۱۳۹۰/۱۱/۱۴

فیمینیزم و فیلم (بەشی یەکەم)

فیمینیزم و فیلم
(بەشی یەکەم)
نووسینی : سارا تۆرنهام
و: جەمشید بەهرامی

ژن لە فیلم‌دا دیمەنێکی ئیرۆتیکە و نەک نابێتە هۆی بەرەو پێش چوونی ڕەوتی گێڕاننەوە، بەڵکوو ئەو رەوتەش ئاڵۆز دەکات، بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەو کێشەیە دەبێت چێژە سینەماییەکان بڕووخێنرێت.
دوو ساڵ دوای بڵاو بوونەوەی کتێبەکانی "سیاسەتی رەگەزی" بەرهەمی کیت ملیت، "دیالکتیکی سێکس" بەرهەمی شولامیت فایراستۆن، "نێرەمووکی مێیینە" بەرهەمی جێرمین گریەر، و گو
ڵچینی ئەدەبی "پێوەندی خوشکایەتی بەهێزە" بەرهەمی رابین مۆرگان؛ لە ساڵی ١٩٧٢دا یەکەمین ژمارەی گۆڤارێکی ئەمریکی لە ژێر ناوی "ژنان و فیلم" بڵاو بوویەوە کە خۆی بە بەشێک لە شەپۆلی دووهەمی فمینیزم دەزانی.
لە یەکەمین وتاری سەرنووسەردا ئاماژە بەمە کرابوو : "لەم گۆڤارەدا، ژنان لە وێنەی بەشێک لە بزووتنەوەی ژنان، لە سەرکوتی سیاسی، دەروونی، کۆمەلایەتی و ئابووری ژن بەئاگان.
خەبات لە هەموو هێڵە پێشەنگەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا دەستی پێکردووە و ئێمەیش لە بواری دیمەنی ژن لە فیلم‌دا و رۆڵی ژن لە پیشەی فیلمسازی‌دا چالاکی دەکەین -چۆن دەچەوسێینەوە و چۆنیەتی ئاڵوگۆڕ هێنان بە سەر روانینی پڕ لە سوکایەتی و دژە ئەخلاقی چینی دەسەڵاتدار لە هەمبەر ژنان و کەسە سەرکوتبووەکانی دیکەدا-".
لە درێژەی وتارەکەدا ئاماژە دەکرێت کە: لە پیشەی فیلمسازیدا ژنان سەرکوت دەکرێن (سکرتێر، خزمەتکار، بەردەست)؛ لە رێگەی بە کار هێنانیان وەک بەستەبەندیگەلی وێنەیی سەرنج راکێش (ئۆبژەگەلی جنسی، قوربانی یان خوێنمژ) هەروەها لە نێو تیۆری فیلم‌دا لە لایەن رەخنەگرانەوە ژنان سەرکوت دەکرێن؛ کاتێک کە لە دەرهێنەرانێک لە وێنەی هیچکاک و سیرک بە هۆی ئاڵۆزی یان دۆخگەلێکی تێکەڵاو بە تانەوە یان بە هۆی فرەخوازی جگە لە ماکی سەرەتایی فیلمەکانیانەوە رێز دەگرن(کە زۆرجار دیمەنی ژنی خاکەسار یان گریان بەرجەستە دەکەنەوە). (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

بەڕێوەبەرانی ئەم گۆڤارە سێ ئامانجیان هەیە :
ئاڵ و گۆڕ کردنی رەوتی فیلمسازی، کۆتایی هێنان بە ئایدۆلۆژیا و کڵێشەسازی سەرکوتکەر، و ئافراندنی جوانیناسی رەخنەیی فمینیستی.
لە روانگەی ئەوانەوە ئەم سێ ئامانجە لە یەک جوێ ناکرێنەوە، بەم پێیە لە ئاوەها هەل و مەرجێکدایە کە لە وێنەی کردارێکی سیاسی پێویست؛ گرژی و مشت و مڕی فمینیسم لەگەڵ بابەتی فیلمدا، دەست پێدەکات.
