۱۳۹۱/۰۷/۰۷

خۆر و بەرەی گەمژەکان

خۆر بەرەی گەمژەکان
Jamshid Bahrami
خۆر و بەرەی گەمژەکان
جەمشید بەهرامی
ئاماژە:
چاوبەستراوەکان،چاوبەستێنراوەکان یان چاوبەندلێدان؛ نێوی بەرهەمێکی کاریکاتۆریی،هونەرمەند هادی حەیدەرییە کە لە رۆژنامەی شەرق‌دا بلاو بوویەوە، لەو بەرهەمەدا کەسانێک دەبینرێت کە لە کاتی هەڵاتنی خۆردا؛ یەک لە دوای یەک وەستاون و خەریکن چاوبەند لە چاوی یەکتر دەدەن.
هەر وەها کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا رەنگی دایەوە، دوابەدوای بڵاو کردنەوەی ئەو کاریکاتۆرە لە رۆژنامەی شەرق‌دا کۆمەڵێک بەرپەرچدانەوە بەروڕووی رۆژنامەکە و کاریکاتۆریستەکە بوویەوە.
مەحافزەکارانی کۆمای ئیسلامی و لە سەرووی هەموویانەوە سوپای پاسداران لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیەوە لە وێنەی " جوان آنلاین " هێرشی کردە سەر ئەو رۆژنامەیە و ئەو کاریکاتۆریستە، و لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵێک لە نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی سەر بە بەرەی موحافزەکاران دەستیان دایە هەڵمەتی واژۆ کۆردنەوە دژ بە رۆژنامەی شەرق و ئەو بەرهەمە هونەرییە.
رەخنەی بەرەی موحافزەکارەکان و سوپاسی پاسدارن پشتی بەوە بەستبوو کە گوایە ئەو بەرهەمە ئاماژەیەکی گاڵتەجاڕییە بە شەڕڤانانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، کە لەو سەردەمەدا پەڕۆیەکیان لە سەر تەوێڵیان دەبەست کە بە دروشمی " یا حسین " و درووشمگەلی لەو چەشنە رازێندرابوونەوە.
کۆمەڵێک لە کاریکاتۆریستە ناسراوەکانی ئێرانی لە وێنەی جەماڵ رەحمەتی، بوزرگمێهر حسەین‌پوور؛ لە پشتگیری نامەیەکدا پشتگیری خۆیان لە هادی حەیدەری دەربڕیوە. ئەو کاریکاتۆریستانە لە پشتگیری نامەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە؛ هیچ چەشنە هێمایەکی شەڕڤانەکانی سەردەمی شەڕ،لەو کاریکاتۆرەدا بەدی ناکرێت. 
هادی حەیدەری بۆ خۆی لە یاداشتێکدا بە هێنانە گۆڕی مەبەستی خۆی باس لەوە دەکات کە ئامانجی ئەو کاریکاتۆرە پێشاندانی " نەفامی "یە و هیچ ئامانجێکی دیکەی نەبووە، ئەو کاریکاتۆریستە لە درێژەدا دەڵێت؛ ئەو بەرهەمە کەسانێک پیشان دەدات کە لە رۆژی رووناکدا خەریکن چاوی یەکتر دەبەستن تاکوو رووناکایی خۆرەتاو نەبینن. هێرشی بەرەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر رۆژنامەی شەرق، لە ئاکامدا بووە هۆی داخرانی رۆژنامەی شەرق و دەست بە سەرکرانی بەرپرسی رۆژنامەکە و بانگهێشت کردنی هونەرمەند هادی حەیدری بۆ دادگا.
خوێندنەوە :
بێ گومان بەرهەمی هونەری رەنگدانەوەی ژیانی هونەرمەندە؛ ئەو کۆمەڵگایەی کە هونەرمەند ژیانی تێدا دەکات هەر هەمان کۆمەڵگایە کە خەڵکانی دیکە تێیدا دەژین، بەڵام هونەرمەند وەک چاوی تیژی بینی کۆمەڵگاکەی، لە رێگای هونەرەکەیەوە دیتران لە راستییەکان بە ئاگا دێنێتەوە.(بۆ درێژەی بابەت لیرە کرتە بکە)


کۆمەڵگای ئێستای ئێران پڕە لە کەسایەتییەکانی کاریکاتۆرەکەی هادی حەیدەری، کەسانێک کە توانایی بینی هیچ رووناکاییەکیان نییە.
لەو بەرهەمە هونەرییەدا خۆر دەوری سەرکی دەگێڕێت، خۆر هێمایەکەکی خوازەییە و مزگێنی بەخشی دوارۆژێکی روونە.
پرسۆناژەکانی نێو کاریکاتۆرەکەی هادی حەیدەری بریتین لە خۆر و کۆمەڵێک فیگۆری بە رواڵەت گەمژە و ساویلکە، کە خەریکن دژکردەوەیەک لە بەرامبەر هەڵاتنی خۆردا دەنوێنن.
کاراکتەرەکانی کاریکاتۆرەکەی حەیدەری لە دوو بەرە دان، خۆر لە لایەک و کۆمەڵێک کەسی ریزکراوی یەک لە دوای یەک؛ واتە هەمان پرۆتاگۆنیست و ئانتاگۆنیست، کە لە چیرۆکەکان، و شانۆنامەکان‌ و هتددا بە شێوازێکی کلاسیک لە بەرامبەر یەکدا دەوێستنەوە.
ئەو بەرهەمە ئاماژە بە دۆخێک دەکات کە خۆر ئەیەوێت لە کاتی هەڵاتن‌دایە و کاراکترەکانی بەرامبەر بە چاوبەندێکی رەشەوە هەوڵ دەدەن کە چاوی یەکتر ببەستن و خۆر و دواتریش رۆژی رووناک نەبینن. هەوڵێکی بێ ئاکام و پووچ، خۆ ماندوو کردنێکی ئەبزۆردی بەرەی گەمژەکان بۆ حەشاردانی خۆر تەنانەت لە بەرامبەری چاوی خۆیشیاندا.
دەتوانین بڵێین ئەم بەرهەمە هونەرییە، شەڕێکی بێ ئاکامە کە ئانتاگۆنیست لە بەرامبەر پرۆتاگونیست‌دا دەیکات.
ئانتاگۆنیست بریتییە لە کەسایەتی بەرامبەر یان رەقیب و دژە پاڵەوان، کە زۆر جار دوژمن یان کەسایەتێکی خراپەکارە. لە بەرامبەری ئانتاگۆنیستدا، پرۆتاگۆنیست کەسایەتی سەرەکییە کە خاوەن تواناییەکی زۆرە کە کارکردی ئەو توانایە خولقاندی هاوسەنگی دووبارەیە.
قاپێک کە هونەرمەند هەڵی بژاردووە بۆ بەرهەمەکەی قاپێکی ئەستوونییە(راوەستاو،عەموودی)، خۆر لە وێنەی پرۆتاگۆنیستێک لە خاڵی زێڕینی قاپەکەدایە؛ واتە لە سوچی چەپی سەرەوەی قاپ دایە و بەرەی ئانتاگۆنیست لە خوارتر لە خۆرەوە دەست پێدەکەن و تا نیوەی بەرەوسەری قاپەکە بەرەو سووچی سەرەوەی راست، لە پێرسپێکتیڤێکدا مەحو دەبنەوە.
پلانی خۆر بۆ لە ناوچوونی تاریکی بەس هەڵاتنە، لە بەرامبەردا پلانی ئانتاگۆنیست بۆ شەڕ کردن لەگەڵ خۆردا بەس خۆ خڵەتاندنە.
ئەوە سروشتی جیهانە کە کەڵگەتترین دیوارەکان رۆژێک هەر ئەبێ بڕمێن و درێژترین شەوەکانیش هەر کۆتاییان دێت و لە سپێدەیەکدا هێدی هێدی تاریکی بەرەو کۆتایی دەڕوات و خۆر سەر هەڵدێنێت و رووناکایی و گەرمی و ژیان دەبخشێتە تەواوی گیانلەبەرەکانی سەر گۆی زەوی، و تاریکی و هەبوونەکانی بەستراوە بە تاریکییەوە، رووناکایی مەحویان دەکاتەوە.
ئەو بەرهەمە ئاماژە بە کاتێک دەکات کە هاوسەنگی تێکچووە و پێش لەو چرکەیەی کە هونەرمەند کێشاویەتەوە، تاریکی باڵی بە سەر هەموو شتێکدا کێشاوە، ئانتاگۆنیستەکانی ئەو بەرهەمە ئەو کاراکتەرانەن کە خولقێنەری تاریکین یان پشت بەستوو بە تاریکین و ژیان لای ئەوان بەس بە تاریکی و رەشییەوە مانای هەیە، هەر بۆیە لە کاتی کێشماکش و گێرە و کێشە لەگەڵ پرۆتاگۆنیست واتە خۆردا، تەنانەت بە چاوبەندی رەشیش تاریکی دەکەنەوە بە یاری لە مێژینەی خۆیان.
گەمژەکان بە تاریکییەوە بوونیانیان هەیە و لایان وایە کە رووناکی پەردە لە سەر تەواوی گەندەڵییەکانیان هەڵدەداتەوە، لێرەدایە کە هونەرمەند بە ئاگا بوون لە دۆخی کۆمەڵگاکەی، بە باشترین شێوە دیت ئەو رووبەڕوو بوونەوەیە دەکێشتەوە و هەر دوو بەرەی کۆمەڵگا، لە راستییەکان بە ئاگا دێنێتەوە.
هەر وەها کە لە بەرهەمە کەیشدا بە روونی دیارە، پرۆتاگونیست واتە خۆر، بۆ بینەرخاوەنی زۆرترین دیالۆگە، هەر بەو پێیەش بەخشینی هاوسەنگی بەس لە توانایی ئەودایە، چونکوو بەس خۆرە کە زەمینە بۆ ئەوە خۆش کات کە کۆتایی بە تاریکی و ئاڵۆزییەکان بێت.
گرێکانی پێش چرکەی زەمەنی بەرهەمەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە؛ ئانتاگونیست بەس پشت بەستوو بە شانس و چارەنووس و هێزەکانی بەدەر لە خودی بووە کە پەیمانی لەگەڵ تاریکی‌دا بەستووە، و دیسانەوە بە دەرکەوتنی خور لێرەدا وەک هێمایەکی خوازەیی کۆتاییش بە هەموو ئەو هێزە پێدراوەی ئانتاگونیست دێت. لێرەدا ئانتاگۆنیست بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ چاو لە راستییەکان بقونجێنێ، هەر بۆیە لە مەترسی روون بوونەوەی راستییەکان بە کردەوەیەکی گەمژانە بە چاوبەندێکی رەش چاوەکانی دەبەستێت یان چاوەکانی بۆ دەبەستن.
بە بێ خۆر ئەو بەرهەمە هیچ مانایەکی نییە، پێش لە هەڵاتنی خۆر کاراکتەرەکانی دیکە رۆڵ و دۆخی تایبەتی خۆیان قەبوول کردووە، و ژیان لە تاریکییەکی قووڵ‌دا درێژەی بووە، بەڵام هەبوونی خۆر دەبێتە هۆی بەرهەڵست بوونی کاراکتەری بەرامبەر؛ هادی حەیدەری بە هێنانی خۆر هێز گوڕ دەبخشێتە ناوەرۆکی ئەو تەوەرەی کە دەیەوێت بیدات بە بەردەنگ.
دەرئەنجام : بەرهەڵستی بەرەی دەسەڵات بەرامبەر بەو کاریکاتۆرە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەرەی دەسەڵات لەو بەرهەمەدا، رەواڵەت و دژکردەوەی لەمێژینەی خۆی بەرامبەر بە هۆشیاری کۆمەڵگا دەبینێتەوە، بەرەی ئانتاگۆنیستی نێو بەرهەمەکە هەر هەمان کەسایەتییەکانی بەرەی دەسەڵات کە بە شێوەیەکی بەربڵاو هێرشیان کردە سەر خولقێنەری ئەو بەرهەمە هونەرییە.
دەسەڵاتی داسەپاو دوژمنی هەر جۆرە هۆشیارییەکی کۆمەڵگایە و بە هیچ شێوەیەک توانای بینینی هیچ چەشنە هۆشیارییەکی نییە. ئەو جۆرە بەرپەرچدانەویە کە لە بەرەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر ئەو بەرهەمەدا بینرا هەر هەمان چاوبەند لێدانە کە لە بەرهەمەکەدا دەبینرێت.
گرنگ ئەوەیە کە هونەرمەند بە بەرهەمە هونەریەکەی ئەرکی خۆی بە جێ هێناوە و رواڵەتی بەرەی دەسەڵاتی گەمژەی بەرجەستە کردوەتەوە، بەرهەمی هونەری لەو چەشنە پێویستی بە هیچ چەشنە لێکدانەوەیەکی چەواشەکارانە نییە، کە ببێتە هۆی بەلاڕێدا بردنی مەبەستی هونەرمەند، چونکوو بەرهەمەکەی خۆی بە روونی هەموو شتێکی لە خۆیدا گونجاندووە.