۱۳۹۱/۱۲/۱۲

"رۆژ و شەو"

"رۆژ و شەو"
بریژیت ژیرۆد
و: جەمشید بەهرامی
ئاماژە :
 بریژیت ژیرۆد
Brigitte Giraud لە ساڵی ١٩٦٠ لە ئەلجەزیرە لە دایک بووە، لە ئێستادا لە شاری لیۆنی فەڕانسا ژیان دەکات، دوای ئەزموون کردنی ئیش گەلی جۆراوجۆر وەک کتێب فرۆشی، رۆژنامەنووسی و وەرگێڕان، هەموو ژیانی بۆ نووسین تەرخان کردووە.
بریژیت ژیرۆد بەس یەک کۆمەڵە چیرۆکی لە ژێر ناوی " ئەوین زۆریش بە نرخ نییە " بڵاو کردوەتەوە، و چیرۆکی " رۆژ و شەو " یەکێکە لە چیرۆکەکانی ئەو کۆمەڵە چیرۆکە.
ژیرۆد بە هۆی نووسینی چیرۆکی رۆژ و شەو لە ساڵی ٢٠٠٧ براوەی خەڵاتی کنگۆر لە بەشی کورتە چیرۆکدا بوو. ژیرۆد پێش لەم کۆمەڵە چیرۆکە پێنج رۆمانی بڵاو کردبووەوە؛ ژووری دایک و باوک (١٩٩٧)، لە ئێستادا (٢٠٠١)، خێزاوی رەش (٢٠٠٤) و فێر دەبین (٢٠٠٥) و ساڵێکی سەیر (٢٠٠٩).
بریژیت ژیرۆد بە هۆی نووسینی رۆمانی " ساڵێکی سەیر " خەڵاتی ژان ژیۆنۆی پێ بەخشرا.
دونیای چیرۆکەکانی برێژیت ژیرۆد زۆر تایبەتە و زۆرتر جەخت لە سەر ژیانی رۆژانەی شارنشینی و جۆری پێوەندی نێوان مرۆڤەکان دەکات. لە روانگەی ئەودا، زمان پێوەندیەکی هێمایی هەیە کە مرۆڤەکان ونیان کردووە و لەم رووەوە ناتوانن کەڵکی لێ وەرگرن.
کەسایەتی چیرۆکەکانی ژیرۆد، لە دووپات بوونەوەی ژیانی رۆژانە بێزارن و پەنا دەبەنە یەکدی،تاکوو لە ژێر زەخت و گوشاری ژیان دەرباز بن، بەڵام ئەم هەوڵدانە بێ ئاکامە؛ کەسەیەتیەکانی ژیرۆد لە کۆتاییدا هەمیشە لە بەرامبەر دنیایەکدا کە بۆتە هۆی دیل بوونیان، تەنیا دەمێننەوە.
ئەوەی کە لە درێژەدا دەخوێننەوە چیرۆکی رۆژ و شەو بەرهەمی بریژیت ژیرۆدە.

"رۆژ و شەو"
لە لووتکەی ئالۆزییەکاندام، ئێستا زەمەنێکە کە سەرم لێشێواوە، چونکوو هەنووکە دوو دڵم، نازانم ماڵەکە بە جێ بهێڵم یان نە، تۆ ئەتەوێ کە من لە نێوان رەنگی ئۆخرایی١ و رەنگی زیخ یەکێکیان هەڵبژێرم.(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

دەبینی کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی لە ژووری نوستنەکەمان دێمە دەرەوە، بە رواڵەتێکی لار و لوێر لە ژێر زەختی تێکۆشین بۆ دۆزینەی وشەگەلێک بۆ دەربڕینی پەژارەیەک کە دەمانخنکێنێت، و دیسان هەڵمدەنێی هەڵبژێرم : رەنگی ئۆخرایی یان رەنگی زیخ. ئەمەش دەڵێی کە دەبێ پەردەی بەردەم دووشی٢ حەمامەکە بگۆڕم و کەسێک بهێنم بۆ چاککردنەوەی بۆیلەرەکە٣.
دەڕوانم بۆت و دەڵێم نازانم، کاتێک دەمبینی چشتێک نییە هەڵیبژێرم،منێک کە هیچ کات هیچ شتێک ناسپێرمە دەست قەدەر، سەرت سووڕ دەمێنێ.
ئەلبۆمی نموونەی رەنگەکان لە سەر مێزی مەتبەخەکە(ئاشپەزخانە) دادەنێیت، لە پەنای پەرداخە قاوەکەی مندا، و چاوێک بە هەموو رەنگە شیاوەکاندا دەخشێنی. ئۆخرایی، رەنگی زیخ یان لانی کەم زەعفەرانی، دوو دڵیت، لە پەنجەرەکەوە نزیک دەبیتەوە تاکوو لە رووناکایی رۆژدا لێی بکۆڵیتەوە.
دەڵێیت دەبێت ئۆخرایی لەگەڵ رەنگێکی بێ بار وەکوو سیرامیکدا تێکەڵ بکرێت، لە من دەپرسی ئەمە بیرۆکەیەکی باش نییە؟ من گێژ و وێژم، بە هۆی ئەوەی کە تۆ بۆ هەڵبژاردنی رەنگێک کە بێگومان قەد نابینرێت ئەو هەمووە هێز و توانا بە فیڕۆ دەدەی منیش هەروەها وەڵام نادەمەوە، دڵنیام دەکەیتەوە و دەڵێیت ئەگەر ئاوەها بە باش دەزانم رەنگێکی دیکەش هەیە، لە مارکێکی دیکەدا.
دەڵێم بۆ دیتنی رەنگەکان کات هەیە، پەلە کردنێک لە ئارادا نییە، زیادی دەکەم، ئێمە کێشەگەلێکی تۆکمە و مەترسیدارمان هەیە کە دەبێت چارەسەریان بکەین.
ئاماژە بە شەوی رابردوو دەکەم، بەو قسانەی کە لە نێوانماندا هاتە ئاراوە، وتەگەلێک لێوانلێو لە سەرکۆنە و دڕدۆنگی. دەڵێم گرنگایەتی نادەم بەو شتەی کە ئێستا روو دەدات. تۆ دەگەڕێیتەوە بۆ حەمامەکە تاکوو دیوارەکان بپێوی، مەزەندەی دەکەی کە دەبێ چەند بتڵ رەنگ بکڕی. هەموو شوێنک بە دووی میترەکەدا دەگەڕێی، لە ناوەڕاستی مەتبەخەکەدا سندۆقی ئامێرەکان دەکەیتەوە و هەموو شتێک هەڵدەڕێژی: پلایس،هەمۆر،دەڕنەفیزەکان(پێچ کوشتی)، چونکوو لە ماڵەوەدا من جێگای هەموو شتێک دەزانم لە من دەپرسی کە میترەکەم لە شوێنێک نەبینیوە؟
دەرگای حەمامەکە دەکەیتەوە و دەیبەستیتەوە، بەردەوام دەڕۆیت و دێیتەوە،لە کاتێکدا کە من لە مەتبەخەکەدام و دەستەکانم لە دەوری پەرداخە قاوەکەدا گەرم دەکەمەوە، رووناکی دەدات لە چاوەکانم و مەعیدەم ژان دەکات.
بۆ رەنگەکە دڵنیا نیت، تەنانەت دەتەوێ بزانی رەنگی بێ بریقە هەڵبژێرم یان رەنگی بریقەدار.
دەستت بە سەر دیواری مەتبەخەکەدا دەخشێنی، درووست ئەو شوێنەی کە روانینم دیهەوێ بوەستێت و بێ جووڵە بێت، لە پەنای ئەو رۆژمێرەی کە دیدارەکانمان و بەرنامەکانمانی لێ دەنووسم، دەست دەساوی بە دیوارەکەدا و بەو ئاکامە دەگەی کە رەنگی بریقەدار هەڵبژاردنێکی باش دەبێت.
چاوەڕوانی پەسەندی منی و من ئەڵێی بە بێدەنگیەکەم مۆرکی پەسەندم لەو شتەی‌دا کە تۆ گوتت و بە رواڵەت ئەو مۆنۆلۆگەی کە تۆ دەیڵێیت من پێم ناخۆش نییە.
هەروەها ئامێرە هەڵڕژاوەکان وێڵ دەکەیت. مێزەکە خاوێن دەکەمەوە، تۆ بە پێوانی دیوارەکانی حەمامەوە سەرقاڵی و من بۆ خۆشۆردن دەبێ چاوەڕوان بم. بە من دەڵێی بە پەردەیەکی جوان بە رەنگی تیژەوە، بۆ وێنە سوور، حەمامێکی شادتر و بە کەیفترمان دەبێت.
ئۆخرایی و سوور، لەوانەیە هنێدێک لە زەوق بدات، نە؟ ئەمە تۆ دەپرسی.
پێداگری لە سەر بێدەنگییەکەم دەکەم، بەس دەڵێم خەریکە کات تێدەپەڕێت و من دەبێت پەلە بکەم. دواتر دەبیستم کە تەلەفۆن دەکەی، مەوعیدێک بۆ چاککردەنەوەی بۆیلەرەکە دادەنێیت. لە من دەپرسی چوارشەممەی داهاتوو، نیوەڕۆ، بۆ من گونجاوە؟
ناچارم وەڵام بدەمەوە، وەستای بۆیلەرەکە لە سەر هێلی تەلەفۆنەکە چاوەڕوانی وەڵامە، بە پێچەوانەی حەزی خۆمەوە دەڵێم، بەڵێ گونجاوە.
دەڵێم بەڵێ و بیر لەوە دەکەمەوە کە لەوانەیە چوارشەممەی داهاتوو لێرە نەبم، پێم خۆش نییە جل لە بەر کەم، دەبێت بڕۆم بۆ قوتابخانە بە شوێن منداڵەکاندا.
لە سەرلەبەیانیە بە فیڕۆچوەکان بێزارم، هیچم نەکرد. تۆ لە ناوەڕاستی داڵانەکەدای و من نامهەوێت لە پەناتەوە تێپەڕ بم چونکوو دەتوانی خاولیە باڵتاویەکەم بدەیتە لاوە بمنووسێنی بە دیوارەکەوە گوایە هیچ رووی نەداوە.
لە کاتێکدا هەر ئەم چەند کاتژمێرەی پێش ئێستا دەمهەویست هۆکاری دۆڕاندنەکەمان شی بکەینەوە. لە خۆم دەپرسم وتەکانی دوێنێ شەو چ کاریگەریەکی لە تۆدا هەبووە، چونکوو ناکرێ شتێک لە نیشانەکان و کاردانەوەکانی ئەو قسانە لە تۆدا ببینرێ، لە خۆم پرسی من نازانم بڵێم یان تۆ نازانی ببیستی؟
دڵنیا نیم کە دوێنێ شەو بە یەک زمان لەگەڵ یەکدا قسەمان دەکرد. بەم حاڵەوە من هەموو وشە گرنگەکان بۆ خولقاندنی رستەیەکی ساکار، روون، بە کار دەهێنم ، رووبەڕووی تۆ بەڵام بە بێ توندوتیژی تاکوو بزانی چیتر ئەم ژیانە بە کەڵکی من نایەت.
تاوانبارت ناکەم، بەس لێت دەپرسم کە چ هەستێکت هەیە، دواتر تۆ قسە دەکەی، روانگەکەت دەڵێی، نەختێک دەنگ بەرز دەبێتەوە، ددان بە جەرگدا دەنێین چونکوو منداڵەکان لەو نزیکاییەوە خەوتوون.
من دیسان دەست پێدەکەمەوە، دەمهەوێت هەندێ دەنگ هەڵبڕم، دەمهەوێت  بگەمە پرسی سەرەکی، بەڵام ناتوانم ئاوەها زوو دەست بدەمە کارێکی مەترسیدار، رێ چۆڵ دەکەم بۆ تۆ کە درێژە بە قسەکانت بدەی، هەر ئەوانەی وا پێشتر گوتبووت دووپاتی دەکەیتەوە، و بێگومان منیش هەروەها؛ هەر کامەمان لە بدندیخانەی مەنتیق و شیوازی بیرکردنەوەی خۆیدا دەستبەسەرە، وتووێژەکەمان دەبێت بە دوو مۆنۆلۆگ کە بێ ئاکام دەسووڕێنەوە.
من لە دڵ نزیک دەبمەوە، لە ئەوین، بەس ئەو شتەی کە لام گرنگە، دەمهەوێت بزانم کە هەنووکە منت خۆش دەوێ. هەر جارە و هەمان شت روو دەدات، لە ناکاو بێدەنگ دەبیت، هەر چێ زۆرتر قسە دەکەم، تۆ زۆرتر لە خەودا رۆ دەچی.
لە پڕدا قسەکانم دەبێت بە بەهێزترین دەرمانەکانی خەو. دەڵێم بەم زوانە بە جێت دێڵم و تۆ چاوەکانت دەنووقێنی. چاوەڕوانی وەڵامێکم بۆ پرسیارەکەم و تۆ بە راستی خەوت لێکەوتووە، بە هەموو بوونتەوە هەناسە هەڵدەکێشی، دکوژێیتەوە وەک ئەوەی کە بڵێی ئامێرێکی کارەبایی، لە ناکاودا کارەبای لێ ببڕێت. دوا بە دوایدا، بە خێراتر هەناسە هەڵدەکێشی، و سەرلەبەیانی، دەتەوێ کە من لە نێوان رەنگی زیخ و رەنگی ئۆخراییدا یەکێکیان هەڵبژێرم. لە من دەپرسی حەوتووی داهاتوو چی دەکەین، چ رۆژێک دایک و باوکت داوەت کەین. لە رۆژانی پشوودا بۆ کوێ دەچین، شەوی سەری ساڵ چ دیاریەک دەدەین بە منداڵەکانمان. 
خوێندەنەوەیەکەی کورت بۆ چیرۆکی رۆژ و شەو:
مرۆڤی مۆدێرن لە کۆمەڵگای مودێرندا ئەوەندە لە تاکگەرایی‌دا رۆچووە کە دڵەراوکێکانیشی بەس بەستراوەتەوە بە ژیانی رۆژانەی خۆیەوە. لەو کۆمەڵگایەدا هۆکارێکی گچکە و وردە دەبێتە هۆی خولقاندنی دڵەڕاوکێیەکی زەبەلاح.
لە پشتی ئەو دڵەڕاوکێ زەبەلاحەوە وردە کێشەی ژیانی رۆژانە خۆی حەشار داوە و هەر ئەوە دەبێتە هۆی بەرەو داڕمان چوونی ژیانی هاوبەشی تاکەکان تاکوو تاک زۆرتر لە تاکگەرایی‌دا رۆبچێت.

ژیرۆد لە چیرۆکی رۆژ و شەودا وردە کێشەیەکی رۆژانەی تاکێک لە کۆمەڵگایەکی مودێرندا دەکاتە دەستپێک و گرتەیەک لەو ژیانە دەخاتە بەر دیدی خوێنەر و هەر بەو دڵەڕاوکێیەوە کۆتایی پێدێنێت.
نووسەر، بۆ گێڕاننەوەی چیرۆکەکە لە تکنیکی مۆنۆلۆگ کەڵکی وەرگرتووە، ئەویش مۆنۆلۆگ لە زمانی کەسایەتی سەرەکییەوە؛ بۆ نووسەر خودی ژیانیش مۆنۆلۆگێک زیاتر نییە.
چیرۆکی رۆژ و شەو بە مۆنۆلۆگی کەسایەتی سەرەکی چیرۆکەکەوە دەست پێدەکات، کەسایەتی سەرەکی چیرۆک لە کاتێکدا کە باس لە هەنووکە دەکات خۆی لە لووتکەی ئالۆزییەکانیدا دەبینێت، بنەمای دڵەڕاوکێی کەسایەتی ئەوەیە کە نازانێت کە ماڵەکە بە جێ بهێڵێت یان بە جێی نەهێڵێت.بۆ خوینەرێک کە لەو کۆمەڵگایەدا نەژیاوە هۆکاری بە جێهێشتنی ماڵەکە وردەکێشەیەکی زۆر سادە و ساکارە، بەڵام لای کەسایەتی نێو چیرۆکەکە کێشەیەکی زۆر زەبەلاحە.
پرسیاری سەرەکی لای خوێنەر ئەمەیە:بۆ دەبێ تاک تا ئەو رادەیە بە وردە کێشەوە ژیانی بتلێتەوە،بەو چەشنەی کە ژیانی بەرەو داڕمان ببات؟
بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئەو پرسیارە ئەم دێڕە لە چیرۆکەکەیە کە پەیامی سەرەکی ژیرۆدە: "هەر کامەمان لە بدندیخانەی مەنتیق و شیوازی بیرکردنەوەی خۆیدا دەستبەسەرە".
وەک خودی نووسەر دەڵێت لەو کۆمەڵگایەدا و لە ژیانی رۆژانەی تاکەکاندا، وتووێژەکان دەبێت بە دوو مۆنۆلۆگ.
---------------------------------------------

١  ئۆخرا؛ خۆڵێک بۆ پێکهێنانی رەنگی جۆرا و جۆر، بە رەنگی زەردی ئاماڵ سوور.
٢  دووش : لە بنەڕەتدا وشەیەکی فەڕەنسیە بە مانای بەلووعەی حەمام، کە لەودا لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەپژێنێ و لە ژێریدا خۆ دوشۆن- لە باشووری کوردستاندا پێی دەڵێن رەشاش.
٣ بۆیلەر: ئامێرێک کە ئاوی ماڵەوە گەرم دەکات(آبگرمکن)

سەرچاوە: وەرگێرانی لە فەڕەنسییەوە بۆ فارسی: اصغر نوری؛ مجلە همشهری داستان. شمارە هفت، آبان ١٣٩٠
ئەم بابەتە لە ئاسۆی رۆژهەڵاتدا:
http://www.asoyroj.com/kurdish/detail.aspx?=hewal&jmara=1754&Jor=10