‌یە.
" بڵاوە پێدانی نەستی سیاسی " بەم مانایە کە تەواوی کێشەکان و داوەکانی سیاسی بوون ئاشکرا بکەین. ئەم وتەیە بە مانای ئەوە نییە کە وا بزانین هەموو شتێک سادە و ساکارە و دەتوانی بۆ هەر پرسیارێک وڵامێک دەستەبەر بکەین، ئێمە ئەم دۆخە بە جێ دەهێڵین بۆ حیزبەکان و ناوەندە بازرگانییەکان.
شێوازی " گەمەی فێرکاری "ی برێشت، جارێکی دیکە گرنگایەتی خۆی دەردەخات. ئەم شێوازە ئێمە بۆ بەرپەرچدانەوەی ستراتێژییە هەرەمی یان هیراشیکەکان و دەستێوەردانی میدیا بانگهێشت دەکات. لەم بەرەوە، لە هەر کاتێکدا تێدەکۆشین، کردە بەکۆمەڵەکان و هابەشەکان بهێننە نێو فیلمسازیەوە و لەکۆدا بۆ شیوازگەلێکی نوێ بۆ دەرباز بوون لە دەرەنجامە لەباوکەوتووەکانی حەیاتی سیاسی بگەڕێین.
فیلمسازی بە شێوازی سیاسی " بە مانای فیلمگەلی بەس پەروەردەیی نییە " بەڵکوو بەم مانایە کە خودی پرۆسەی فێرکاریە کە بە ئێمە پیشان بدات. 
-------------------------
١ :  دیمێتری ویلنسکی  Dmitry Vilensky
 ٢ : فێتیشیزم : پەرەستینی چشتێک، بڕوابوون بە چشتێکی جێگای پەرەستش، فێتیشیزم بە مانای پەرەستین یان پێوەندیەکی قووڵ لەگەڵ چشتێکدایە. ئەم چشتە دەتوانێت هێمایەک بێت بۆ هێزەکانی سەرتر لە راستەقینە . 

ژێدەر: خردادنامە، شمار ٢٧،ترجمە بە فارسی: مجید کمالی

ئەم بابەتە لە ژمارەی ٩٠ی ئاسۆی رۆژهەڵاتدا بڵاو کراوەتەوە.http://www.asoyroj.com/kurdish/detail.aspx?=hewal&jmara=2019&Jor=10