۱۳۹۱/۰۹/۰۶

خوێندنەوەیەکی پەیدۆزانە بۆ گرۆتێسک

گرۆتێسک
Jamshid Bahrami
http://denglog.blogspot.de
خوێندنەوەیەکی پەیدۆزانە بۆ گرۆتێسک
و:جەمشید بەهرامی
 
 لە سەدەی نۆزدەی زایینی‌دا، کەسانێک لە وێنەی هێگل، هۆگۆ، ئادینگتۆن و جان راسکین لە "گرۆتێسک لە هونەر و ئەدەبیاتدا "وەک تەوەرێکی رەخنەیی کەڵکیان وەرگرت.ئەوان کە شەیدای تایبەتمەندی (لە رواڵەتدا سەیر)،پێناسە و پارامێتری ئەو تەوەرە بوون، لە گرنگایەتی فەیلەسووفانەی کۆمەڵایەتی و رەخنەیی ئەو چەمکە بە ئاگا بوون و سەرەتاییترین هەوڵەکانیان بۆ شرۆڤە و شیکردنەوەی گرۆتێسک خستە گەڕ.
لە قۆناغەکانی دیکەی سەدەی نۆزدەدا، تیۆریسیەنەکانی ئەدەبی دیکە،جارێکی‌تر بە ئامانجێکی هاوبەش لە بابەت شیکردنەوەی مانا و ئامانجی گرۆتێسکدا؛لە وێنەی رێسایەکی کەلتووری هونەری، دیسان سەرنجیان خستە سەر ئەو چەمکە.
وڵفگانگ کایزێر لە کاتێکدا خوێندنەوەکانی خۆی لە مەڕ ئەم بابەتە لە کتێبی "گرۆتێسک لە هونەر و ئەدەبیاتدا" دەست پێکرد کە پرس و گرفت و کۆسپەکانی ئەو تەوەرەی، لە بازنەی خوێندنەوەکانی خۆی سەبارەت بە گرۆتسک دانابوو. دەتوانین گرۆتێسک بە هونەرێک بشوبهێنین کە بەشێکی تەوەر،دیمانە و پێکهاتەی دەرەکییە و بەشەکەی دیکەی هاوکات و بە پێچەوانەوە،چییەتی چەمکی بەرباس و لایەنی کۆمەڵایەتی چەمکی بەرباس لەگەڵ جیهانی تاکەکەسیدایە کە ئێمە بەشێک لەو جیهانە پێکدەهێنین.
دیمەنەکانی گرۆتێسک زۆرتر نیشانەی ناهۆگری،زێدەڕۆیی و ئایین و بڕوایەک تێکەڵاو بە پارچەگەلی ناتەبایە کە بۆ ئێمە لە وێنەی جیهانێکی هەڵەوگەڕاو و ناگونجاو دەبینرێت.
ئێمە(بەردەنگ)لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرۆتێسکدا،بەتەواو مانا لە بەامبەریدا چۆک دادەدەر،حەپەساو و بێ دەسەڵاتین وئەم هەستانە روومان تێدەکەن؛ بووینەتە ئامرازێک بۆ گەمە و گەپچاڕ،گاڵتەمان لەگەڵ دکەن،لە تاقی کردنەوەیەکداین.
گرۆتێسک،وەبیرهێنەرەوەی کۆمەڵێک هەستە،وەک هەستی دڵتەنگ بوون، ترس، ڕق، شایی، سەرقاڵ بوون،دڵەڕاوکێ و دڵەتەپێ‌؛کە بە هۆی هێزی وەبیرهێنانەوەی لە رواڵەتدا وەک پێکهاتەیەکی هەڵکەوتە و ناتەبا دێتە بەرچاو.گرۆتێسک پێوەندی هەم بەم دنیاوە هەیە و هەم بە دنیایەکی دیکەوە و بریتیە لە بانگهێشت کردنێک بۆ دژکردەوەکانی ناتەبا.
