۱۳۹۰/۱۲/۰۱

فیمینیزم و فیلم(بەشی دووهەم)

فیمینیزم و فیلم
(بەشی دووهەم)
نووسینی : سارا تۆرنهام
و: جەمشید بەهرامی



کریستین مێتز بۆ نیشاندانی خەیاڵی بوونی سینەما، دەنووسێت هاتنی بینەران بۆ مەڵبەندی حەز و خولیاکان لە رێگای هاوشوناسی لەگەڵ روانینی بە هێزی کامێرادا روو دەدات : "لە سینەمادا ئەوە بەردەوام ئەویترێکە کە لە سەر پەردەی سینەمادایە. من لێرەم تاکوو بۆ ئەو بڕوانم؛ من هیچ رۆڵێکم لە پێشتهاتی وەرگیراودا(تێگەیشتن) نییە بە پێچەوانەوە بە تەواو مانا وەرگرم".
خوێندنەوەی مێتز لە "روانینی بە تەواو مانا وەرگر"ی بینەری فیلمەوە ب
ۆ ئەویتر، لەگەڵ رەخنەگرانی فمینیست‌دا هاوئاهەنگیەکی تایبەتی هەیە، بۆ وێنە خوێندنەوەیەک کە سیمۆن دۆبوار لە کتێبی "رەگەزی دووهەم"دا دەیخاتە روو؛ "تاک وەک ژن لە دایک نابێت، بەڵکوو لە پرۆسەیەکدا دەبێتە ژن" لێرەدا پێداگری لە سەر پێکهاتی کەلتووری ژن لە وێنەی ئەویترێک دەکات؛ هەر ئەم خوێندنەوەیە بووە بناخەدارێژەی بەشێکی زۆر لە روانگە فمنیستیەکان لە سەرەتای ٧٠کاندا.
بائۆدری و مێتز پێیان بینەری بەرباسیان بەس پیاو لەبەرچاو گرتبوو، بەڵام ئەم "پیاوانە سازی"یە وێڕایی و لێکنەدراو دەمایەوە. بەڵام مالۆی کاتێک لە تیوری دەروونشیکاری کەڵک وەردەگرێت، گرنگایەتیەکی تایبەت دەدات بە پرسی جیاوازی رەگەزی. ئەو لە نووسراوەکانیدا هەوڵدەدات روونی بکاتەوە "چۆن ناهۆشیاری کۆمەڵگای پیاوسالارانە فۆرمی فیلمی پێکهاتە بەندی کردووە". (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
ئەو لە وێنەی جانستۆن لە سەر ئەو بڕوایە "هێمای ژن" لە  فیلمدا لە لایەن کەلتووری پیاوسالارانەوە بۆ ئەم کەلتوورە خولقاوە، و بەم پێیە ئەو توانایە بە پیاوەکان دەبەخشێت تاکوو "خەیاڵپەروەری و بیرۆکە وەسواسییەکانی خۆیان بە داسەپاندن بە سەر دیمەنی کوژاوەی ژناندا زیندوو راگرن".
چێژە سینەماییەکانی بریتی لە چاوچڵێسی، فتیشیزم و گەڕانەوە بۆ چێژە نارسیستیەکانی قۆناغی ئاوێنەی ساوایی مرۆڤ. هەروەها کە ژاک لاکان روونی دەکاتەوە، لەم قۆناغەدا منداڵ بە هاوشوناسی لەگەڵ ئاوێنەیەکی تەواوتری خۆیدا (وێنەیەک کە لە روانگەی ماڵوەی،لە فیلمەکاندا بە هۆی کەسایەتی پاڵەوانەوە دەخرێتە روو) خۆی لە وێنەی تاکێکی تەواو مانا و بە هێز دێتە بەرچاو.
بەڵام ئەمانە چێژگەلێکن کە بەس بۆ بینەری نێر لە بەر چاو گیراون. ژنان بە جەستەگەلی ئێرۆتیزە و زۆر جار پارچە پارچە کراو، ئۆبژەی واق بووی کامێران، نەک سووژەی کامێرا. مالۆی لە سەر ئەو بڕوایە کە ئەم لێکپچڕاویەی نێوان پیاوی چالاک و ژنی ناچالاک  پێکهاتەی گێڕانەوەی فیلمیش پێک دەهێنێت.
ئەمە پاڵەوانی فیلمە -کە بە کۆنتڕۆ
ڵ کردنی رووداوەکان، ژن و واق بوویی ئیرۆتیکی کامێرا- چیرۆکەکە بەرەو پێش دەبات.
ژن دیمەنێکی ئێرۆتیکە و نەک نابێتە هۆی بەرەو پێش چوونی ڕەوتی گێڕاننەوە، بەڵکوو ئەو رەوتەش دەشێوێنێت.
بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەم کێشەدا دەبێت چێژە سینەماییەکان بڕووخێنرێت، و کۆتایی بە دیمەنە سەرکوتکەرەکان بهێنرێت و"زمانێکی شەهوەتی" نوێ بخولقێت. بەم پێیە ماڵوەی لە وتاری ساڵی ١٩٧٥دا جیاوازی رەگەزی لە وێنەی ناوەندی لێکدانەوەیی خۆی لەبەرچاو گرت.
سەرەڕای هەبوونی قسە و باس سەبارەت بەوەی کە ژنان ئوبژەی (نەک سووژە) واق بوونن، هیچ شتێک سەبارەت بە ژنانی بینەر نەگوتراوە.
بە درێژایی ٨٠کان "مێری ئان دۆ ئان" لە هەوڵی وێکخستنێک بوو لە نێوان بەکارهێنەریی تیوری
دەروونشیکاری ماڵوەی و خوێندنەوەیەک بۆ ئەم کەسایەتییە سێبەرئاسایە(بینەری ژن)، بە تایبەتی بە لێکدانەوە بۆ چێژەکانی دیتن؛ کە لە رێگەی ژانرێکەوە کە ئاوڕ لە ژن دەداتەوە دەخرێتە روو (واتە "فیلمی ژنان" لە دەیەی ١٩٤٠).
دۆ ئان لە سەر ئەو بڕوایە ئەو فیلمانەی کە رووی قسەیان لە ژنانە، وەک ئەو فیلمانەی کە بینەری پیاویان هەیە ناتوانن لە مکانیزمێکی دەروونی وێکچوو (چاو چڵێسی،فتیشیسم، هاوشوناسی نارسیستی) کەڵک وەرگرن، چونکوو بە پێی وتەی فرۆید ئەمانە مکانیزمگەلێکن کە دەروونی پیاوانە بەیارمەتی ئەوان لە بەرامبەر جیاوازی ژندا (خەساندن و لە پیاوەتی کەوتنی پیاو) لە خۆی بەرگری دەکات.
بەم پێیە ئەم فیلمانە لە پێگەی دەسەڵاتەوە کە تایبەتمەندی گۆشە نیگای پیاوانەیە، و بە جێگای مەودایەکی ئیرۆتیزە، هاوشوناسییەکی لە رادەبەدەر مازوخیستی لەگەڵ دیمەنی سینەمایی دەدەنە بینەرەکانیان.
جیاوازی نێوان بینەر و ئوبژە نامێنێت: بە پێچەوانەی بینەری پیاو، نەک وێنەیەکی ئێرۆتیزە لە وێنەی ئوبژەی واق بوو، بەڵکوو دەرفەتی هاوشوناسی لەگەڵ خۆیدا  وەکوو دیمەن، (ئوبژەی شەهوەت یان ئازار و رەنج) لە بەردەم ژندا دادەنرێت.
لەوانەیە لە سەرەتای فیلم‌دا ژن کەسایەتی سەرەکی و هۆکارێکی چالاک بێت، بەڵام لە درێژەدا دەبێت بە ئوبژەیەکی ناچالاک؛ لەوانەیە فیلم بە دەنگێک لە سەر دیمەنی ئەودا دەست پێبکات بەڵام دوای ماوەیەکی کورت دەنگ وەلا دەنرێت؛ ئەوان دەرفەتی هاوشوناسی لەگەڵ روانینی کەسایەتی ژن دەدەن بە ئێمە، تاکوو نەک ئیرۆتیک بوون بەڵکوو تایبەتمەندی ترس و دڵەڕواکێ بەو ببەخشن.
لە فیلمی رێبێکا لە دەرهێنانی هیچکاک (١٩٤٠) لە سەرەتادا پاڵەوانی فیلم ژنێکی بێ ناوە، دەنگ لە سەر دیمەنی پچڕ پچر و روانینی پشکنینی و نائارام؛ نموونەیەکی باش بۆ ئەم پرسەیە.
کاتێک لە دیمەنی باڵماسەکەدا کەسایەتی سەرەکی تێدەکۆشێ شوناسی خۆی ئاشکرا بکات بەس لە رێگای شوناسی پێشووی خۆی واتە رێبێکا، و بە نیشاندانی خۆی وەک ئوبژەی واق بووی هاوسەرەکەی -و ئێمە- دەتوانێت ئاوەها کارێک ئەنجام بدات. کاتێک جلێکی وەهای لە بەردایە کە وەک جلەکانی پێشووی رێبێکایە و لە قادرمەکانەوە دێتە خوارەوە، دەبێت بە ئوبژەی شانۆ، و لە ئێمە وەک بینەران چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ئەم ئوبژاندنە(بابەتاندن) و هەستی خۆبەکەمزانینێک کە دوای ئەوە گیرۆدەمان دەبێت هاوشوناسی بکەین.
سەرەڕای ئەوەی لەوانەیە ئەم شیکردنەوانە -لە وێنەی تیوریداڕێژەری دەربارەی چۆنیەتی کەڵک وەرگرتن لە فیلم و مکانیزمە ناهۆشیارەکانی هاوشوناسی بۆ سەقامگیری و پەسەند
کردنی شوناسگەلی رەگەزی- جێ متمانە بن. بەڵام کێشە تایبەتییەکانی خۆیان هەیە. بۆ وێنە ئەگەر فیلمەکان بۆ خولقاندنی هەستی هاوشوناسی بینەران لە پێکهاتە ناهۆشیارەکان کەڵک وەردەگرن، چۆن دەتوانین گۆڕانگەلێک درووست بکەین؟
"بی ر
وبی ریچ" رەخنەگری ئەمریکایی فیلم، ئەم پرسە بە شێوەیەکی کورت ئاوەها لێکدەداتەوە :
"بە وتەی ماڵوەی لە نێوان بەردەنگەکاندا -کە نێر لە بەر چاو دەگیرێن- ژنان نابینرێن، لە روانگەی جانستۆنەوە ژن تەنانەت لە سەر پەردەی سینەماشدا نەبینراو و شاردراو
ەیە. ژن بەس جێگرێک بۆ ئەندامی زاو و زێی پیاوانە، نیشانەیەک  بۆ چشتێکی دیکەیە و ... ".
ئێوە وەک ژنێک کە دەڕۆنە نێو هۆڵی سینەما، لەگەڵ پێکهاتەیەکدا رووبەڕوون کە بە تەواو مانا بە پێی
شاردراوە بوونی ئێوە نیشانەی(رەمز) بۆ دانراوە، سەرەڕای ئەوەی کە لەوێدا دانیشتوون و نیشانەگەلی تایبەت لە ژیانی دەرەوەی سینەماتان لەگەڵ خۆتان هێناوە ... نیشانەگەلی سینەمایی تا رادەیەک نەبوونی ئێمەیان پێکهاتە بەندی کردووە کە بەس هەڵبژاردنی رێگەپێدراو هاوشوناسی کردن لەگەڵ مارلین مۆنرۆ یان لەگەڵ پیاوێکدایە کە لە پشتی منەوە دانیشتووە و بەردەوام ئەژنۆکانی دەسوێتە کورسیەکەی من.
کە واتە چۆن دەکرێ پێکهاتەیەک دەرک بکەین کە سەرەڕای هەبونمان پێداگری لە سەر نەبوونمان دەکات؟ چ شتێک لە فیلمێکدایە کە بینەری ژن لەگەڵیدا هاوشوناسی دەکات؟
ئەو پێی وایە لەم خوێندنەوەدا ژنان هیچ چەشنە هەبوون، ئەزموونێکی تایبەت یان دەرفەتی بەشدارییەکی چالاکیان نییە. لە کاتێکدا کە "ریچ" و دیتران ئاوەها لێکیدەدەنەوە کە بینەری ژن تاکێکی کۆمەڵگایە و لە هەمان کاتدا بینەرێک کە لە روانگەی سینەماییەوە ئامادەیە؛ ئەو ناچالاکانە پێکهاتەی ئایدۆلۆژیکی دەق وەرناگرێت، بەڵکوو بە شێوەیەکی چالاک لەگەڵیاندا دەکەوێتە ململانێ و تەنانەت زۆرجار بە پێچەوانەی داب و نەریت، خوێندنەوەکانی پێک دەهێنێت.
ئینجاکە، ئەم بینەرە شوناسێکی تاک - ژن - نییە، تەنانەت ئەگەر دەق ئاوەها چاو لەو بکات. بەڵکوو شوناسەکانی ئێمە وەک ژنان، نەک بە پێی تاکە لێکپچڕاو جیاوازی رەگەزیی، بەڵکوو لە راستای جیاوازیە جۆراوجۆرەکاندا (نەژادی، چینایەتی، زمانی، دۆخ و هتد) پێک دێت.
وتنی ئەوەی کە ئێمە هەموومان وەک مێینەیەک دێینە بەرچاو، بەو مانا نییە کە هەموومان پێوەندیەکی یەکسانمان لەگەڵ دیمەنی ئەم هاتنە بەرچاویەدا هەیە. بەم پێیە ئێمە پێویستمان بە زمانێکی تیوریک هەیە کە هەمووی ئەم  ناتەباییانە لە خۆبگرێت و لە هەمان کاتدا نەکەوێتە داوی خۆش بینی پراگماتیستەکان یان رەش بینی تیوریک.
لە دەیەی ١٩٨٠دا لە بەرامبەر قەیرانێکدا کە رووبەڕووی بەکارهێنەریی واتا
دەروونشیکاریەکان لە تیوری فیلمی فمنیستیدا ببوو، چەندین کاردانەوە هاتە ئاراوە. هەندێ کەس وێڕای وەفادار بوون بە چوارچێوەی رەوانکۆڵانە، لە هەوڵی تێفکرینەوە بۆ ئەو دۆخە بوون.
بەم پێیە لیکۆڵینەوەی تایبەتی فرۆرید بۆ خولیا و خەیاڵپەروەری دیسانەوە لێکدانەوە و شرۆڤەی بۆ کرا، تاکوو ببێتە بنەمایەکی تیوریک -نەک بۆ هێزی سینەما لە راستای سەقامگیرکردنی بینەرانی لە نێو پێکهاتەکانی جیاوازی رەگەزیدا-  بەڵکوو بۆ گۆشە نیگاکانی جیاواز و بگۆڕ، کە سینەما بۆ بینەرە خەیاڵپەروەرەکانی دەستەبەری دەکات.   لیندا ویلیامز
لە خوێندنەوەی خۆیدا (١٩٩١) لە سەر ئەوەی کە بە "ژانرە جەستەییەکان" یان "ژانرە خەیاڵپەروەریە جینسییەکان" (پۆرنۆگرافی، ترس و میلۆدرام) ناوەزەدی دەکات، ئاشکرای کرد سەرەڕای ئەوەی ئەم ژانرانە هەموویان تووشی زێدەڕۆیی بوون (لەو روانگەیەوە کە: بەردەوام بە شێوەی نەریتیی، جەستەی ژنان وەک جێگای سەرنجی چێژ، ترس و ئازار بووە) بە پێچەوانەی ئەوەی کە هەمیشە چاوەڕوان دەکرا، ئەو روانگانەی کە دەیخەنە روو تا ئەو رادەیە هاوپێوەند لەگەڵ رەگەزایەتی و رەگەزایەتی– نەگۆڕدا نییە.
بەڵکوو تایبەتمەندی ئەوان هاتووچۆیەکە لە نێوان پێگەکانی هاوشوناسی، هاتووچۆیەک لە نێوان دوو جەمسەری سادیسم و مازووخیسم، و هاتووچۆیەک لە نێوان نەبوونی دەسەڵات و دەسەڵاتدا. نە بینەرانی ژن لە پێگەی هاوشوناسی لەگەڵ جەستەی مێینەدا لە ئازار و مەینەتیدا سەقامگیر بوون، و نە بینەرانی پیاو بە دۆخی سادیستی کە نیشاندەری واتای "واق بووی پیاوانە"یە گرێدراون.
ئەو دەڵێت: بۆ هەر دووکیان، وێکخراوێک لە ناچالاکی و چالاکی، و هاتووچۆیەکی دوو رەگەزی لە نێوان دوو جەمسەری نێر و مێ‌دا بوونی هەیە.

کاردانەوەکانی دیکە بریتی بوو لە، دوور کەوتنەوە لە دەروونشیکاری سینەمایی و رۆشتن بەرەو تێکەڵ بوون لەگەڵ روانگە نوێیەکانی خوێندنەوە کەلتووریەکانی بریتانیایی.
لە ساڵی ١٩٧٣دا؛ " ستوارت هاڵ " کە لەو سەردەمەدا بەڕێوەبەری سەنتەری خوێندنەوە کەلتووریەکانی سەردەم
(CCCS) لە زانکۆی بێرمینگام دا بوو، لە وتارێکدا ئاوەهای نووسی : "ئەگەر ئێمە بمانەوێت ئەو رەوتەی کە تی ڤی یان سینەما لەو رێگەیەوە مانا دەخولقێنن، دەرک بکەین، پیویستمان بە مۆدێلێک هەیە کە نەک بەس مانا هەڵکۆڵراوەکان لە دەقەکاندا یان کاریگەرییە ئایۆلۆژیکی و رەفتارییەکانی ئەوان، بەڵکوو تەواوی رەوتی پێوەندییەکە روون بکاتەوە.
لە مۆدێلەکاندا ئەم رەوتە لە رێگای سێ کاتی هاوپێوەند بەڵام جیا لەیەکەوە کار دەکەن. سەرەتا کاتی بەرهەمهێنان؛ دووهەم کاتی دەق و سێهەم کاتی دیتن".
هەر کام لەو کاتانە دەبنە شوێنی ململانێ یان قسە و باس لە سەر مانا؛ ئەو مانایانەی کە لەلایەن بەرهەمهێنەرانی دەقەوە رەمز و نیشانەیان بۆ دابین کراوە؛ ماناکانی ئاوێتە بوو لەگەڵ دەقدا؛ و ئەو مانایانەی کە لە لایەن بینەرەوە رەمزەکانیان شکێندراوە.
ئەگەرچی "هاڵ" پێی وابوو کە کارکردی ئەم ململانێ‌یە زۆرترلە ئاستی چینەکاندایە، بەڵام بەخێرایی لەو مودێلەی ئەو بۆ لێکدانەوە فمینیستیەکان کەڵک وەرگیرا.
ئەم مۆدێلە نیشاندەری ئەوەیە کە ماناکانی نێو دەق و پێکهاتە ئایدۆلۆژیکەکان کە ئەم مانایانە ئاماژە بەوان دەکەن هیچیان  بێ قسە و باس نین.
هەر ئەوە بەسە کە بەرهەمهێنانی فیلمگەلێکی زۆر جیاواز وەک "ژنی جوان" و "تەلما و لۆییز" بە مەودای یەکساڵ لە بەر چاو بگرین،بۆ ئەوەی بزانین ئەو مەڵبەندە ئایدۆلۆژیکەی کە ئەم دوو فیلمە لەودا بڵاو دەبنەوە، مەڵبەندێکی ئاڵۆز و باس خولقێن و جیاوازە.
کریستیانن گۆڵد هیڵ دەڵێت دەتوانین رەت کردنەوەی ئەم ململانێ‌یە –لەنێو ماناکان، چوارچێوە باوەڕپێکراوەکان
(سەرچاوە) یان هەڵوێستە ئایدۆلۆژیکیەکانی لایەنی بەرامبەر– لە نێو فیلمیشدا بدۆزینەوە.
ئەو لە سەر ئەو بڕوایە تێکڕای دەقە دڵخوازەکان بەس یەک روانگە بۆ بەردەنگ، نیشان نادەن.


سەرچاوە:
 
http://www.womansrights.org

ئەم بابەتە لە ژمارەی 78ی ئاسۆی رۆژهەڵاتدا لە بەرواری 12/12/1389 چاپ بووە.
لینکی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ سایتی ئاسۆی رۆژهه‌ڵات: