۱۳۹۱/۱۰/۱۷

شێعر و سینەما

شێعر و سینەما
Jamshid Bahrami
شێعر و سینەما 
لۆییس بونوێل
و:جەمشید بەهرامی

ئۆکتاڤیۆ پاز دەڵێت: "مرۆڤێکی یەخسیر و کۆت و بەند کراو،هەر ئەوەندە بەسە چاوەکانی بکاتەوە،تاکوو بتوانێت نادیارەکانی دنیا دەربخات". من بە راڤەیەک بۆ ئەو وتەیە،ئەمەش زیاد دەکەم: هەر ئەوەندە بەسە کە پێڵووی سپی پەردەی سینەما ئەو رووناکاییە تایبەتە هەڵگەڕێنێتەوە،تاکوو بتوانێت دنیا رزگار بکات و ئێمە بۆ زەمەنێک بتوانین بە هێمنی چاو بنووقێنین و بخەوین،چونکوو رووناکایی سینەماتۆ گرافیک١،بەتەواو مانا هەستیی و سێحراوییە و هیچ‌کام لە هونەرە نەریتییەکان ناتوانن ئاوەها ناهاوڕێژەییەکی گەورە بێننە ئاراوە کە سینەما و دەرهێنەرەکانی،ئەوە بە تواناییەکی پێویستەوە دەردەبڕن و پیشانی دەدەن. چونکوو سینەما بە شێوەیەکی راستەخۆ،هەبوون و گەوهەری سروشتی شتەکان،پیشانی بینەر دەدات و پێی دەناسێنێت.لەم روانگەیەوە،سینەما بە شێوازێکی تۆکمەیە و لانیکەم لە بێدەنگی و لە تاریکی‌دا دەتوانێت وەبیرهێنەرەوەی "ژینگەی سروشتی(فیزیکی) مرۆڤ" بێت و بەم هۆیەوە،بە لێهاتوویی و بە باشترین شێوە ئاوڕی لێدەداتەوە کە هیچ ئامێرێکی دربڕینی دیکە ناتوانێت بەو شیوەیە ئاوڕی لێبداتەوە.
بەڵام،سینەما باشتر لە هەر چشتێکی دیکەش دەتوانێت هۆکاری خەرەفاندن بێت. بەداخەوە،زۆربەی بەرهەمهێنەرە گەورەکانی چالاک لە بواری سینەماتۆگرافیک‌دا،وا دیارە کە راسپاردەیی‌یەکی جگە لەمەیان نییە: پەردەی پان و بەرینی سینەما،بێ بەش لە ئەخلاق و بە رۆشنبیری کراو،و ئەم رەوتە لەگەڵ هەموو ژانر سینەماییەکان ئاوێتە بووە.
لە راستی‌دا،سینەما بەتایبەتی بەستراوەتەوە بۆ شوێنگیری لە رۆمان یان شانۆ بە کەمترین جیاوازییەکانیەوە،کە لانیکەم ئەم شوێنگیرییە بۆ شیکردنەوە و شرۆڤەی دەرونناسانەی سینەما دەوڵەمەنەدە.
هەر بەم هۆیەوەیە کە سینەما،بە شێوازێکی تێروپڕی خەریکی دووپاتکردنەوەی چیرۆکەکانی سەدەی حەفدەیە کە بریتین لە چیرۆکگەلێکی ماندووکەر و دڵتەنگی خولقێن و هەر بەو شێوەیەش لە رۆمانەکانی ئەم سەردەمەیشدا درێژە دەدرێن. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە).


مرۆڤێک سەر بە چێنی مام‌ناوەندەوەی کۆمەڵگا،لە کاتێکدا دەتوانێت ناوەرۆکی کتێبێکی کەم‌بایەخ وەرگرێت کە ئەو ناوەرۆکە لە فیلمە زۆر گەورەکاندا ببینێت،لەو کاتەدایە کە زۆر ئاسایی لە هۆڵی تاریکی سینەمادا دادەنیشێت و چاو دەبڕێتە رووناکایی و جووڵەیەک کە بە کەڵک وەرگرتن لە رواڵەتە مرۆییەکان و جێگە بگۆڕە کاتییەکانەوە دخولقیت،ئەمە تا رادەیەک کاریگەرییەکی بە هێزی سەرخۆشکەر و شەیدایی لە سەر ئەو دادەنێت و ئەم مرۆڤەی کە تا رادەیەکیش بە کولتوورە،بە سانایی بەرهەمگەلێکی سووک و چرووک و کەم نرخیش وەردەگرێت.
بینەری سینەما، بە پێی کەش و هەوای دڵڕفێنی نائاسایی فیلم و بەرادەی گرنگایەتی لە هێزی رۆشنبیرییەکەی،ئەەو[دیمەنەکان] وەردەگرێت.
لێرەدا بۆ وێنە باس لە فیلمێک لە ژێر نێوی چیرۆکی بازڕەس دەکەم کە پێکهاتەی سووژەی فیلم درووست و تەواوە،بە دیزاینێکی سەحنەیی سەرجڕاکێش و دەورگێڕانێکی لەرادەبەدەر گونجاو و دەرهێنەریەکی ژیرانە و هتد. بەڵام هەمووی ئەم بەبڕشتی و لێهاتووییە،هەمووی ئەم "شارەزایی"یە،هەمووی ئەم پێکهاتەی هۆکارییە کە فیلمەکەیان چێکردووە،لە خزمەتی چیرۆکێکی گەمژانە بە دەرئەنجامێکی ئەخلاقی چەوت و بێ‌ئاکاردایە. ئەم فیلمە،منی خستەوەبیر"ماشینی جیاوازی ئۆپۆس ١١" کە دەزگایەکی زەبەلاح بوو و بە باشترین کانزا و هەزارەها تەگەرەی پێچاوپێچ،گونج،بوار،سێ پاڵوو،رووپەڕەوە درووست کرابوو.
ئەم فیلمە،درووست وەک پیشاندانی بەشێک لە ئوقیانووسی ئەتڵەس بوو کە بەس بۆ لکاندن بە سەر تەمری پۆستیدا کەڵکی لێوەرگرن!.
نهێنی و رەمز،توخمی بنەڕەتی هەر بەرهەمێکی هونەریە،لە راستیدا لە فیلمەکاندا بوونی نییە.داهێنەران،دەرهێنەران و بەرهەمهێنرەکان،تێدەکۆشن و هەوڵیکی زۆر دەدەن کە ئارامشی ئێمە نەشێوێنن و پەردەی سێحراوی سینەما بە رووی دنیای ئازادی شیعردا ببەستن. ئەوان لایان باشترە کە ئاوڕ لە سووژەگەلێک بدەنەوە سەبارەت بە ژیانی ئاسایی ئێمە،و هەزاران جار هەر هەمان درام دووپات بکەنەوە،تاکوو ئێمە زەمەنە سەختەکانی ئیش و کار و ژیانی رۆژانە لە بیر بەرینەوە. هەمووی ئەم چەمکانە بە شێوازێکی ئاسایی،چەسپاندنی ئەخلاقی باو،سانسۆڕی حوکومی و نێونەتەوەیی،باڵادەستی ئایین بە چێژایی باشەوە! تامێکی گاڵتەجاڕی بێ‌خەوشە کە رەهەندەکەی دیکەی،بێ بەش لە نەرم ونیانی راستەقینەیە.
ئێمە ئاوات دەخوازین کە سینەمایەکی باش ببینین،سەرەڕای ئەوەی کە بە دەگمەن بەرهەمهێنەری گەورەمان هەیە،بەم پێیەش،لەگەڵ رەخنەگرەکاندا و بە راکێشانی هۆگرایەتی و رازی بوونی ئاپۆڕەی خەڵک،سینەمای باش پەسەند دەکەین. بە بڕوای من، سینەمای باش خاوەنی چیرۆکێکی تایبەت و درامێکی تایبەتی تاکییە کە کەسایەتیەکی سەرنجراکێش و شیاوی ژیانە لە سەردمی خۆی‌دا.
چونکوو بینەر،شاییەکان،خەمەکان و دڵەڕاوکێکانی خۆی لەگەڵ کەسایەتی سەر پەردەی سینەما بەش دەکات. سەرەڕای ئەوەی کە،ئەم[پرۆسە]یە ناتوانێت لە وێنەی دیتنی شاییەکان،خەمەکان و دڵەڕاوکێکانی هەموو کۆمەڵگا لێکبدەرێتەوە،کە تایبەتمەندی خۆیانە، بەڵام بێکاری،ئاسایشی کۆمەڵایەتی،ترس لە شەڕ و هتد،پرسگەلێکن کە هەموو مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە پەشێو دەکات.هەر بەو شێوەیە[ئەم پرسانە]،کاریگەری بە سەر بینەەوە دادەنێت.بەڵام کەسایەتیەک وەک M.X،بە هیچ شێوەیەک پێی خۆش نییە ئاوڕ لەو پرسانە بداتەوە،چونکوو ئەو؛لە بیری ئەوەدایە ئاوڕ لە بەسەرهاتی دۆستێکی بچکۆلە بداتەوە کە لە کۆتاییدا کۆڵ دەدات و دیسانەوە بۆ لای هاوسەرە بەوەفا و خۆبەخشەکەی دەگەڕێتەوە.
بێگومان،ئەم [رەوتە] رێزگرتنە لە هەمان ئەخلاقی ئاسایی و خۆپارێزانەی رواڵەتی.بەڵام ئێمە بۆ ئەم رووداوە،بەتەواو مانا بێ دەروەست و پشت‌گوێخەرین. هەندێ جار جەوهەرەی سینەماتۆگرافیک بە شێوازێکی رووناک و نائاسایی لە فیلمێکی هێور یان لە کۆمێدیایەکی رەش،یان لە بن‌لاپەڕەیەکی ئەستووردا دەبینریت.
"من ری"، لەم بابەتەوە پرسگەلێکی پڕمانای ورووژاندووە: " خراپترین فیلم‌گەلێک کە بینوومە،فیلمگەلێک بوون کە بوونەتە هۆی ئەوەی کە خەونێکی قووڵم لێبکەوێت،ئەم فیلمانە بەس پێنج دەقەیان بەنرخ بووە.باشترین فیلمگەلێکیش کە بینوومە و زۆرم لا پەسەند بوون و جێگای پێداهەڵگوتنن، زۆرتر لە پێنج دەقەی سێحراویان تێدا نەبوو".
ئەو دەیەوێت بڵێت کە تەواوی فیلمە باش و خراپەکان بە شێویەک لە ئامانجەکانی دەرهێنەرەکانیان دوور بوون،لە کاتێکدا کە شیعری سینەماتۆگرافی، خەباتێکە بۆ گەیشتن بە ئاست و دەربڕێنی ئەو ئامانجانە. سینەما چەکێکی زەبەلاح و ترسێنەرە و خاوەنی رۆحێکی ئازاد و شێتانەیە و باشترین ئامرازە بۆ شیکردنەوە و شرۆڤەی دنیای خەیاڵەکان و ئاوەز و هەیەجان و نەستەکان. کارکردی داهێنەری میکانیزمی دیمەنەکانی سینەماتۆگرافیکی،لانیکەم لە نێوان هەموو ئامێرەکانی دەربڕینی مرۆڤدا،وەبیرهێنەرەوەی باشترین کارکردی دەروونییە بۆ خەوتن.
"ژاک.ب.برۆنیۆس" ئەوەی بینی کە سێبەری شەو هێدی هێدی بە سەر هۆڵی سینەمادا بڵاوەی کرد و چاوە بەستراوەکان چالاک بوون.لە کاتێکدا ئەمە دەستپێکی کاری پەردەی سپی بوو لە هرووژمی تاریکی و رۆچوون بە نێو قووڵایی و ناهۆشیاری مرۆییدا. دیمەنگەلێک کە لە خولیادا "توا بوونەوە"،ئاشکرا و ون دەبوون و لە کات و دۆخێکی شلک و شیاودا،بە شێوازێکی ئاگایانە دەکرانەوە و دەبەستران. رێک و پێکی کاتی و پێوەندی لەگەڵ بایەخی ئەم دیمەنانەدا،ئەوەندە پێوەندی بە راستەقینە بونەوە نییە.
بەو هۆیەی کە خولی دژکردەوەی جووڵەی دیمەنەکان،دەبێت دێرهاتەکان خێراتر بکات و لە چەند دەقە یان چەند سەدەدا! بە تەواو مانا گەشە بکات.
سینەما،بە شێوازێکی ئاشکرا و نیوە ناهۆشیارەوە بۆ شیکردنەوە و شرۆڤەی ژیان داهێنراوە و بنچڵەکانی بە شێوەیەکی قووڵ لە شیعردا رۆچووە،سەرەڕای ئەوەی کە قەد بە تەواو مانا کەڵکی لێوەرنەگرتووە.
لە سینەمای تیناوی و هەیەجانی مودێرندا،ناوی "نیوریالیزم" ناسراوترە؛لە روانگەی بینەرانەوە،فیلمە نیوریالیستییەکان،بە پێشاندانی زەمەنگەلێک لە ژیانی راستەقینە ئاوڕ لە کەسایەتییەکانی کووچە و کۆڵان و شەقام و دیکۆرگەل و هاودڵییە ناوەکییەکان دەدەنەوە.
جگە لە کەم وێنەکان،من بە شێوەیەکی تەواو تایبەت بۆ وێنە ئاماژە بە "دزی دووچەرخە(پاسکیل)" دەکەم. چونکوو نیوریالیزم،تا ئەو راددەیە روونی ناکاتەوە کە چ شتێک لە سینەمادا جێگای سەرنجە،و من دەمەوێ باس لە نهێنی،رەمز و دڵڕفێنییەکان بکەم.
ئایا بە باشی هەمووی ئەم دۆخە دیتنیانەی فیلم،بە جووڵە و دژکردەوەی کەسایەتییە گیانلەبەرەکانییەوە ئاشکرا دەبێت،و سووژەکانیان لە ئەدەبیاتی زۆر لەسەر هەست و زۆر هاوئاهەنگەوە،وەرگیراوە؟ لە کاتێکدا کە بەشی سەرنجڕاکیش و تاقانەی جگە لە نیوریالیزمیش،بەس بەرهەمی "زاواتینی"یە،کە هۆکاری بزوێنەیەکی ئارامە لە ریزی هەرمانی دراماتیکی‌‌دا.
لە فیلمی ئۆمبێرتۆ دی(بەرهەمی زاواتینی) کە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین فیلمەکانی چێکراو لە ژانری نیوریالیزمدایە تەنانەت لە سێکانسێکی دە خولەکیدا،بە باشی دژکردەوە راستەقینەکانی نیشان دەدات کە دەتوانێت لە کەمترین ماوەی کاتیدا لە سەر پەردە،بە روونی جێگای سەرنج نەبێت.
ئێمە خزمەتکارێک لە چێشتخانەدا دەبینین کە زۆپاکە هەڵ دەکات و قاپێک لە سەر زۆپاکە دادەنێت و لە کاتێکدا کە مێروولەکان بە سەر دیوارەکەدا بەرەو پێشەوە دەڕۆن چەند جار ئاو بە سەر ریزێک لە مێروولەکاندا دەکات، گەرماپێوێک٢ دەدات بە پیرەپیاوەکە کە یاوی هەیە و هتد.
سەرەڕای بایەخی زۆر کەمی باروودخەکە،ئەم مانۆڕگەلە پاشکۆی کەڵکوەرگرتن لەو باروودۆخەیە. هەروەها کە "تەعلیق"٣ی مسۆگەریش، لەو دیمەنەدا روو دەدات.
ژانری نیوریالیزم لە سینەمادا، پێشەکیەک لە دەربڕینی سینەماتۆگرافیکی بوو کە چەند توخمی زمانی بە فەرمی(بە شێوازێکی گونجاو)،دەوڵەمەندی کرد. بەڵام شیعر بە شێوازی نهێنی و رەمزەوە،ئاوڕ لە شتێک دەداتەوە کە راستینەی هەستپێکراوی تەواو و بەربڵاو دەکات و نەبوونی شیعر لە بەشێک لە بەرهەمەکاندا[سینەمایی]، بەتەواو مانا دیار و هەست پێکراوە.
شیعر؛توخمی فانتیزی گاڵتەجاڕانە لەگەڵ دڵڕفێنی و کۆمێدیای رەشدا بە یەکەوە تێکەڵاو دەکات. "ئاندرێ بێرتۆ" دەڵێت: ئەو خاڵەی کە لە دڵڕفێنی‌دا جێگای ستایش و پێداهەڵگوتنە، ئەمەیە کە دڵڕفێنی بوونی نییە و هەموو شتێک راستەقینەیە."
لە وتووێژێک لەگەڵ زاواتینی‌دا بە درێژایی چەند مانگ،بۆم شیکردەوە کە لەگەڵ نیوریالیزمدا کۆک نیم. پێم وابێت کاتێک بوو کە بەیەکەوە نانی نیوەڕۆمان دەخوارد،یەکەمین شتێک کە بۆ وێنە ئاماژەی پێکرد پەرداخێک شەراب بوو؛ئەو پێی وتم:بۆ نیوریالیستێک،پەرداخێک بەس پەرداخێکە و نە شتێکی دیکە،کە لە بووفەوە هێنراوە و پڕ لە شەراب کراوە و دواتر لە چێشتخانەدا باش شۆردراوە و دەکرێ بشکێت و لە بەر هۆیەک بگەڕێیتەوە بۆ لای یان نە و هتد. بەڵام ئەم پەرداخە لە وێنەی پێشهاتێکی دیتنی،خاوەنی هەبوونگەلێکی جیاواز و لەوانەیە هەزارەها چشتی جیاواز بێت. چونکوو هەر کەسێک،پێی خۆشە لەو شتەی کە دەبینرێت کەڵکێکی باشتر وەربگرێت و کەسانێکی وایش هەن کە بەشێک لەو شتانەی کە هەن نایبینن،بەڵکوو ئەو شتانە لە وێنەی حەزەکان و حاڵەتە دەروونییەکانیان دەبینن.
من بۆ سینەمایەک تێدەکۆشم کە شتێک لەودا ببینرێت و سینەما،هەستێکی دیتنی تەواو لە راستەقینە بدات بە دەستمەوە و ببێتە هۆی ئەوە کە ئاستی زانست و ناسینم لە هەموو چشتێک و هەموو هەبوونەکان بباتە سەرەوە،و دەرگای دنیای پڕ لە سڕ و رازی نەناسراو بە روومدا بکاتەوە،و هەموو ئەو شتانەی کە لە میدیاکانی رۆژانە و کوچە و کۆلان و بازاڕدا لێی‌تێنەگەیشتووم،درگایەک بەڕووی ئەوانەدا بکاتەوە.
هەموو ئەو شتانەی کە من گوتوومە،ئێوە بڕواتان پێی نییە. چونکوو من خوازیاری سینەمایەکم کە بەس بەستراوە بە دەربڕینی دڵرفێنەوە و پرە لە نهێنی و رەمز؛ خوازیاری سینەمایەکی هەڵهاتووم یان سینەمایەک کە بە چاوێکی سووکەوە بڕوانێتە راستەقینەکانی رۆژانە و بە شێوەیەکی بەربڵاو پێوەندمان بداتەوە لەگەڵ ناهۆشیارییەکی خولیاییدا.
هەڵبەت،من بە شێوەیەکی زۆر کورت،ئاماژەم بە سەنتەرە گرینگەکانی کرد و لەو بابەتەوە باسم لە فیلمێک کرد کە لەودا پرسە بنەڕەتییەکانی مرۆڤی مودێرن دەخرێتە روو؛من سەرنجم نەدایە دوایین گۆشەگیرییەکانی مرۆڤی مودێرن،بەڵکوو سەرنجم دایە پێوەندی مرۆڤی مودێرن لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەدا.
هەنووکە،من ئاوڕ لە وتارێکی "ئیمووس" دەدەمەوە کە هەروەها نیشاندەرێکە بۆ کارکردی رۆماننووس: "رۆماننووس، شانازی بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیەوە دەکات، چونکوو ئەو،سەرقاڵی کێشانەوەی وەفادارانەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییە درووستەکانە.ئەو،زانستی گرێبەستیی رەوشی ئەم پێوەندیە رەشبینانە لەرزۆکەی دنیای بوورژوازی دەڕووخێنێت.ئەو بە خوێندنەوەیەکی گوماناوی و نەگۆڕ لە دیسیپلینی هەنووکە،بە پێویست دەزانێت کە دەرئەنجامێکی راستەوخۆ نەدات بە دەستمانەوە و تەنانەت ئاوڕ لە دەربڕینی بەشێکیشی نەداتەوە".

--------------------------------------
١ سینەماتۆگرافی: ئەم دەستەواژەیە ئاماژەیە بە ئامێری سینەماتۆگراف کە لە داهێنانەکانی براکانی لومیەرە؛لە هەنووکەدا ئەم دەستەواژەیە ئاماژەیە بە گرینگترین بەشی چێکردنی فیلم،ئەم بەشە بە تایبەتی پێوەندی بە گرنگترین ئامێرەکانی فیلمسازیەوە هەیە. لەم بەشەدا جگە لە فیلم‌هەڵگرتن، رووناکی، دەرهێنەری، رۆڵگێڕان،دەنگ‌هەڵگری و... هاوکات لە ئارادا دەبن.لە رەوەتی فیلمسازیدا پێش لەوەی کە ئەم بەشە دەست پێبکات دەبێت لۆکەیشن(سەحنە و دێکۆر و...) ئامادە کرابێت و هەروەها ئەکتەرکانیش بۆ رۆڵگێڕان ئامادە بن.(وەرگێڕ-کوردی(

٢  گەرماپێو: گەرماپێوی پزیشکی، ئامێرێکی پزیشکی؛لە کاتێکدا کە کەسێکی نەخۆش یاوی هەیە، بۆ پێوانی ئاستی گەرمای لەشی کەڵکی لێوەر دەگرن.(وەرگێڕ-کوردی(

٣  تەعلیق: هەڵپەسێردراو کردن یان نادیارکردنی رووداو لە رەوتی چیرۆک،رۆمان،شانۆنامە،سیناریۆدا.. هونەرمەند بە کەڵک وەرگرتن لە تکنیکی تەعلیق هێدی هێدی زانیاری لە سەر ڕووداوەکاندا دەدات بە دەستەوە و لێرەدایە بەردەنگ تامەزرۆ دەبێت کە بزانێت چی روودەدات. (وەرگێڕ-کوردی(
-----------------------------------
ژێدەر: نشریە فرهنگی/هنری/اجتماعی رودکی،بخش سینما،صحفە ١٣٦-١٣١، ترجمە:فرامرز ویسی
***********************
 ئەم بابەتە لە ژمارەی 87ی  "ئاسۆی رۆژهەڵات"دا بڵاو کراوەتەوە.

سایتی ئاسۆی رۆژهەڵات: