۱۳۹۱/۱۱/۱۹

"ئاسمانە ناسکەکانم دوور مەڕۆن"

  جەمشید بەهرامی
Jamshid Bahrami

ئاسمانە ناسکەکانم دوور مەڕۆن
بۆ پەپوولەکانی کوردستان لە پاریس
!
جەمشید بەهرامی
بۆ سێ تێکۆشەری کورد بە ناوەکانی سەکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا سویلەمەز، کە له‌ رێکه‌وتى ٩ى مانگى یه‌کى ٢٠١٣ لە پاریس شەهید کران.
ئیمشەو تەنیا بێ جەستەی زەبوونم
دیسان سەرواز کەرد دڵەی پڕ هوونم١
لە باکوورە ئامێزتان بۆ خەونی مێژوویەک ئاوەڵا کرد، لە رۆژهەڵاتەوە خەونی د.قاسملووتان لەگەڵدا بوو و ئاوێتەتان دەکرد بە بۆنی خەونی کاک سدیقی کەمانگەر و مێژووی گەلێکی بەش مەینەتەوە؛ لە باشوورەوە لە ئامێزی خەونەکانی لەیلا قاسم‌دا وچانتان دەدا و لە رۆژئاواوە خەونی مەشعەل تەمۆتان دەکردە هەوێنی بیرتان.
میژووی تراژدیاکانی گەلتان ئەم دیو و ئەو دیو دەکرد، بینتان دەنا بە بینی رابردووەوە و هاواری چەندین ساڵەمانتان غار دەدا
...
خەونە زڕاوەکانی کیژۆڵە چاوگەشکانی ئەم دەڤەرەتان هەڵدەدایەوە، و دەتانپێچاند لە بوخچە و چارۆگەی هزرتانەوە...
سەد مەخابن باروبنەتان پێچایەوە و کۆچان...
رۆشتن،رۆشتن لە وێنەی پەپوولە باڵ رەنگینەکان، و سەرێکی وڵاتی مەلانتان دا...
بە پسکەیەک دێنەوە و لەگەڵ من و مۆمی سەر کورسیەکەم و جگەرەکەی هاوڕێم وچانێک دەدەن، زۆرتان پەلەیە:
شڵەژاون ئاڵۆزاون
زۆر خەمینن، نیگەرانن (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
هێندە قسەتان پێیە نازانن چۆن بۆم بدوێن، تا دێم لەگەڵتان بدوێم باڵ لێک دەدەنەوە و ئۆغری سەفەر دەکەنەوە...
بە یەکەوە رێ دەبڕین،ئێوە باڵ لێک دەدەن و بەرز دەبنەوە و منیش لە لێڕەوارەوە بەرەو چیا هەنگاو دەنێم...
دەپەیڤین:
سنوور سنوور دەخولقێنێ، سنوور دوورمان دەکاتەوە...
ئەوەی بە تەلدڕوو سنووری خستە نێوانمان، داڵدەی ئەوی دیکەمان دەدات؛ بەش بەشمان دەکات،خولیای رق لەیەک بوونمان،لە نێو سەریا دەچێنێت...
سنوور هات و چەندین ساڵە ئێمە لە یەک دوورین، سنوور هات و چەندین ساڵە، بیر لە بیری سنووردانەر ناکەینەوە.
سنوور هات و چەندین ساڵە بیر لە یەک بوون ناکەینەوە، بیر لە بیری سنووردانەر ناکەینەوە.
سنوور هات و چەندین ساڵە بیر لەیەک بوون لەگەڵ ئەویدی‌دا دەکەینەوە، بیر لە بیری سنووردانەر ناکەینەوە.
سنوور هات و چەندین ساڵە، نێوقەدی خۆی پتەو دەکات...
بەڵام، بەڵام؛ دەنگێک لە لووتکەی سەر بەفەرەکەی سەر چیاوە، برووسکەیەک لە نێو دوندی نێوان سنوورەوە،دەچپێنێ بە گوێی دڕک و داڵ و کێو و مەزرا و گشت ماڵەکەی نیشتماندا:
سنوور هات و چەندین ساڵە ئێمە لە یەک دوورین، سنوور با بێت، بیر لە بیری سنووردانەر دەکەینەوە!
سنوور هات و چەندین ساڵە بیر لە یەک بوون ناکەینەوە، سنوور با بێت، بیر لە یەک بوون، بیر لە بیری سنووردانەر دەکەینەوە!
سنوور هات و چەندین ساڵە بیر لەیەک بوون لەگەڵ ئەویدی‌دا دەکەینەوە، سنوور با بێت، بیر لەیەک بوون لەگەڵ ئەویدی‌دا ناکەینەوە، بیر لە بیری سنووردانەر دەکەینەوە!
دەپەیڤین و دەپەیڤین... پەیڤەکان باڵ دەگرن و دەبن بە ورە، دەبن بە هێز، دەبن بە گوڕی هزر و بیری تۆڵە...
رۆشتن درێژ دەکەینەوە، لە رۆژهەڵاتەوە کێوەکان دەبڕین، لە باشوورەوە دەشتی بەرینی نیشتمان گرێ دەدەین بە رۆژئاوای وڵاتەوە و لە باکووردا وچانێک دەدەین و رێی هەوراز دەگرینەوە بەر، دواییش بەرەو چیا.
رێگا هێندەی دیکەش درێژ بێت بەشی پەیڤەکانمان ناکات!
چاوێک هەڵدەبڕن و چاوێک لە چاوانی لێوانلێو لە فرمێسکم دەکەن؛ سەرێک هەڵبڕن و بە بزەیەکەوە یەکتان دەڵێت: فرمێسکی بێ کۆتاییم ببینە:
"
من قەقنەس نەویم ها بیم وە قەقنەس 
یەکجاریچ ئیمشەو ها بەرشیم جە دەس٢
"
ئێوە باڵتان لێکدا و رۆشتن،رۆشتن و من تامەزرۆی هاتنەوەتانم، تاکوو پرسەگێڕی خەونەکانی وڵاتەکەم؛ خەونی وڵاتی خۆر و خوێن و ئاگر،بن.
لە رۆژنامەی مەلاندا، لە پەنجێرەی ئەو دیو سنووری دەستکردەوە، ئاوڕم لێدەدەنەوە و بە لاچاوێک چریکەیەک دەچڕن و دەڕۆن، دەڕۆن و لە لێڕەواری ئاسماندا نوقم دەبن، دەبن بە خودی ئاسمان.
ئێوە ئاسمانن، کە بیرتان دەکەین؛ سەر هەڵدەبڕین و بە بەرینایی ئاسمان ئێوە دەبینین، تەنانەت لە شەوانی ئەنگوستەچاودا ئێوەن کە ئەستێرە سوورەکەی سەر سەرانن...
ئاسمانە ناسکەکانم دوور مەڕۆن، دوور مەڕۆن، ئاوێنە گەرووی گیراوە ناتانکێشێتەوە...
باڵ لێک مەدن، وەرەنەوە و لە هۆزی بەش مەینەتاندا وچانێک بدەن، نێوچاوانێک بسڕنەوە...
وەرەنەوە با دوو پێک شێعری مەولەوی ئاوێتە بکەین بە مەزەی مەم و زینی خانیەوە، تاکوو بە بزەیەک، خەمی دوورە وڵاتی‌یەک، خەمی بێ وڵاتی‌یەک بەبا بدەین...
ئێوە باڵتان لێکدا و من لەو ساتەوە هێشوی فرمێسک میوانمە
...
ئێوە باڵتان لێکدا و منیش ئێستا بیری تۆڵەم.

لینکی ئەم بابەتە لە سایتی ئێن ئێن ئێس رۆژ: