۱۳۹۰/۰۹/۰۳

تەقینەوە: دەستپێک بۆ هێرش، یان تاقیکردنەوە؟

(گەڵاڵەیەک بۆ فیلمێکی درێژ)
تەقینەوە: دەستپێک بۆ هێرش، یان تاقیکردنەوە؟
جەمشید بەهرامی

**لە پەراوێزی دوو تەقینەوەی بە هێز لە پادگانی نیزامی "امیرالمومنین"ی سپای پاسداران لە گوندی بیدگنە**

سێکانسی یەک
- تایتڵ: لە روانگەی زانایان و کارناسانی چەکی ناوەکی، بوونی ئێران بە یەکێک لە دە دەسەڵاتێک کە لە جیهاندا خاوەن چەکی ناوەکین،پرسێکی مەترسیدارە؛ چ ئەوەی کە ئێران بگات بە چەکی ناوەکی، و چ ئەوەی کە هێرشی نیزامی بکرێتە سەر بنکە ناوەکیەکانی ئێڕان،چاوەڕوانی لەو رووداوە لە ئاوەها هەلێکی هات و نەهاتدا بەس بە تەنیا دەتوانێت رووبەڕووی ئەمنیەتی نەتەوەیی ئەمریکا ببێتەوە و راستەوخۆ کاریگەری لە سەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ساڵی 2012 ئەمریکا دەبێت.
- دیمەنی تەقینەوەیەکی بە هێز
کات: شەممە 21ی خەزەلوەری 1390ی هەتاوی،کاتژمێر 12:50 دەقەی نیوەڕۆ.
شوێن : ئێران، 46 کیلۆمێتری تاران،گوندی بیدگنە لە مەلارد سەر بە شاری شەهریار.
دوو تەقینەوەی بە هێز لە پادگانی نیزامی "امیرالمومنین"ی سپای پاسداران،لە رۆژئاوای تاران،جگە لە تاران، کەرەج و شارەکانی دەورووبەر دەخاتە لەرزە! (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە) 

سێکانسی دوو


- سەرەڕای ئەوەی کە هەواڵە سەرەتاییەکان لە لایەن دەزگا هەواڵنێریەکانی کۆماری ئیسلامیەوە هەوڵ دەدەن کە راستیەکان و هۆکاری سەرەکی تەقینەوەکە بشارنەوە، بەڵام راستی چشتێکی دیکەیە...
- دەزگا هەواڵنێریەکانی کۆماری ئیسلامی سەرەتا باس لە تەقینەوەی گازی سی ئین جی دەکەن...بەڵام دواتر بە هۆی زەبەلاح بوونی تەقینەوەکە، ناچارن ئاماژە بە شوێنی رووداوەکە بکەن...
- نوێنەری شارستانی شەهریا لە مەجلسی شوورای ئیسلامی ئێراندا، هەواڵی تەقینەوە لە پادگانی نیزامی لە گوندی " بیدگنە " لە مەلارد سەر بە شاری شەهریار، پشت راست دەکاتەوە و دەڵێت : " لەو تەقینەوەدا بەشێکی زۆر بەرچاو لە زاغەی تەقەمەنی تەقیوەتەوە، و هەنووکە ئامارێکی درووست لە خەسارەکانی گیانی و ماڵی ئەم رووداوە لە بەردەستدا نییە؛ لێژنەی قەیران لە مەجلس‌، بۆ لێکدانەوەی هۆکارەکانی ئەم رووداوە دەستنیشان کراوە. " حسیەین گەڕووسی " لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەزگای هەواڵنێری مەجلیسدا واتە " خانە ملت " هەواڵی دوو تەقینەی بەهێز لە دەورووبەی شاری مەلارد پشت راست دەکاتەوە و دەڵێت : ئەو تەقینەوەیە تا ئەو رادەیە بە هێز بووە کە شیشەی هەندێ لە بیناکانی نزیک بە شوێنی رووداوەکە شکاوە و تەنانەت شارەکانی شەهریار و کەرج تا دەگاتە رۆژهەڵاتترین شوێنی تاران لەریوەتەوە، خەڵکی شەهریار و دەورووبەر هەستیان کردوە کە بوومەلەرزەیەک رووی داوە... ".
- دەزگای هەواڵنێری مهر لە راپۆرتێکدا دەڵێت : " ترافیکی لە رادەبەدەر لە جادەکانی بەرەو پادگانی بیدگنە بۆەتە هۆی کێشەیەکی زۆر و تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە و مانگی سوور بۆ ئەوەی کە بگەنە شوێنی رووداوەکە رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە... لە رۆشتنی هەواڵنێران و رۆژنامەنووسان بۆ شوێنی رووداوەکە و داخڵ بوونیان بە پادگانی بیدگنە بەرگری دەکرێت... فڕۆکەکانی یارمەتی لە سەر ئاسمانی شوێنی روداوەکە خەریکی هاتووچۆن... لە 10 کیلۆمتری شوێنی رووداوەکە بە هۆی دووکەڵی خەست زۆر بە زەحمەت دەکرێ دەورووبەر ببیندرێ، و ئاگرێک کە لا ئاکامی تەقینەوەکەدا کەوتوەتەوە هەنووکە نەکواژاوەتەوە... "

سێکانسی سێ
- ( فلاشبەک )چەند ساڵ لەوە پێش، بنتامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل ، دەڵێت : " ئێستا ساڵی 1938ـە و ئێران، ئاڵمانی نازیە! "
- لەو رۆژانەدا، چەند رۆژ پێش تەقینەوەکەی پادگانی بیدگنە، ناتانیاهۆ دەڵێت : " ئێرانی ناوەکی هەڕەشەیەکی راستەخۆ و مەترسیدارە... ".

سێکانسی چوار
- بەرپرسی پێوەندیەکانی سپای پاسداران بە ئاماژە کردن بەوەی کە بە هۆی جێگۆڕکێ چەک و تەقەمەنی لە یەکێک لە پادگانەکانی سپا لە دەورووبەری تاران، 27 کەس گەیانیان لە دەست داوە، دەڵێت : " هەندێک لە دەزگا هەواڵنێریەکانی بیانی باسیان لە تاقیکردنەوەی ناوەکی کردووە، بەڵام ئەم تەقینەوە پێوەندیەکی لەگەڵ تاقیکردنەوەی ناوەکی دا نییە... ".
سەردار رەمەزان شەریف بەرپرسی ئیدارەی پێوەندیەکانی سپای پاسداران لە درێژەدا دەڵێت : " چەند کەسێکیش بریندار بوون، لە ئێستادا تیمێک پێک هێنراوە کە سەرقاڵی لێکدانەوەی رووداوەکەیە، و لە کۆتاییدا ئاکامەکانی ئەو لێکدانەوەیە بڵاو دەکرێتەوە... "
- بەرپرسی پێوەندیەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە ئاماژە بە ئاماری پێشوو کە راگەیاندرابوو 27 کەس گیانیان لە دەست داوە، دەڵێت: " سەرەتا لە شوێنی رووداوەکەوە فاکسێک گەیشتبوو بە دەستمان،بەداخەوە بە هۆی ئەوە کە باش نەخوێندرایەوە بۆمان، جاری پێشوو ئاماری کوژراوەکان بە هەڵە 27 کەس بڵاو کرایەوە، بەڵام دوایین ئاماری کوژراوەکان 17 کەسە...لەم تەقینەوەیەدا حسەین تهرانی موقەدەم، بەرپرسی سازمانی جەهادی سەربەخۆیی سپای پاسداران و دامەزرێنەری یەکەی تۆپخانە و مووشەک سازی سپای پاسداران لە نێو کوژراوەکاندایە".
- بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە لێدوانەکانیاندا تێدەکۆشن ئەم تەقینەوە وەک رووداوێکی ئاسایی پێناسە بکەن...
- " پەرویز سەروەری " بەرپرسی لێژنەی ناوەندی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەکی مەجلسی شۆرای ئیسلامی دەڵێت : " تەقینەوەی ئەمڕۆ لە پادگانی امیرالمومنین لە مەلارد رووی داوە... تەقینەوە هۆکاری لەرینەوەی تاران و دەورووبەر بووە " .
- " ئیسماعیل کەوسەری " جێگری دووهەمی بەرپرسی لێژنەی ناوەندی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەکی مەجلسی شۆرای ئیسلامی دەڵێت : " تەقینەوەی ئەمڕۆ لە گوندی بیدگنە لە مەلارد لە پارێزگای ئەلبورز رووی داوە ".

سێکانسی پێنج
دوا بە دوای بڵاو بوونەوەی تەقینەوی پادگانی گوندی بیدگنە، مێدیاکانی ئیسراییلی ئاخەندراون بەوە کە بە زووترین کات هێرش دەکرێتە سەر بنکە ناوەکییەکانی کۆماری ئیسلامی!، لەو چەشنەی کە پێشتر هێرش کرابووە سەر ریاکتۆری ناوەکی عێراق و لە ساڵی 2007 هێرش کرایە سەر ریاکتۆری سووریە.



سێکانسی شەش
- ئەمریکا : گۆڤاری ئەمریکایی تایم، لە زاری سەرچاوەیەکی رۆژئاواییەوە، رایدەگەیەنێت: " مۆساد تەشکیلاتی دەرەوەی سنوورەکانی ئیسراییل، دەستی لە تەقینەوەی پادگانی گوندی بیدگنەدا بووە! "

- ئیسراییل
ئیهوود باراک لە وتووێژێکدا لەگەڵ رادیۆی ئەرتەشی ئیسراییل‌دا وێڕای خۆشحاڵی دەردەبڕین لە ئاست ئەو تەقینەوەدا ، دەڵێت : " هیوادارم لەو چەشنە تەقینەوانە لە ئێراندا رووی لە زیاتر بێت ".
- ئێران: " سەرتیپ مەسعوود جەزایری، جێگری سەرۆکی بەشی فەرهەنگی و بەرگری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە وەڵامی خۆشحاڵی دەڕبڕینی بەشێک لە بەرپرسانی ئیسراییلی بۆ تەقینەوە لە پادگانی سپادا دەڵێت : " لێرەدا بە ئیسراییلیەکان دەڵێم کە هەر لە ئێستاوە فرمێسک بڕێژن و بگرین و نیگەران بن بۆ ئەو تەقینەوانەی کە لە ناوچە جیاوازەکانی ئیسراییل‌ لە داهاتوودا روودەدات! ".

سێکانسی حەوت
- لیزنی گراهام سێناتۆری کۆماری خواز، ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی، جیهان بەرەو تیاچوون دەچیت.

سێکانسی هەشت
- لە دەزگا هەواڵنێریەکانی جیهاندا دەنگۆی هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران بڵاو دەبێتەوە...
- غولامعەلی رەشید، جێگری سەرۆکی ستادی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بەوەی کە ئیسراییل دەستی لەو تەقینەوەیەدا بووبێت، ئەو دیعایە و پڕووپاگاندانە رەت دەکاتەوە و دەڵێت: " ئێران توانایی ئەوەی هەیە کە بە پشتیوانەی بە هێزی مووشەکی، ئیسراییل وێران بکات ". هەروەها لە درێژەدا سەبارەت بە شیمانەی ئەوەی کە ئیسراییل بتوانێت کردەوەیەکی لەو وێنەیە بکات گوتی : " مۆساد، سیا یان هەر یەکەیەکی ئیتلاعاتی دیکە بە هیچ شێوەیەک توانای ئاوەها کردەوەیەکیان نییە؛ بە تایبەت کە سەردار حسەینی تهرانی موقەدەم کەسایەتیەکی زۆر وردبین بوو و بواری ئەمنیەتی زۆر لە بەرچاو دەگرت ".
غوڵامعەلی رەشید سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی ئیسراییل بۆ هێرش کردنە سەر ئێران، دەڵێت: " ئەوە زەختێکە لە ئاستی رەوانیدا، ئێمە بەردەوام ئامادەین و بە پشتیوانی هێزی مووشەکی کە حسەینی تهرانی موقەدەم پێکی هێناوە،هەموو بنکەکانی ئیسراییل بومباران دەکەین ".

تیتراژ : شیمانە دەکرێت تەقینەوەی لەو چەشنە یان درێژەی ببێت، یان...

خوێندنەوە و لێکدانەوە
ئەگەری ئەوەی کە لە تەقینەوەی رۆژی شەممە 21ی خەزەلوەری 1390 لە پادگانی بیدگنە، مۆساد و رێکخراوە ئیتلاعاتیەکانی ئیسراییل یان ئەمریکا دەستیان هەبێت هەنووکە گوماناویە، بەڵام لە لایەکەوە بە لەبەرچاوگرتنی میژووی قەیرانسازیەکانی کۆماری ئیسلامی بە هەر نرخێک، و گوماناوی بوونی کوشتنی زانا ناوەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و لە لایەکی دیکەشەوە پڕوپاگاندەکانی دەزگا هەواڵنێریەکانی کۆماری ئیسلامی و لێدوانەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر پرسی ناوەکی ئێران، و ترسی ئیسراییل لە ئێرانی ناوەکی و ... لە ئاوەها هەل و مەرجێکدا دەکرێ بەم شێوەیە ئەو پرسە لێکبدەینەوە:

تاقیکردنەوەی ناوەکی
بۆ تەقینەوەیەکی لەو چەشنە کە هەر لە شەهریارەوە هەتا رۆژهەڵاتترین شوێنی تاراندا هەستی پێکراوە و لە وێنەی بوومەلەرزەیەک بووە، یەکەمین لێکدانەوە بیری گشتی بە لای هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ چەکی ناوەکی دەچێت.
کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی هەموو هەوڵەکانی گەیشتن بە چەکی ناوەکی بووە، بۆ ئەوەی کە بتوانیت داهاتووی خۆی بیمە بکات و درێژە بە بڵاوەدانی ئیسلامی شیعی بدات.
گواستنەوەی کەرەستەکانی چەکی ناوەکی، بردنیان بۆ شوێنە گشتیەکان، و شوێنگەلێک کە بە دوور بێت لە ئاگاداری ئاژانس، و بیرۆکەی جیهانی، لە سەردەمی سەدام حسێن، دیکتاتۆری عیراقیشدا یەکێک لەو رێگایانە بووە کە وەک خۆدزینەوە لە ئاشکرا کردنی راستییەکان تا گەیشتن بە چەکی ناوەکی، عیراقی ئەو کات کەڵکی لێ وەردەگرت، ئێستاش کۆمەری ئیسلامی لەو خۆدزینەوەیە و ئاشکرا نەکردنی راستیەکانی هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە چەکی ناوەکی کەڵک وەردەگرێت. بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەزگا هەواڵنێریەکانی کۆماری ئیسلامی باسیان لە جێگۆرکێ و جێ بە جێ کردنی تەقەمەنی کردووە، شیمانەی ئەوە دەکرێت کە کۆماری ئیسلامی لە جێ بە جێ کردن و جێگۆڕکی پێکردنی ئورانیومی پیتێندراو، تووشی ئەو خەسارە بووبێت، رێی تێ دەچێت کە ئیسراییل و دەزگا سیخوڕییەکانی، لەو هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی ئاگادار بووبێتن. یان لەوانەیە لە تاقیکردنەوەکاندا بۆ گەیشتن بە ئورانیۆم بە خەستیەکی زۆرەوە، ئەو تەقینەوەیە رووی دابێت...

دەستپێکی دژکردەوەی پێش وەختی ئیسراییل
بە پێی راپۆرتی سەنتەری نێوەنەتەوەیی لێکۆڵینەوەی ستراتژیک لە ئەمریکا، لە پلانێکدا کە لە لایەن گرووپی " گری سیمۆر " بڵاو کراوەتەوە( کە ئەمڕۆکە یەکێک لە ئەندامانی سەرەکی ئەو گرووپە لە دەستەی بەرگری لە وەبەرهێنای چەکی ناوەکی دەوڵەتی ئۆبامادایە ) ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئەگەر لە هەمبەر ئێراندا ژیرانە هەڵوێست نەگیرێت، ئەو وڵاتە تا ساڵی 2010 بە چەکی ناوەکی دەگات، بەڵام ساڵی 2010 بە سەرچووە. هیچ کەسێک ناتوانیت لەوە دڵنیا بێت کە ئێران خاوەن چەکی ناوەکییە یان نە...بەڵام ئێران هیوادارە جیهان درێژە بەو جۆرە بیرکردنەوە بدات. تەنانەت لە ئەگەری نەگەیشتنی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا، بە چەکی ناوەکی، دەگوترێ، ئێران تا ساڵی 2013 یان 2018 بە چەکی ناوەکی دەگات.
لە ئەگەری گەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوەکی، ئیسراییل گەورەترین زەرەرمەندە، و بەردەوام دڵەڕواکیی ئەوەی دەبێت کە نەکات بەر هێرشی و پەلاماری کۆماری ئیسلامی بکەوێت، ژماردنی بەروخوار بۆ ئیسراییل دەستی پێکردووە، هەر بۆیە شیمانە دەکرێت کە ئیسراییل لە درێژەی دژکردنەوەکانیدا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا پێش گەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوەکی بە ئەنجام گەیاندبێ.( هەر چەند ساڵانێکە کە ئیسراییل - جگە لە پڕووپاگەندە و شەڕی رەوانی- لە هەوڵی بەردەوامدا بووە بۆ ئەوی کە کەند و کۆسپ بخاتە بەردەم پرسی ناوەکی کۆماری ئیسلامی، بۆ وینە لە کۆنتڕۆڵ دەرکردنی سانتریفوژەکانی ئێران لە لایەن ئیسراییلەوە یان رەوانە کردنی ڤایرۆسی کامپیوتری بۆ یەکە ناوەکییەکانی کۆماری ئیسلامی).
ئەگەر ئیسراییل توانایی ئەوەی هەبێت کە بەو ساناییە دەستی بە بنکە نیزامیەکانی کوماری ئیسلامی رابگات، و تەقینەوەیەکی لەو چەشنە ساز بکات، دەبێت کۆمەڵگای جیهانی چاوەڕوانی هێرشی دوالەدوا و راستەوخۆکانی ئیسراییل بە هاوڕێیەتی هاوپەیمانەکانی بێت.
ئەوەی کە بەرپرسانی ئیسراییلی خۆشحاڵیان دەربڕی بۆ ئەو تەقینەوەیە و بڵاو بوونەوەی هەبوونی دەستی ئیسراییل، یان شەڕێکە لە ئاستی رەوانیدا، یان ئەوەی کە بە راستی ئیسراییل لەو تەقینەوەدا دەستی هەبووە یان ئاگاداری تاقیکردنەوەکانی ئێران بووە، لە ئاوەها ئەگەرێکدا ئەو تەقینەوەیە دەستپیکێک دەبێت بۆ هێرشە راستەوخۆکانی ئیسراییل بە پشتیوانی ئەمریکا.( بەڵام ئەگەری هاتنە ئارای ئاوەها پرسێک لە هەموو بوارێکەوە زۆر زەحمەتە )
بە دڵنیاییەوە تەقینەوەیەکی لەوچەشنە رووداوێکی ئاسایی نییە، و ئەوەی کە حسەین تهرانی موقەدەم، بەرپرسی سازمانی جەهادی سەربەخۆیی سپای پاسداران و دامەزرێنەری یەکەی تۆپخانە و مووشەک سازی سپای پاسداران، لە جێگای تەقینەوەکەدا بووە، دیارە کە سپای پاسداران پێش تەقینەوەکە لەو پادگانەدا تووشی کێشەیەکی گەورە بووە، کە پێویست بووە کەسێکی ئاوەها لەوێدا بێت...
چ ئەوەی کە ئیسراییل دەستی لەو تەقینەوەدا هەبووبێت و چ ئەوەی کە دەستی نەبووبێت، ئاستی دژایەتیەکانی کۆماری ئیسلامی و ئیسراییل رۆشتوەتە قۆناغێکی دیکەوە، و دەبێ لە داهاتوودا چاوەڕوانی درێژەی ئەو شەڕە رەوانییە بین و بزانین ئەو شەڕە دەچێتە چ ئاستێکەوە و بەرەو کوێ دەڕوات...