۱۳۹۰/۰۸/۰۹

دوو لایەنی کۆمەڵە بەم زووانە یەکدەگرنەوە


دوو لایەنی کۆمەڵە بەم زووانە یەکدەگرنەوە
          تایبه‌ت به سایتی به‌یانی
              جەمشید بەهرامی




ئەحمەدی باب ئەندامی بەڕێوە بەر و ئەندامی لێژنەی وتووێژکاری رەوتێک کە خۆیان بە ناوی "زۆرینەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان " ناو دەبەن، لە لێدوانێکدا بۆ سایتی بەیانی باسی لە یەکگرتنەوەی رەوتەکەیان لەگەڵ " کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران"دا کرد.
دوا بە دوای گرفتەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، و پێک هاتنی رەوتێک بە ناوی زۆرینەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەو رەوتە لەگەڵ رێبەرایەتی ئەو حیزبەدا نەگەیشتنە ئەنجام و لێکترازانێک لەو حیزبەدا درووست بوو.
ئەحمەد باب سەبارەت بە دۆخی ئێستایان بە لەبەرچاوگرتنی یەک مانگ بە سەر دابڕانیان لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا ئاماژەی بەوە کرد کە دیارە کۆمەڵێک گیروگرفتی تایبەتیان بووە، بە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵێک ژن و منداڵیان لەگەڵە، بەڵام توانیویانه بە سەر ئەو گرفتانەدا تا رادەیەک زاڵ بن.
ئەحمەد باب وەکوو ئەندامی لێژنەی وتووێژکاری رەوتەکەیان سەبارەت بە وت و وێژ و لێک نزیک بوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی کۆمەڵەدا ئاماژەی بەوە کرد: "لە بەر ئەوەی کە لە روانگەی سیاسی و فکریەوە لەگەڵ " کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران"دا هیچ جیاوازیەکیان نییە هەر بۆیە ئەو لایەنەیان بە نزیکتر زانیوە بۆ ئەوەی کە باسی یەکگرتنەوەیان لەگەڵ بکەن. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)



سەبارەت بەوەی کە تا ئێستا چ هەنگاوێک لەو راستایەدا هەڵگیراوە، ئاماژەی بەوە کرد کە لە هەر دوو لایەن، لێژنەیەکیان لە ژێر ناوی لێژنەی وتووێژکار دەستنیشان کردووە و سەردانی یەکیان کردووە و لە دوایین دانیشتنیاندا دوای کۆمەڵێک وتووێژ لە سەر لایەنە جیاوازەکان و چۆنیەتی کاری هاوبەش بە هاودەنگی، هەردوو لایەن پێداگرییان لە سەر یەکگرتنەوە کردووە و لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کرد کە مەرجی ئەوان بۆ وتووێژ لە سەر یەکگرتنەوە ئەوە بووە کە لایەنی بەرامبەریان، ئەوان وەک " زۆرینەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان " بە فەرمی بناسن، هەر بۆیە بەو پێش مەرجەوە وتووێژەکانیان دەست پێکردووە و بە ئه‌نجام گەیشتوون.
ئەحمەد باب سەبارەت بە ئاستی بەرەو پێش چوون و چۆنیەتی یەکگرتنەوە ئاماژەی بەوە کرد کە هەر دوو لایەن وەک " زۆرینەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان " و " کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران " لە داهاتوویەکی نزیکدا راگەیاندنی تایبەت بۆ راگەیاندنی یەکگرتنەوە دەدەن، و لە ژێر ناوی " کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران " درێژە با چالاکی سیاسی خۆیان دەدەن و ئەو ئۆردووگایەی کە ئەوان ئێستە لەوێ نیشتەجێن دەبێت بە یەکێک لە ئوردووگاکانی " کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران". هەر بۆیە بە ئاگاداری حکوومەتی هەرێم و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان یەکدەگرنەوە.
هەر لەو راستایەدا بۆ کاری هاوبەش لە ژێر ناوی "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران"دا و ئەگەری گرتنی کۆنگرەیەکی هاوبەش ، ئەحمەد باب ئاماژەی بەوە کرد: "لەوانەیە کۆنگرەی پێش وەخت لە ئارادا بێت و ئەویش لە دوای یەکگرتنەوەدایە کە رێبەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان بڕیاری لە سەر دەدات، بەڵام لە ئێستادا بەس یەکگرتنەوەی و رۆشتنەوەی ئەوان بۆ نێو ئەو حیزبەی کە لە ساڵی 2007دا بە هۆی کۆمەڵێک کێشەی تەشکیلاتی‌دا لە یەک دابڕابوون، لە ئارادایە، لە بەر ئەوەی کە ئەوان لەگەڵ ئەو حیزبەدا لە بواری سیاسیەوە هیچ کێشەیەکیان نییە و کێشەکانی ئەو سەردەمەش بەس هەندێ کێشەی تەشکیلاتی بوون."
ئەحمەدی باب سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی کە ئەندامانی بەڕێوبەڕی ئەو رەوتەی ئەوان ببنە بەشێک لە ئەندامانی رێبەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، گوتی: "ئەوان هیچ مەرجێکی لەو چەشنەیان نەبووە، و تەنیا مەرجی ئەوان بە فەرمی ناسینیان لە لایەن، لایەنی بەرامبەر و پێ داگریان لە سەر یەکگرتنەوە بووە.  ئاماژەی بەوەش کرد لە بەر ئەوەی کە رێبەرایەتی هەڵبژێردراوی کۆنگرەیە، هەر بۆیە ئەوان کۆنگرە بە فەرمی دەناسن و ئەگەر ئەندامانی ئەوان لە کۆنگرەی داهاتووی " کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران "دا دەنگیان هێنایەوە ئەوا بە پێی ئەساسنامە دەبن بە بەشێک لە رێبەرایەتی کۆمەڵە، ئەگینا هەر وەک ئەندام لەو حیزبەدا درێژە بە چالاکی دەدەن. ئاماژەشی بەوە کرد لە دانیشتنەکاندا بەوە گەیشتوون کە پێشمەرگە و ئەندامان و کادرەکانی ئەوان لە دوای یەکگرتنەوەدا هەر هەمان حیسابیان بۆ دەکرێت.


ئەحمه‌د باب باسی لە ئامانجی سەرەکی رەوتەکەیان کرد و گوتی: "ئامانجیان ئەوەیە کە لایەنێک لە لایەنەکانی کۆمەڵە کەم بکەنەوە و لایەنێک لە لایەنەکانی کۆمەڵە بە هێزتر بکەن." لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی باس کرد کە لەگەڵ " کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان"دا هیچ دانیشتن یان وتووێژێکیان نەکردوە بە هۆی ئەوەی کە ئەوان حازر بە وت و وێژ نەبوون.باب " لە کۆتاییدا رایگەیاند کە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە راگەیاندێکی فەرمی‌دا ئەو یەکگرتنەوەیە رادەگەیەنن.
لینکی ئەم بابەتە  لە سایتی بەیانی