۱۳۹۲/۰۸/۱۱

هێماناسی لە سینەمادا

هێماناسی لە سینەمادا

و: جەمشید بەهرامی
 سینەما لە جیهانی ئەمڕۆدا، لە وێنەی دەقێکی هەمەلایەنە و بەربڵاو و میدیایەک بۆ گۆاستنەوەی مانا و نیشانەگەلێکە، کە نیشانەدانەر، لە بەرهەمی سینەماییدا بۆ بەردەنگی خۆی دابینی کردووە. ئەزموون و لێکدانەوەی بەرهەمەکانی ئەم میدیایە، بە هۆی پێشوازیی بەردەنگەکانی بۆ لێکۆڵەرانی پانتاییە جیاوازەکانی زانستی مرۆیی زۆر پێویستە.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی سینەمادا، ساڵانێک تاکە شێوازی لێکدانەوەی ئەم دەقە میدیاییە، روانینێکی جوانیناسانە بۆ فیلمە سینەماییەکان بووە. بەڵام ئەمڕۆکە شێوازی خوێندنەوەی سینەما بەم شێوازە نابەسترێتەوە.
وەرگەڕان لە روانینی بەس جوانیناسانەوە بۆ روانینی لێکدانەوەیی – لێکدراوەیی، وەک هێماناسی و لێکدانەوەی چیرۆکینی دەقە سینەماییەکان، بەرهەمی تێکۆشانی شەبەنگێکی بەربڵاوی بیرمەندانی پانتاییە جیاوازەکانی وەک زمانناسان، کۆمەڵناسان، مرۆڤناسان و رەخنەگرانی ئەدەبی و سینەمایی بووە. لە زۆربەی ئەم شێوازانەدا هەوڵ دەدرێت بە بەکار هێنانی شێوازی وێکخستنی ( وەک وێکخستنی زمانناسی لەگەڵ لێکدانەوەکانی فیلم یان بە کار هێنانی ئامرازەکانی کۆمەڵناسی و بابەتگەلێکی لەم دەستەیە  ) بە لێکدانەوەکانی تێکەوەچووی زانستە جیاوازەکان بگەین. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
لەم نێوانەدا هێماناسان و تەنانەت کۆمەڵناسان زۆرتر ئەم بانگەشەیە گەڵاڵە دەکەن کە: جوانیناسان، لە شرۆڤەی دەقە هونەرییەکاندا، لە نیشانەکان و ماناکانی هەبوو چاو دەپۆشن و بەردەوام ئاوڕ لە لێکدانەوەی رەهەندەکانی جوانیناسانەی دەق دەدەنەوە؛ و لە دەرئەنجامدا نیشانەکانی پێوەندیدار بە رەهەندگەلی فیکری، کولتووری و کۆمەڵایەتی دەق لە بەر چاو ناگرن و سەرنجێکی ئەوتۆ نادەنە پێکهات و رووبەری خولقێنەر و رێ‌نیشاندەری ئەم دەقانە.
یەکێک لە ئامرازە گونجاوەکان بۆ لێکدانەوەی دەقە سینەماییەکان لە داڕشتنێکی سەرتر لە روانینی بەس‌ جوانیناسانەدا، بە کار هێنانی شێوازی هێماناسی‌یە. ئەم شێوازە ئەمڕۆ لە ئاکامی هەوڵە بەربڵاوەکانی بیرمەندانێک وەک "رۆلان بارت"، "کریستیەن مێتز"، "پیەر پاولۆ پازۆلینی"، "ئۆمبێرتۆ ئێکۆ" لە بازنەی توێژینەوە سینەماییەکاندا بوەتە پانتاییەکی توێژینەوەیی تۆکمە و دەوڵەمەند.
بەرهەمی ئەم بیرمەندانە بۆ ئەندیشەکانی بیرمەندی زمانناسی سویسری "فردیناند سۆسۆر" دەگەڕێتەوە ؛ سۆسۆر کە بناخەداڕێژەی ئەم زانستەیە، پێی وایە هێماناسی، زانستی ژیانی هێماکان لە پێکهاتی کۆمەڵایەتی‌دایە و ئەم چەمکە وەک زانستێکی گشتی بریتی لە زمانناسی لێکدەداتەوە و لە سەر ئەو بڕوایە کە بەشێک لەم زانستە  گشتی‌یە - سەبارەت بە هێماکان - ئاوڕ لە زمانناسی و شیوازەکانی دەداتەوە.
"سۆسۆر" ئامرازگەلێکی تێگەیشتنی زۆر لە بار، لە بەر دەستی بیرمەندانی هێماناس‌دا دادەنێت، کە دەکرێ لە تەواوی لایەنەکانی توێژینەوەی هێماکاندا کەڵکی لێوەربگیردرێت.
بەدەستەخۆ بوونی هێماکان، پێکهاتەی هۆکار و بەرهۆی هەبوو لە هێماکان و تەوەرەکانی لێکدانەوەیی جێگریی و هاونشینی، لە پەنای لەبار کردنی لێکدانەوەکانی هاوکاتدا، بەشێک لە دەرفەتەکان و تواناییگەلێکن کە "سۆسۆر" بۆ لێکدانەوە هێماناسی پێکی دەهێنێت. لێهاتوویی بە کارهێنانی ئەم توخمانە لە پانتاییگەلی توێژینەوە بەربڵاوترەکاندا، بوەتە هۆی ئەوەی کە هێماناسی لە پانتایی بەربەستی توێژینەوەی زمانناسیدا بڵاوە بکات و دەستی بە پانتاییگەلی بەربڵاوتر رابگات، کە دەکرێ وێنەی هەرە بەرچاوی، لە بەرهەمەکانی "رۆلان بارت"دا ببینرێت (وەک لێکدانەوەی زمانی جل و بەرگ و سیستەمی خواردن).
بەم پێیە هێماناسی، بەستێن،دەرفەت و توانایی پێویستی توێژینەوەی گونجاوی بۆ لێکدانەوەی فیلم پێک هێناوە. چونکوو هەر رەخنەیەک بەپێویست، بە زانینی واتای دەقێک و توانایی لە خوێندنەوەیدا پشت ئەستوورە؛ خوێندنەوەی دەقێک چشتێکی سەرتر لە دۆزینەوەی ڕەمزی نیشانە و مەبەستەکانی دەقێک لە چوارچێوەی هێمانکاندا نییە و هێماناسی هەلێکی ئاوەها بۆ بەردەنگ و توێژەری ئەم پانتاییە دەڕەخسێنێت تاکوو دەق بخوێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە هێماناسی بە رەخساندنی دەرفەت بۆ ئاراستەی لێکدانەوەگەلی سیستماتیک لە دەقە سینەماییەکاندا، پێکهاتنی رەخنەی تۆکمە و سیستماتیک دابین دەکات. لە پانتایی بەربڵاوی توێژینەوەی هێماناسیدا، بەشێکی هەر زۆری توێژینەوەکان ئاوڕ لە رەوتی وەرگرتنی نیشانەکان و تێگەیشتن لە ماناکانی هەبوو دەدەنەوە، و بەشێکی دیکەش ئاوڕ لە شرۆڤەی پێکهاتەکانی هێماناسانەی هونەرگەلێک وەک سینەما، مۆسیقا، شێوەکاری، وێنەگری و پەیکەرسازی دەدەنەوە.
بەڵام هێما چییە، هێماناسی چییە؟ و چۆن دەکرێ لە توێژینەوەی فیلمە سینەماییەکاندا کەڵکیان لێوەربگیردرێت؟ "ئۆمبێرتۆ ئێکۆ" هێماناسی بە تەواوەی ئەو شتانەی دەزانێت کە شتێک بە شتێکی دیکە دەناسێنێت، هەڵبەت ئەم ناساندنە بە پێی بڕیاڕێکی کۆمەڵایەتی و لە پێشترەوە دابین کراو دەبێت؛ ئەم پێناسەیە لە هێما، خاڵگەلێکی لەگەڵ خۆیدا هەیە: یەکەم ئەوەی کە لە هێماناسیدا تایبەتمەندی سەرەکی و زۆر گرنگ ئەوەیە کە بەردەوام چەمکێک لە جێگای چەمکێکی دیکە بە کار دەبرێت، خاڵی دووهەم ئەوەیە کە هێماکان خاوەنی لایەنێکی کۆمەڵایەتین؛ بەم مانایە کە لە روانگەی کۆمەڵایەتییەوە جۆرێک هاودەنگی لە مەڕ جێگیربوونی بەشێک لە ماناکان لە جێگای بەشێکی دیکەدا بوونی هەیە. بەڵام خاڵی دووهەم کە لە باسەکەی "ئیکۆ"دا دەبینرێت، وەک خاڵێک لەگەڵ هاودەنگی زۆربەی هێماناسەکاندا یەک ناگرێتەوە. "پیەرس" پێی وایە، هەر شتێک کە بە هەر شێوەیەک رێ نیشاندەرێک بێت بۆ شتێکی دیکە، جگە لە ئاسایی بوون یان بڕیاری بوونی "هێما" یە. "پیەرس" جۆرەکانی هێما، بە سێ دەستەی سەرەکی‌ " روخساری، نواندنی، دیاردەیی" دابەش دەکات:
هیماکانی روخساری: بە پێی لێکچوویی هێماکان لەگەڵ تەوەردا، دێنە ئاراوە.
هێماکانی نواندنی: وەک جۆرێک پەیوەستەیی مانایی لە نێوان تەوەر و هێماکاندا بوونیان هەیە.
هێماکانی دیاردەیی: ئەم هێماگەلە زۆرتر پشتبەستوو بە بڕیاڕە کۆمەڵایەتییەکانن.
لەم نێوانەدا "سۆسۆر" وەک بناخەداڕێژەری روانینی پێکهاتەگەرا بۆ هێماناسی، بەس بڕوای بە لایەنی دیاردەیی هێماکان بوو، "سۆسۆر" بەس ئەو دەستەیە لە هێماکان کە سەرچاوەیەکی بڕیاڕی‌یان هەبوو لە بازنەی هێماکاندا دادەنا، کە لە پۆلێن بەندیەکەی "پیەرس" بۆ هێماکان، بەس دیاردەکان بەشێک لەم دەستەیە بوون. چونکوو بە پێی پۆلێن بەندی "پیەرس"، بەس هێما دیاردەییەکانن کە شیاوی رەوتی واتا و لێکدانەوە و تێگەیشتنە جیاوازەکانن.
هەندێ کەس بە هۆی تایبەتمەندی دیمەنیی و لێکچوویی هێماکان لە گەڵ تەوەردا، جۆرە هونەرییەکانی وەک سینەما، وێنەگری و شێوەکاری لە دەستەی هێماکانی روخساریدا پۆلین بەندیان دەکەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە سەرنجدانێکی خێرا بۆ ئەم سێ هونەرە، بە تایبەت بە پێی تایبەتمەندی لێکدانەوەیی و نیشانەیی بوونی ئەو هونەرانە، دەکرێ ئەمانە لە گەڵ تایبەتمەندیەکانی دەستەی "هێماکانی دیاردەیی"دا بەراورد بکەین.
"پیتەر ڤۆلەن" لە سەر ئەو بڕوایە کە لە راستیدا، دەوڵەمەندی جوانیناسی سینەما بۆ ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە کە، لە سینەمادا سێ رەهەندی هێما بوونی هەیە: (نواندنی، روخساری، دیاردەیی).
ئەو پێی وایە، لاوازی هەرە بەرچاوی ئەو کەسانەی کە سەبارەت بە سینەما نووسیویانە، ئەمەیە کە، یەکێک لەم رەهەندانەیان لە بەر چاو گرتوو، و سەرەتا لە پانتایی جوانیناسی‌دا لێکدانەوەیان بۆ ئەم رهەند کردووە و دواتر لە وێنەی گەوهەری سروشتی سینەما دەستنیشانیان کردووە، لە هەمان کاتیشدا خاڵەکانی دیکەیان لە بەر چاو نەگرتووە.
هەنووکە لە بازنەی دەقە سینەماییەکان و لە سیستەمی رێ نیشاندەری ئامادە لە دەقە سینەماییەکاندا، ئێمە لە شتێک کە بوونی هەیە (نیشانە)، بە خاڵێک کە بوونی نییە (مەبەست، مانا و تێڕوانی زەینی) دەگەین. خاڵێک کە لێرەدا گرنگی هەیە، سەرنجدان بە لایەنی چەند مانایی بوونی نیشانەیە، بەم مانایە کە نیشانە هیچکات بەس خولقێنەری یەک مەبەست و یەک مانای دیاریکراو نییە، بەڵکوو بەردەوام نیشانە خولقێنەری مەبەستگەلێکی جۆراوجۆرە و لە هەمان کاتیشدا دژ بەیەکە، و ئەم بەشە لە سیستەمی رێ نیشاندەرییە کە تایبەتمەندی رەوتی واتا و لێکدانەوەیی بوونی دەخولقێنێت.
ئەم روانینە ئێمە لە روانینی پاش‌پێکهاتەگەرا، نزیک دەکاتەوە، کە هەڵبەت ئەمە سنووردار ناکرێتەوە بە بازنەی توێژینەوەی فیلمە سینەماییەکان، بەڵکوو لە دەقە نووسراوەییەکان و هەر وەها لە دەقەکانی زمانناسانەشدا هەر وایە.
بەڵام باسی کێشماکێش خولقێن لە بازنەی هێماناسی سینەمادا دەگەڕێتەوە بۆ هەڤبەری دوو لایەنەی سۆسۆری، "لانگ/پارۆڵ". لانگ واتە یاسای نەگۆڕ و پەیوەستەی زمان/ پارۆڵ واتە گوتار، مەبەست لە بە کارهێنانی زمان لە هەر تاکێکدا.
"سۆسۆر"، "لانگ"ی بە پێکهاتەی گشتی زمان پێناسە دەکرد، کە جگە لە بە کار هێنانی تاکیی لە چوارچێوەی "پارۆڵ"دا بوونی هەیە. بەم پێیە، پرۆژەی زمانناسی فیلم لە دووی ئەوەیە کە پێگەی فیلم لە وێنەی زمانێک لە لێکدانەوەکانی خۆیدا روون بکاتەوە.
"بارت" بە ئاکامێکی جیاواز لە "سۆسۆر" گەیشت؛ ئەو پێی وا بوو کە دەکرێ بە شێوازێکی باشتر، هێماناسی بە بەشێک لە زمانناسی یان بە پێچەوانەوە زمانناسی بە بەشێک لە ‌هێماناسی بزانین. بەم پێیە زمان دەبێت بە گشتی‌ترین و ئاڵۆزترین سیستەمی دربڕینی، کە هەموو شتێک لە خۆ دەگرێت؛ سەرە ڕای ئەمە ئەزموونی هەر کەسێک نیشان دەدات کە ئاڵۆزی مانا لە رێگای دیمەن و بە شێوازێکی جیاوازەوە دەکرێ بگواسترێتەوە.
بەم پێیەیە "کریستیەن مێتز" - کە بە یەکێک لە قوتابیانی "بارت" دێتە ئەژمار - سینەما بە زمانێک دەزانێت نەک سیستەمێکی زمانی(لانگ)؛ و لە سەر ئەو بڕوایە کە ئەم زمانە خاوەنی هیچ یەکەیەکی بچووکیش نییە. بەڵام وەک زمانێکی بێژەکراو ناکرێت بۆ نیشانەگەلێکی بەر لە خۆی بگەڕێندرێتەوە.
بە پێی روانگەی "مێتز"، زمانی فیلم خاوەنی دەستەوشە و رێزمانێکی لە پێشەوە دابین کراو نییە. بەڵام لە چەند هێڵی جیاواز پێک هاتووە: دەنگی تۆمار کراوی گوتار، دەنگی تۆمار کراوی دەورووبەر، دەنگی تۆمار کراوی مۆسیقا و نووسین.
سەرە ڕای هەمووی ئەم شرۆڤانە، سیستەمی تێگەیشتنی "مێتز" و هەوڵەکانی بۆ رێکخستنی سیستەمێکی هێماناسی رێک و پێک لە توێژینەوەی سینەمادا تووشی ناکامی دەبێت و رووبەڕووی کۆمەڵیک پرسیاری هەرە زۆر دەبێتەوە کە ئاوەها روانینێک پێکی دەهێنێت. یەکێک لەو پرسیارانە، دەگەڕێتەوە بۆ پۆلێن بەندی دوو لایەنەی "بارت" بۆ ماناکانی ئاشکرا/وێڕایی، کە "مێتز" توانایی روون کردنەوەی نییە و خودی ئەم دووانە دژ بەیەکە بەر بە تێنەگەیشتنێک دەگرێ. چونکوو لە راستیدا بە هۆی مانا وێڕاییەکانەوەیە کە دەکرێ دەقێکی دەوڵەمەند لە دەقێکی ئاسایی جیا بکەینەوە.
تیوریداڕێژەرانی هێماناسی لە سەر ئەو بڕوایەن، شەش سیستەمی هێماناسی لە سینەمادا بوونی هەیە، کە شرۆڤەی کارکردەکانی ئەو سیستەمانە بۆ ناسینی سینەما و رێ نیشاندەرییەکانی سینەمادا رێخۆشکەر دەبێت:
دەستەی یەکەم، سیستەمی هێماکانی وێنەیی‌یە، ئەم دەستەیە زۆرتر ئاماژە بە کارکردی هێماکانی روخساری دەکات.
دەستەی دووهەم، سیستمەی هێماکانی جووڵاوە، کە زۆرتر ئاماژە بە جووڵەکانی کامێرا،بڕگە بڕگە کردنی فیلم و مۆنتاژ لە سینەمادا دەکات.
دەستەی سێهەم، سیستەمی هێماکانی زمانناسانەی وێژەیی‌یە، کە بریتییە لە پێگەی وتە، زمانی وێژەیی، وتووێژ و شرۆڤە دەرەکییەکان لە سینەمادا.
دەستەی چوارەم، سیستەمی هێماکانی زمانناسانەی نوسینی‌یە، کە بریتییە لە بەشێکی بەربڵاو لە کارکردی نووسین لە سینەمادا، سەردێڕبەندی فیلم، ژێرنووس تاکوو سەردێڕی فیلم و هێماکانی نووسینی نێو پێکهاتەی فیلم.
دەستەی پێنجەم، سیستەمی هێماکانی فۆنێتیکی نازمانناسانەیە، کە بە جۆرە جیاوازەکانی دەنگ و بە پێگەی دەنگە ئاساییەکان لە سینەمادا ئاماژە دەکات.
دەستەی شەشەم، سیستەمی هێماکانی مۆسیقایی‌یە، کە بریتییە لە مۆسیقای فیلم، مۆسیقای سناریۆ، هەموو جۆرەکانی مۆسیقای نێو فیلم.

سەرچاوە:
ن:زهرا سخی
http://www.hamshahritraining.ir/news-3077.aspx
--------------------------------------------------------
ئەم بابەتە لە ژمارەی ٩٦ی ئاسۆی رۆژهەڵاتدا بڵاو کراوەتەوە.
لینکی ئەم بابەتە لە سایتی ئاسی رۆژهەڵاتدا:
http://asoyroj.net/kurdish/detail.aspx?=hewal&jmara=3408&Jor=10