ئێمە بە بێ ئەوەی ئامرازێکی لێکدانەوەیی بە دەستمانەوە بێت ناتوانین ئاڵ و گۆڕ کردنی ئوستوورەکان و رەوتەکانی هەبوو دەست پێبکەین؛ لە سەردەمی سیمۆن دۆبوار بە دواوە بوو کە فمینیستەکان سینەمایان لە وێنەی هەڵگری تایبەتی ئوستوورە کەلتووریەکانی سەردەم دەستنیشان کرد.
سیمۆن دۆبوار لە کتێبی " رەگەزی دووهەم "دا دەنووسێت لە رێگای ئەم ئوستوورانەوە لە ئایینەکان، داب و نەریتەکان، زمان، چیرۆکەکان، ئاوازەکان و فیلمەکاندا ئێمە هەبوونی دنیایی خۆمان لە وێنەی ژن و پیاو نەک لێکدەدەینەوە بەڵکوو ئەزموونی دەکەین. سەرەڕای ئەوەی کە پیشاندانەوەی جیهان، هەر وەک خودی جیهان ئەرکی پیاوانە، ژنانیش بە ناچار دەبێت لە رێگای ئەو پیشاندانەوانەدا خۆیان ببیننەوە(پیاوان لەو روانگەی خۆیانەوە جیهان وەسف دەکەن و پێیان وایە ئەمە حەقیقەتی رەهایە).
سەرەڕای شیاویی پەسەندبوونی ئەو لێکدانەوەیه‌ی که‌ یەکەمین سەروتاری "ژنان و فیلم" دەیخاتەڕوو، بەڵام پرسیارگەلێکی گرنگ لەو پێوەندیەدا گەڵاڵە دەکرێت.
- چ ئامرازگەلێکی لێکدانەوەیی باشتر لە خزمەتی ئامانجەکانی سیاسی بەڕێوەبەرانی گۆڤارەکەدا دەبێت؟
- ئایا بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، دەکرێ لە روانگەکانی بەدەر لە فمینیسم یان پێش فمینیستی کەڵک وەربگیردرێ؟
-  پێوەندی نێوان چەشنە جۆراوجۆرەکانی سەرکوت کە باس کرا، و پێوەندی نێوان چەشنە جۆراوجۆرەکانی ئاڵ و گۆڕیی کە بە دیمەنی دەکێشنەوە لە چی دایە؟
- بە تایبەت ئەمەی کە پێوەندی روونی نێوان دیمەنەکان، پێشاندانەوەکان یان پێکهاتەکانی دیتنیسەرکوتکەر و نایەکسانیەکانی دنیایی کە ژنان (هەروەها کە کەسە سەرکوتبووەکانی دیکە) لە وێنەی بوونەوەرە کۆمەڵایەتییەکان ئەزموونی دەکەن چییە؟
- لە کۆتاییدا، دیتن چ پێوەندیەکی لەگەڵ سێکسوالیتە،توانا و پیاوەتی/ژنانەییدا هەیە؟
- بۆچی بڵاو بوونەوەی دیمەنەکانی جەستەی ژنان،خۆی وەک جۆرێک لە سەرکوت دێتە بەرچاو؟
بەڵام ئێستا دوای زۆرتر لە
٣٥ ساڵ، ئێمە بە پێچەوانەی نووسەرانی گۆڤاری ژنان و فیلم، لە نێوان تیوری داڕێژەری فیلم و چالاکی سیاسی، لە نێوان تیوری داڕێژەر و ژنی ئاساییدا، لە نێوان ژنان و کەسە سەرکوتبووەکانی دیکەدا، لە نێوان تیوریسیەن/رەخنەگری فمینیست و فیلمسازی فمینیستدا، ناتوانین پێوەندیەکی راستەوخۆ ببینین یان ساتێکی ئارمانی بهێنینە پێش چاو کە لەودا "دیمەنی ژنان" رەنگدانەوەی راستیەکانی ژیانی ژنان بێت : پیشاندانەوە سینەماییەکان زۆر لەمە ئاڵۆزترن.
بەڵام پرسیارگەلێک کە لەم بارەیەوە گەلاڵە دەکرێت، تەوەرگەلێکی موناقشەخولقێن پێک دێنن کە دەکرێ لە ساڵی ١٩٧٢ بە دواوە لە بەرهەمی فمینیستەکاندا سەبارەت بە فیلم ببینرێنەوە. ئینجا، لەو روانگەیەوە کە بەشێکی گرنگ لە پرۆژەی فمینیسم گۆڕینی دۆخی ژنان لە ئۆبژەیەکی زانستەوە بۆ سووژەیەکی بەرهەمهێنەر، و گۆڕێنی زانستە، و لەو روانگەیەوە کە لە کولتووری رۆژئاواییدا دیتن رۆڵێکی گرنگ لە زانستدا دەگێڕێت، بە وتەی لاورا ماڵوەی : "بە درێژایی ئەم ساڵانەی دوایی سینەما مەڵبەندێکی سەرەکی بووە کە لەودا ململانێ فمنیستیەکان شەڕی لە سەر کولتوور، پیشاندانەوە و شوناس کردووە".
بەم پێیە دڵەڕاوکێ سەرەتاییەکانی فمنیستە ئەمریکییەکان لە  بازنەی پیشاندانەوە سینەماییەکان وەک دیمەنە نادروستەکان لە ژنان خڕبوەتەوە.
بابەتی شارۆن سمیت لە ژێر ناوی "
دیمەنی ژنان لە فیلم دا: چەند پێشنیار بۆ لێکۆڵینەوەکانی داهاتوو" لە یەکەمین ژمارەی گۆڤاری "ژنان و فیلم" دا بڵاو بوویەوە؛ هەروەها لە "ڤینووسی پاپکۆرنی" بەرهەمی مارجۆری رۆزەن"، و "لە رێزەوە تاکوو دەست درێژی" بەرهەمی مالی هاکسێل؛ لە هەمووی ئەو بابەتانەدا لە رەوشت ناسی پێوانەیی کەڵک وەرگیراوە و ناوەندی هێرشەکانی ئەوان، پرسی "کڵێشەی رۆڵی رەگەزایەتی"یە. ئەوان لە هەوڵی ئەوەدان نەشیاو بوون و سەرکوتکەر بوونی پانتایی سنوورداری دیمەنەکانی ژنان لە فیلمدا ئاشکرا بکەن.
لەم خوێندنەوانەدا فیلمەکان پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان و گۆرانکارییەکان نیشان دەدەنەوە و هەروها بە پێی خەیاڵەکان و ترسەکانی بەرهەمهێنەرەکانیان(پیاوەکان) ئەم پێکهاتانە بە هەڵە نمایش دەدەن. کڵێشەکانی بەرهەمی دەمارگرژیەکان و پێشداوەریەکانی بەردەنگە نێرەکان بە هێزتر دەکات، "تێگەیشتنی خود" لە ژناندا تووشی خەسار دەکات و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی ژنان سنووردار دەکات.
ئەم نووسەرانە هەوڵ دەدەن کە توانایی پیشاندانەوە سینەماییەکان، بەو پێکهاتی کۆمەڵایەتیەی کە ئەم پیشاندانەوانە دەخولقێنێت و وەریدەگرێتەوە گرێ بدەنەوە، و لە سەر توانایی بەکۆمەڵی ژنان لە پێکهاتنی گۆڕاندا پێداگری دەکەن. بەم حاڵەش بێ بەش لە هەر چەشنە چوارچێوەیەکی تیوریکی پێشکەوتوون.
هەندێ جار پیشاندانەوە سینەماییەکان بەرهەمی پڕۆپاگەندەیەکی بە ئەنقەست دێنەوە بەر چاو و جاری وایش هەیە بەرهەمی خەیاڵپەروەریەکانی ناهۆشیارن.
کڵێشە سینەماییەکان وەک بەرهەمی گریمانە ناهۆشیارییەکان دەستنیشان دەکرێن و تا ئەو رادەیە بنچڵیان داکوتاوە کە بە سانایی و بە دامەزراندنی ژنانێکی زۆرتر لە پێگەکانی دەسەڵاتی پێشەی فیلمسازیشدا ناکرێ ئەو کڵێشانە بگۆڕدرێن، بەم حاڵەشەوە دەکرێ بە هاندانی عەقڵانی و چاکسازی لەم کڵێشانەدا،کۆتایی بە سووڕ خواردنەوەی بێ ئاکامی کاریگەرییە کەلتووریەکانی ئەم کڵێشانە بهێنین.
بەڵام ئەم خوێندنەوانە خاوەنی چوارچێوەیەکی تیوریک نین کە  بۆ روون کردنەوەی بەردوامیی و هێزی ئەم پیشاندانەوانە لە پێکهاتەبەندی تێگەیشتنی ژنان لە شوناس تواناییان هەبێت و لە هەمان کاتیشدا بۆ دەستنیشان کردنی ئەم پیشاندانەوانە لە وێنەی پێکهاتەیەکی کەلتووری و لە کۆتاییدا شیاوی گۆڕان تواناییان نییە.
بەڵام پێکهاتنی ئاوەها چوارچێوەیەک پێویستی بە گۆڕینی ناوەندی سەرنجەوە هەیە؛ گۆڕانی ناوەندی سەرنج لە پیشاندانەوەی نادرووستەوە (لە رێگای دیمەنە سەرکوتکەرەکانەوە) بەرەو شرۆڤەی ئەمەی کە سینەما چۆن مانا و چێژ بە شێوەیەک رێکدەخات کە ببێتە هۆی خولقاندن یان بە هێزکردنی شوناسەکانی رەگەزایەتی ئێمە.
ئەم پرسە بە نۆبەی خۆی کاردانەوەگەلی وێڕایی بۆ رەوتی فیلمسازی فمنیستی هەیە؛ دەبێت جگە لە خستنە رووی وێنەگەلی پۆزۆتیڤ لە ژنان ئەرکێکی گەورەتر بە ئەنجام بگەیەنێت، و ئەگەر هەوڵ دەدات پیشاندانەوە سەرەکیەکان بەرەوڕووی کێشە بکاتەوە، دەبێت رێگایەک بۆ رێکخستنی دووبارەی پێکهاتە چیرۆکین و دیدارییه‌کانی فیلمەکان بدۆزێتەوە.
لە ساڵی ١٩٧٣ کتێبی "یاداشت گەلێک دەربارەی سینەمای ژنان" بەرهەمی کلێر جانستۆن لە بریتانیا
دا چاپ کرا. جانستۆنیش لە وێنەی هاوپیشەکانی سەردەمی خۆی لە ئەمریکا، بە روونی هۆگرایەتی سیاسی خۆی ئاشکرا دەکات.
ئەو دەنووسێ : "بزووتنەوەی ژنان هەر لە سەرەتادا بە بێ هیچ دوودڵییەک گرنگایەتی فیلمسازی لە تێکۆشینەکانی ژناندا قەبووڵ کرد. هەڵبەت دستنیشان کردنی هۆکاری ئەم دڵبەستە بوونە بە میدیا، زۆر دژوار نییە : هۆکارەکەی بۆ ئاستێک دەگەڕێتەوە کە دیمەنی توندووتیژی رەگەزی و بورژوازی ئەزموون کراوە".
سەرەڕای ئەوەی کە رێدۆزەی ئەو-و فمینیستە بریتانیاییەکان- زۆر جیاوازە. جانستۆن دەنووسێت :
"ئەگەر بڕیار وایە کە رەخنەی فیلم قازانجێکی هەبێت، دەبێت تێگەیشتنێکی زۆرتر لە چۆنیەتی کارکردی فیلم بە دەستەوە بدات کە لە کۆتاییدا رووبەڕوو بوونەوەکەی بۆ فیلمسازی دەگەڕێتەوە".
ئەو بۆ بڵاوەپێدانی ئەم تێگەیشنە لە گۆڕانکاری فیلمی ئەوروپایی و تیوری کەلتووریدا، لە پێکهاتەگەرایی و نیشانەشناسی، چەمکە مارکسیستیەکان سەبارەت بە ئایدۆلۆژیا، و هەروەها لە تیوری دەروونشیکاری کەڵک وەردەگرێ.
لە ئاوەها رێدۆزێگەلێکدا بە پێچەوانەی رێدۆزی زانستی کۆمەڵناسی ئەمریکایی پێداگری لە سەر ئەوەیە کە، نابێت پیشاندانەوە فیلمییەکان وەک رەنگدانەوەی راستەقینە -بە واتا درووستەکەی یان گوڕینی واتاکەی- لە بەر چاو بگیردرێت. فیلمەکان دەقی سەرەکین(مەتن)؛ و بریتین لە پێکهاتە ئاڵۆزەکانی زانستی زمانناسی و نیشانە دیدارییەکان کە بۆ درووست کردنی مانا تایبەتەکان رێکخراون؛ فیلمەکان بەس کۆمەڵەیەک لە دیمەنەکان یان کڵێشەکان نین.
جانستۆن بەم شێویە بەڵگە دێنێتەوە: هەڵسەنگاندنی دیمەنە سینەماییەکانی ژنان بە پێی کەمتر یان زۆرتر راستەقینەبوون یان رێژەی گۆڕینی واتاکانیان دەبێتە هۆی ئەوەی تەوەری سەرەکی لە بەر چاو نەگیردرێ.
فیلمەکان لە رێگەی رێکخستنی هێما دیداریی و کەلامییەکانەوە مانا پێکهاتەبەندی دکەن. ئێمە دەبێ ئەم پێکهاتانەی نێو دەق شرۆڤە بکەین، چونکوو مانا لەم رێگەیەوە -و نە بە پێی دەسکاری و گۆڕانکاری ئاگاهانە– درووست دەبێ.
لە کۆدا بە پێی ئەوەی کە فیلمەکان هەڵگری ئایدۆلۆژیاکانن، دەکرێ ئایدۆلۆژیا لە وێنەی سیستەمێکی پیشاندانەوە، یان شێوازی دیتنی جیهان پێناسە بکرێت کە ئێمە پێمان وایە "سروشتی" یان "جیهانپۆش"ـە، بەڵام لە راستیدا فیلم بەرهەمی پێکهاتەکانی هێز یان دەسەڵاتێکی تایبەتە کە کۆمەڵگای ئێمە پێکدەهێنن. بەم پێیە هێمای "ژن" لە نێو ئایدۆلۆژیای پیاوسالارانە، یان دووچاوەکی رەگەزی‌دا بە واتای خۆی دەگات. واتاکەی لەم پێکهاتە و مانایانەوە کە درووستی دەکات سەرچاوە دەگرێت. بەم پێیە هەڵسەنگاندنی ئەو کڵێشانەی کە لە ژنان لە فیلمەکاندا دەخرێتە روو، لەگەڵ راستیەکانی ژیانی ژناندا ئاکامێکی نییە: ئەم راستیە لە نێو پێکهاتەیەکی ئایدۆلۆژیکی لێکچوودا بوونی هەیە.

ئێمە دەبێ چۆنیەتی کارکردی هێمای " ژن " لە نێو دقی فیلمێکی تایبەتدا شرۆڤە بکەین؛ واتە دەبێ بزانین هەڵگری چ واتاگەلێک،حەزگەلێک یان هەڵگری چ خەیاڵپەروەریەکە. بەس لە رێگای ئاوەها ئاشکرایەتیەکی رەخنەییەوەیە کە دەتوانین رەوتی گۆڕان دەست پێبکەین.
وتاری چێژی دیداری و سینەمای گێڕانەوەیی(چیرۆکی) بەرهەمی لۆرا مالوی کە  دوو ساڵ پێش لە چاپی کتێبی "یاداشت گەلێک دەربارەی سینەمای ژن"، بڵاو کرایەوە،لەو وتارانەیە کە لە تیوریی فیلمی فمینسیتیدا وەک سەرچاوەیەک زۆر ئاماژەی پێکراوە.
مالۆی لەم وتارەدا، لێکدانەوەی خۆی (واتە چۆن سینەما لە وێنەی
دەزگایەک، پێگەیەک بۆ بینەرانی فیلم درووست دەکات) بە خوێندنەوەی جانستۆن بۆ ژنان لە وێنەی هێما زیاد دەکات، و بۆ روون کردنەوەی ئاوەها پێدانی پێگەیەک، لە تیوری دەروونشیکاری کەڵک وەردەگرێت.
ئەو بەم لێکدانەوەیە بووە هۆی گۆڕانێکی زۆرتر لە ناوەندی لێکدانەوەییدا، گۆڕان لە لێکدانەوەی تایبەت
یی دەقەوە بەرەو شرۆڤەی پێکهاتەکانی هاوشوناسی (هاوسۆزی) و چێژی دیداری کە لە سینەمادا بەدی دەکرێت: بە واتایەکی دیکە بەرەو پێوەندی نێوان بینەر/پەردەی سینەما. لە سەرەتای ٧٠کاندا ئۆگرایەتی ماڵۆی بۆ تیوری دەروونشیکاری چەندین تیوریسیەنی فیلمی فمینیستی(فەڕەنسی) دەبیندرێت.
کریستین مێتز و ژان لۆیی بائۆدری، کارکردی "دەزگای سینەمایی"یان لە سەر بینەر لەگەڵ کارکردی خەون هەڵسەنگاندووە.
ژان لۆیی بائۆدری لە نامیلکەی "ئاپاراتوس"دا (دەزگا) دەنووسێت "بە لەبەرچاو گرتنی تاریکی هۆڵی سینەما، ناچالاکی رێژەیی بارودۆخ، نەبوونی جووڵەی داسەپاو بە سەر سووژەدا، و کاریگەریگەلێک کە لە دیهاوێژی دیمەنەکانەوە(دیمەنە جووڵاوەکان) سەرچاوە دەگرێت، دیتنی فیلم وێکچوونێکی زۆری لەگەڵ دیتنی خەوندا هەیە".
بەڵام سەبارەت بە خەون و وەهمەکان، سینەما
تێگەیشتنگەلێکی بەهێز بەڵام ناراستەقینە (دەنگ،دیمەن، جووڵە) بە ئێمە پیشان دەدات، و دێتە نێو حەز و خەیاڵپەروەریەکانی ناهۆشیارەوە و دەبێتە لەمپەرێک لە بەرامبەر دەستێوەردانی "بنەمای راستەقینە"دا، ئەو بنەما راستەقینەیەی کە دەبێتە هۆی سەرکوتی حەز و خەیاڵپەروەریەکانی ناهۆشیارەوە.

سەرچاوە: 
ئەم بابەتە لە ژمارەی 77ی ئاسۆی رۆژهەڵات لە بەرواری 12/11/1390 بڵاو بوەتەوە.
لینکی بابه‌ت له‌ سایتی ئاسۆی رۆژهه‌ڵات:

http://www.asoyroj.com/details.aspx?=News&ID=5340&Babat=6