سێبەری ترس  باڵی بە سەر گشت پانتایی جێ بڕوانەبوونی گرۆتێسکدا کێشاوە.و ئەمە بەشێکی جیانەبوونەوە لە شرۆڤەی بێ کۆتایی مرۆڤە بۆ دەست راگەیشتن بە هەست و هەرا و زیچ. گرۆتێسک دەبێت دێوزمەیەک بخولقێنێت تاکوو پەیجۆری خۆی بێت و بەم پێیە بە هەرای بەرهەمهاتوو لە خۆفەوە، خۆی دڵنیا دەکاتەوە کە من هەم(بوونم هەیە). (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

تەنانەت کاتێک لە خۆف و ترسەکانماندا،تامێکی خۆش،لەرزینێکی هەست بزوێن ئەزموون دەکەین،چشتێک لە دەروونماندا دەخوازێت هاوار بکات،لە وێنەی منداڵێکی تۆقاو لە مۆتەکە و کاموسێکی ترسناک رادەچڵەکێت و دەڵێت :"ئەمە راست نییە".
وەڵام دانەوە بە گرۆتێسکیش جیاوازە،جارێک بە بزەیەک بە لایەنی کۆمێک،هەستێک لە مانای وێڕایی تاریکی گرۆتێسک روومان تێدەکات، هاوکات لەگەڵ ئەوەی‌دا کە شەیدای هێز و گوڕی ئەو دەبین.لە لایەن ئەوەوە بەرەو هەڕەشە دەبینەوە و ناچار دەبین حاشای لێ بکەین،فەرمانەکانی ئایینی حەقیقەت یارمەتی دەری ئێمە دەبن بۆ حاشا کردن لە گرۆتسک؛لە کاتێکدا کە ئێمە بینەری راستەقینەین بەڵام فەرمانەکانی ئایینین کە حاشا لە ئێمە دەکەن. ئێمە دادوەرییەک ئەزموون دەکەین کە دنیای باو و ناسراوی ئێمە دەباتە ژێر پرسیار؛لە هەمان کاتیشدا هەست بە دەنگەژەیەک دەکەین و ئەم دادوەرییە وەک پێشگۆییەکی پشتگیرانە لێک دەدەینەوە.ئێمە لەگەڵ هێمایەکی نەگریسی و شەیتانیدا بەرەوروو دەبینەوە- بەردەوام لە هەوڵی ئەوەداین کە خۆمانی لێ دوور بکەینەوە- لە کاتێکیشدا کە دەزانین دەبێ بۆ قازانج و چاکەی خۆمان لەگەڵ هێزی ئەودا دەرگیر بین.
ئێمە بە ناهۆگر بوون و فرە وێژی،دەمەتەقێ و تێکەڵاوبوونی رێکخراوی و نارێکخراوی،لایەنە راستییەکانی مرۆیی و حەیوانی گرۆتێسک بە هۆشیارییەوە وەڵام دەدەینەوە،لە هەمان کاتدابە هۆی روانگەکانی وێکنەچووەوە،لە رێگەگەلی جیاوازبوون و شیمانەکانی نوێ بۆ عەقڵانیەت و پوخت بوون تێدەگەین. بە لە بەرچاو نەگرتنی هۆکاری سەرەتایی(ترساندن) لە گرۆتێکسکدا،زۆرتر کاریگەرییەکی ئەمڕۆییانەی دیکەیشی تێدا دەبینرێت: پێکەنینی روون و راشکاوانەی کاریکاتۆر؛هەڵبەت ئەمەش هەستێکی نەناسراوی دیکەیە. هەرچەند کە وادیارە گرۆتێسک سەرتر لە هەر شتێکی واقیعە و وەک گەورەپیشاندانی راستیەکان دێتە بەرچاو، بەڵام گرۆتێسک جگە لە پەرەپێدانی رواڵەتی دەرەکی،بریتییە لە پێکهاتەبەندییەکی نارێک و پێک و وێران کردنی هەموو چشتە ناسراوەکان و راستییە تاڵەکان. بۆ وێنە شێوەکارییەکانی لیۆناردۆ کە بە میداد خولقاندوونی؛ لەو بەرهەمانەدا هەموو ئەو شتانەی کە مرۆیین رواڵەتی حەیوان بە خۆوە دەگرن، و ئەمە لێکدانەوەیەکی کۆمیکی(گاڵتە) ئەو هونەرمەندەیە بەرامبەر بە ئەو کەسانەی کە لە سەردەمی ئەودا ژیاون. ئەو کەسانەی کە لە شەقامەکاندا تێدەپەڕن،پیرژنە چاوچنۆکەکان،پیرەپیاوە سکپەرەستەکان و...
ئێمە گاڵتەپێکردنی ژیانمان لە لایەن گرۆتێسکەوە دەچێژین،لە هەمان کاتیشدا هەستی پرسیارە ئاینییەکان و حەزەکانی ئاڵ و گۆڕی دەروونی دەدەن بە ئێمە.
لێکدانەوەی ئێمە(بەردەنگ) بۆ گرۆتێسک بریتییە لە: گرۆتێسک خاوەن گرنگایەتی نزمترە لە ئاست بەرپەرچدانەوەکانی کۆمەڵایەتی.هێزێکی تایبەت بە تاک وێنایەکە لە هێزە نگریسەکان یان سەرتر لە هێزەکان بە دوو روخساری رۆشنی و تاریکیەوە؛بە پێی ئەوەی کە لە کام شوێنی پرۆسەی تێگەیشتن لە مانادا بین،تێدەگەین کە ئاوەها کردارێک چشتێک نییە جگە خولقاندنی خەیاڵ و خولیا هونەرییەکان. ئاوەها لێکدانەوەیەک کە لەلایەکەوە وەسفی گرۆتێسک دەکات و لە لایەکی دیکەوە وەڵامە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە شرۆڤە دەکات،لەو روانگانە دەچۆڕیتەوە کە ئێمە ئەزموونی دەکەین،بەڵام پێکهاتە تایبەتیەکەی،رەخنەیەکە لەم روانگانە.(هەروەها کە لە درێژەدا دەبینین.)
گرۆتێسکی راستەقینە بەرهەمێکی هونەرییە،بەڵام بەرهەمێکە کە هەر لە سەرەتای خولقاندنیەوە خاڵێکی رەش لە روخساریدا بووە،و لێرەوەیە کە ئێمە ناتوانین بە بێ دەستنیشان کردنی چشتێکی ناپیرۆز و نەگریس،لێی بڕوانین. چۆنیەتیەک کە زۆرتر قووڵ و بێ بنە،تاکوو نامۆ و کۆمیک بێت.
ئێستا دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین؛هونەرمەندێک کە شەڕوانێکی راستەقینەیە،ئەویندارێکە و کەسێکە کە بیرۆکەیەکی هەیە و لە دووی هاوڕێژەییەکان و هەموو ئەو شتانەیە کە خۆشەویستن؛بۆ چشتێکی ئاوەها لارولوێر و ناقۆڵا دەخولقێنێت؟چ هەستێکی جێگای پرسیار و چ نەستێکی تایبەت و ئاڵ و گۆڕ بە سەردا هاتووە کە لەودا چالاک دەبێت؟و تێکۆشانەکانی ئێمە لەو وێنەی بەردەنگی بەرهەمی هونەری،بۆ گەڕان لە دووی هەر رێک و پێکیەکی ئاسایش بەخش و هاوسەنگیەکی قوڵ،پووچەڵ دەکاتەوە. ئایا ئەمە وەهمێکە،کە بڕوابەوە بکەین؛ گرۆتێسک دەربڕی ئازار و نائارامیەکانی تراژیکی دەروونمانە کە بە حاشاکردن لێی دادەمرکێتەوە؟ مودێرنەکان بێ سەبرتر و تاکگەراترن.زۆربەیان سەبارەت بە بەرهەمەکەیان خۆهۆشیاریەکی تەواویان نییە،هەڵبەت هەندێکیشیان ئاگاتر و بە تواناترن. بەڵام هەندێکیان لە ئاڵۆزکردنی بەردەنگدا ئەوەندە زێدەگاڤی و زێدەڕۆیی دەکەن تاکوو هاوارەکانی تێکەڵاو بە ناڕەزایەتیە "گەنیو" و  "تەزویر"ـەکان ببزوێنن و ئەویندارانی ئاسایش هان بدەن بۆ رێکخستنی کۆڕ و کۆبوونە ناڕەزایەتییەکان.
ئەویندارانی ئاسایش هەرگیز دان بە گرۆتێسکدا نانێن، چونکوو لە سەر ئەو بروایەن کە هیچ ئاسایشێک لە خولیاکان و گومانەکاندا بوونی نییە.تەنانەت ئەگەر دەنگی "خولیا و گومان" گوێیان ببزوێنیت،ئەوان دڵنیان کە گرۆتێسک هاواری نائومێدیە.
گرۆتێسک تۆڵەکردنەوەی هونەرمەندە لە تەواوی ئەو شتانەی کە زۆر بە قووڵی ئازاریان داوە،لە بنەمادا گرۆتێسک لە نەستە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لە ترس و تینویەتی ئەو بۆ ناگونجاوەکان دەچۆڕایەوە،بەڵام دواتر بوو بە فۆرمێکی ئالۆز. هونەرمەندی سەرکەوتوو،دەتوانێت بە سەر ئەو پەڕی رەش بینییەکانی جوانیناسی‌دا سەرکەوێت و بەرهەمێک لە ڕووی بڕواوە بخولقێنێت.میکێڵ ئانژ،بێتهوڤن،ڤیتمان ئەو سەرکەوتووانەن کە لە ئەزموونی سەختی "گاڵتەجاڕ بوون"دا سەرکەوتوو بوون،و ئەوەندە قورس و قایم و بە هێز بوون تاکوو خۆیان لە ئازاردا بن و پانتایی ئومێدی مرۆڤ لە پێش چاوی بەردەنگدا ئاوەڵاتر بکەن.
جیاوازی بیروڕا،لە گرۆتێسکدا بە باشی لە بەرجەوەن و روانگەی تیۆری‌داڕێژەرێکدا کە بڕیارە لە بابەت ئەو چەمکەدا باس بکات دیار و بەرچاوە. بۆ وێنەی جیاوازی بیر و ڕا لە روانگەی تیۆری‌دارێژەرانێک وەک ئێڤاکۆریلۆک، جێفری گاڵت، میخاییل باختین و...
ڤۆڵفگانگ کایزێر و کۆریلۆک؛گرۆتێسک‌یان گرێ داوە بە کەلتووری زۆرینەی ئورووپاوە کە لە دوای سەردەمی رێنسانسەوە دەستپێدەکات و تاکوو کۆتایی سەدەی نۆزدە درێژەی دەبێت. بەڵام جەختیان لە سەر ئەوە کردووە کە ئێمە ناتوانین بڵێین گرۆتێسک پێوەندی بە سەدەی بیستەوە هەیە،چونکوو کەلتوورێکی زۆرینەی تاک،لە سەدەی بیستدا بە دژایەتی کردن لەگەڵ دنیادا(کە دەتوانێت بۆ گەشەی گرۆتێسک رێ خۆشکەر بێت) هەبوونی نییە.
جێفری هارفام لە سەر ئەو بڕوایە کە؛دەرفەت بۆ دەرکەوتنی گرۆتێسک بە هۆی تایبەتمەندی زاڵ و ناوێکچوونی لەرزۆک؛لە سەدەی بیستدا زۆر کەمە. بە شێوازێکی کورت،گرۆتێسک چەندین سەدە بە شێوازێکی نەناسراو لە لێواری کەلتوور و رێساکانی جوانیناسیدا (کە دەبێتە هۆی مانا بەخشین بە کەلتوور) بوونی هەبووە،بەڵام ئێستا لەگەڵ دۆخێکدا بەروڕوە کە هیچ چشتێکی سازگاری لەگەڵ پرسەکانی دیکەدا بوونی نییە. بەڵام بە پێی روانگەی هارفام؛ئەمە بەم مانەیە کە گرۆتێسک بەرەو هەڵوەشاندنەوە و تیاچوون دەچێت،هەر چەند هەندێ جار هەل بۆلاواز بوونی گرۆتێسک رەخساوە،بەڵام بەردەام گرۆتێسک لە پەنای ئێمەدا بووە و درێژی بە پشتگیری خۆی داوە. لە راستیدا گرۆتێسک نەک لە سەردەمی ئێمەدا بەڵکوو لە سەرەتایی‌ترین کاتەکانی مێژووی مرۆییدا بوونی هەبووە.
هارفام،هێزی گرۆتیسکی لە نەخشەکانی نێو ئەشکەوتەکاندا دۆزیوەتەوە و ئەو هێزەی لە رەوتی داهاتوودا بینیەوەتەوە. لە رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ کەلتوورگەلێک کە خاوەنی بنەما و گریمانەگەلی روون بوون،دیمەنەکانی گرۆتێسک ئاڵ و گۆڕیان بە سەردا دێت،بەڵام ئەم شیوازە هونەرییە وەک بەشێک لە هونەری "شانۆنامەنووسی" مرۆییدا دەمێننەوە. میخاییل باختین؛بە دابین کردنی رێکارگەلی بەتەواو مانا جیاواز زەمەنەکانی کاتی مێژوویی و تایبەت دەناسێنێت(کە لەودا گرۆتێسک دەربڕێ-نیشانەی- رواڵەتی بنەماخوازی هونەری خۆیەتی).
قوڵایی و مانای تەواوی پیشە هونەرییەکانی دیکەی بریتی لە دەستەواژەگەلی سەردەم،دەبێت لە لایەن مانا و چەمکی رەسەن و بێ خەوش؛بە هۆی کارنەواڵەکانی سەدەکانی ناوینەوە،هەڵبسەنگێندرێن،هەر بۆیە کارنەواڵ و فستیڤاڵەکانی سەردەمی ناوین دەبێت شرۆڤەی بۆ بکرێت.
وڵفگانگ کایزێر؛سەرەتای گرۆتێسکی گرێ داوە بە بەرهەمەکانی رۆمای کۆنەوە،ئەو بەرهەمانەی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی پانزدەدا دۆزرانەوە،و درێژەکەی و نەریتە بەهێزەکانی گەیشتوونەتە سەدەی ئێستا،بە تایبەت ئەمە سەردەمە،بە سەردەمی بەهێزی هونەری گرۆتێسک دەست نیشان کردووە. ئەمە راستییەکەی لەودایە کە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە لێوانلێوە لە ژانرگەلی جۆراوجۆر و خاوەن تایبەتمەندییەکانی گونجاوی شارستانیەتی رۆژئاوا کە لێکهەڵوەشاوە،بەڵام لە هەمان کاتدا لە جێهانێکدا دەژین کە لێوانلێوە لە شارستانیەتی پچڕپچڕ و ناوەندەکانی سیاسی،و دۆخێک دەخولقێنی تاکوو هێما و روخسار و دەنگی گرۆتێسک بێت. گرۆتێسک لە رواڵەت و باروودۆخی جیاوزدا بەم شێوەیە بۆ ئێمە دێتە بەرچاو: هاورێژەیی و شپرزی،توندوتیژی و چەوساندنەوە، رەگەز و جەستە، لەدایک بوون و مردن،رەش بینی و شێتیەک لەگەڵ نائومیدی‌دا و روانگەیەکی خەڵپەروەرانە...
گرۆتێسک پێوەندی قووڵی خۆی لەگەڵ گەلتوور و ئەزموونەکانی دەروونناسانەدا بەرۆژ کردوەتەوە و لەوێوە کە بنەمایان لەو ئەزموونانەدایە،بەشێک لە ژیانی ئەو پێکدەهێنن. " لە گرۆتێسکدا پێکەنینێک کە لە رووی بێ زەوقییەوە بێت ئامرازێکە بۆ دەربڕینی لاوازییەکان،کەم و کووڕییەکان،ناهاوڕێژەییەکان و بە ئاگاهێنانەوەی خوێنەر لە نشێوەکان،گەندەژەییەکان و خراپەکارییەکان. کۆمێدیای - چێخۆف و گوگول -یش دەبنە هۆی خولقاندنی پێکەنین لە ئێوەدا،بەڵام پێکەنینێک کە گرۆتێسک دەیدا بە ئیوە،پێکەنینێکی تاڵ و نەگریسانەیە بۆ وێران کردنی مرۆڤ". گرۆتێسک لەهەوڵی دەرچوون لە شێوازەکاندایە. کەڵەنووسەرانێک لە وێنەی شکسپیر،هۆگۆ،دیکێنز،کافکا، هیدایەت و تەنانەت خەییامیش لەم شێواازە کەڵکیان وەرگرتووە؛لە "لیرشا"ی شکسپیردا،تەڵخەک لاسایی شا دەکاتەوە و تەنانەت شا بە تەڵخەک ناوزەد دەکات.ئەمە پێچەوانە بوون و جێگۆڕکێی دۆخی کەسایەتییانە،کە گرۆتێسکە.
لەکاتێکدا کە دۆخی کۆمەڵایەتی تاکەکان وەردەگەڕێتەوە،قین و رق خۆی دەردەخات و لە راستیدا بۆ پیشاندەری چەمکە مرۆییەکان و پرس و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەستێنێک دەخولقێت.
کافکا لە رۆمانی "ئامریکا"دا بە بێ ئەوەی کە سەفەری بۆ ئەو ولاتە کردبێت،وێنایەک لەو وڵاتە دەدات بە دەستەوە کە رەخنەیەکە لە کۆمەڵگای کاپیتالیستی،ماشینی بوونی ژیان و نەشیاو بوونی تاکەکان لە کۆمەڵگای بوورژوازیدا. هەروەها لە "کوندەپەپووی کوێر" بەرهەمی سادق هیدایەت‌: کچی گەڕۆک دەبینین کە "ڕاوی" ئەوینداریەتی،بەڵام ڕاوی کچەکە دەکوژێت،و پارچە پارچەی دەکات و لە جانتایەکی دەخات تاکوو لە خاکدا بینێژێت و کەسانێک وەک گۆڕهەڵکەن،لاشە کێش و...لە کردەوەی ڕاوی بە ئاگان،ئەمەش لە خۆیدا گرۆتێسکە.
خەییام کەسایەتییەک بووە کە ویستوویەتی چێژ لەم جیهانە وەرگرێت،بەڵام هەمیشە هەناسەسارد و نائومێد بووە کە بۆ ناتوانێت بە شێوازی دڵخوازی خۆی بژی.
وا مانگەشەو وەسەر کەوت لە سووچی ئاسۆ
مەی تێکە بخۆینەوە شەوێکە و ئەمشۆ
دەس باوێ ملم، مەترسە مانگ ئاوا بێ
زۆر دێتەوە سەر بدا لە گڵکۆی من و تۆ(١)
لێرەشدا گرۆتێسکێک هەیە،بەو مانایەی؛مانگێک کە ئەم شەو لە ئاسماندا لە سەر سەری ئێمەدایە لەوانەیە بەیانی تیشک بهاوێتە سەر گۆڕەکەمان.
(١): دەقی وەرگێڕانی مامۆستا هەژارە بۆ ئەو چوارینەیەی خەییام .
ژێدەر: ن: فاطمە راستی یگانە- مجلە صحنە(فصلنامە تخصصی تئاتر) شمارە٦٩،ص ١١٦- ١١٨
ئەم بابەتە لە ژماری 85ی ئاسۆی رۆژهەڵات‌دا چاپ کراوە: