۱۳۹۰/۰۷/۱۹

هیچ دەستێکی دەرەکی پاڵپشتی زۆرینەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان نەبوە


ئەحمەد باب : هیچ دەستێکی دەرەکی پاڵپشتی زۆرینەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان نەبوە.
سازدانی دیمانە : جەمشید بەهرامی

زۆرینەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دوای چارەسەرنەکردنی کێشەکانیان، و بە ئاکام نەگەیشتنی دانیشتنەکانیان لەگەڵ رێبەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگوێزرانەوە بۆ ناحیەی بازیان سەر بە شاری سلێمانی.لە بەر هۆی گرنگایەتی ئەو رووداوانەی کە لەم دواییانەدا بەروڕووی زۆرینەی کۆمەڵە زەحمەتکێشانی کوردستان بوونەوە پێوەندی‌مان بە ئەحمەد باب "ـەوە کرد.
ئەحمەد باب، یەکێکە لە سیما دیار و ناسراوەکانی نێو چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئەم دواییانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەحمەدی باب سیمای پۆڵایینی ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ، کە چەندین جار لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە گیراوە و دوایین جار بە تۆمەتی ئەندامەتی لە کۆمەڵەدا دوای 160 رۆژ زیندانی تاکەکەسی بە بارمتەی قورس ئازاد دەکرێت، و دوای ئازادبوونی لە ریزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان‌دا جێگیر دەبێت.ئەحمەدی باب بە هۆی خۆڕاگری لە نێو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا، لە کوردستان زۆر خۆشەویستە، جێگایەکی تایبەتی لە نێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا کردوەتەوە.(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
 دوای ئەوەی کە ئەحمەد باب وڵات بە جێ دەهێڵێت لە لایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامیەوە بە 14 ساڵ زیندان مەحکووم دەکرێت، ئەحمەد باب هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی لە نێو یەکێک لە لایەنەکانی کۆمەڵەدا هەوڵی ئەوەی‌داوە کە باس لە یەک گرتنەوەی لایەنەکانی کۆمەڵە بکات؛ ئەو سیما خۆشەویستەی ناوخۆی وڵات، لە نێو ریزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان‌دا دەبێت بە یەکێک لە رەخنەگرە جیدیەکانی رێبەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.
هەروەها کە هەموان ئاگادارن ماوەیەک لەوە پێش ئەحمەد باب و چەند پێشمەرگەیەکی هاوڕێی  کێشەکانی بەدەنەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەگەڵ رێبەرایەتی ئەو حیزبەداعەلەنی کردوە و نەیانهێشت کە ئەو کێشانە لە نێو حیزب‌دا قەتیس بێت، دواتر وەک خۆی دەڵێت بە حوکمی ئەوەی کە رێژەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانیان لەگەڵ‌دا بوو، بە نێوی " زۆرینەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان"، چەند راگەیاندیان ئاراستە بیری گشتی کۆمەڵگای کوردستان کرد.
ئەوەی کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە دەقی وتووێژێکە کە لەگەڵ بەرێز ئەحمەد باب یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی بەرێوبەری کاتی زۆرینەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا سازمان داوە.

جەمشید بەهرامی : بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێوە کۆمەڵێک ژن و منداڵتان لەگەڵە و لە ئوردووگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە راگوێزراون بۆ ناحیەی بازیان، وەزعی ئێستاتان لە باری شوێنی نیشتەجێ بوونەوە لە چ ئاستێکدایە؟

 ئەحمەد باب: ئێمە زیاتر 13 بنەماڵەمان لەگەڵدایە، لە کۆدا 81 کەسین و تاکوو ئێستا بە شێوەیەکی رەسمی هیچ جێگایەک کە شیاوی ژیان بێت دابین نەکراوە بۆمان، دوای میانجیگەری لایەنی سێهەم واتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە بە باشمان زانی کە کێشە بۆ هیچ لایەک ساز نەکەین، بۆیە پێشنیاری حکومەتی هەرێممان قەبووڵ کرد کە لە ئوردووگای زڕگوێزەڵە نەمێنین، زۆریش سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ئاوڕیان لێ داینەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێشتە هیچ شوێنێکمان بۆ دابین نەکراوە و خێوەت و چادرمان هەڵداوە، و بە دوور لە هەر چەشنە ئامرازەکانی ژیان، ژن و منداڵمان بە سەر دەبەن.
جەمشید بەهرامی : چۆن بوو کە کێشەکانی ئێوە لەگەڵ رەهبەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا ئاکامێکی ئاوەهای لێ کەوتەوە؟
ئێمە وەک زۆرینەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان پلاتفۆرمێکمان پێشکەش بە کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کرد، بەڵام بەداخەوە رێبەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە تایبەت کاک عومەر ئیلخانیزادە، دوای 24 کاتژمێر هانایان بۆ حکوومەتی هەرێم برد و راستەوخۆ ئاسایشی حکوومەتی هەرێمان ئاگادار کردەوە و ئاسایش هاتە نێو ئوردووگا و هەموو پێشمەرگەکانی چەک کرد،و کەش و هەوایەکی زۆر ناخۆشیان بە سەر ئوردوگادا زاڵ کرد.
جەمشید بەهرامی : داخوازیەکانی ئێوە چی بوو، کە لەگەڵ خواستەکانی رێبەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا یەکی نەدەگرتەوە؟
ئەحمەد باب: ئێمە نەمانەویست کە هیچ شتێکی شاراوەمان بێت، هەر لە سەرەتاوە جەختمان لەگەڵ ئەوە دەکرد کە دەبێ هەموو شتێک بۆ بیر و رای گشتی بڵاو بکەینەوە، هەروەها کە باسم کرد ئێمە پلاتفۆرمێکمان پێشکەش بە کومیتەی ناوەندی کرد، و دەقی ئەو پلاتفۆرمە لە سایتە کوردییەکاندا بڵاو کرایەوە، بەڵام کێشەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ساڵێک بەر لە ئێشتا، ئێمە پێداگریمان لە سەر ئەوە دەکرد کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەم شێوە ناتوانێ وەڵام دەرەوەی خواستەکانی چینەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت، و ناتوانێت یەکگرتووییەک لە نێو ئەو لایەنانەی کە بە نێوی کۆمەڵەوە کار دەکەن پێک بهێنێت، بەڵام بەداخەوە شەخسی سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێسانی کوردستان،واتە کاک عومەر حازر بەوە نەبوو کە یەکگرتنەوە درووست بێت،و دڵنیام ترسی سەرکی کاک عومەر ئەوەیە کە ناهیەوێت یەکگرتنەوەیەک روو بدات!،بەڵام ئێمە یەکگرتنەوەی لایەنەکانی کۆمەڵە لە بەرژەوەندی نەک کۆمەڵە بەڵکوو لە بەرژەوەندی تەواوی چینەکانی خەڵکی کوردستان دەزانین.

 جەمشید بەهرامی : بە پێی راگەیاندنەکانی ئێوە، یەکێک لەو خاڵە لاوازانەی کە ئێوە ئاماژەتان پێدابوو، جێ بە جێ نەکردن یان خود هەواڵ نەدانی رێبەرایەتی و کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ رێفۆرم ،مەبەستتان لە رێفورم چی بوو، رێفۆرم لە ساختاری حیزبی یان لە شێوازی خەبات؟
ئەحمەد باب: ئینشعابی ساڵی 2007 کۆمەڵێک داخوازی هەبوو،و رەخنەی سەرەکی لە وەزعیەتی ئەو کاتەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەگرت، من لێرەدا ناڵێم هەموو ئەو داخوازیانە بێ جێ بوون، بە پێچەوانە زۆرێک لەو داخوازیانە بەر حەق بوون، هەر ئەوە بوو کە ئێمە دەستمان دایە پێک هێنانی رەوتێک لە ژێر ناوی " رەوتی چاکسازی و گەشە "، بەڵام بەداخەوە نە لە ساختار و شێوازی خەباتدا چاکسازیمان کرد، نە گەشەمان کرد، بەڵکوو کۆمەڵەمان شەق شەق کرد، کۆمەڵەمان بەرەو ئاقارێکی نالەبار برد، ئەوا بۆ زیاتر لە چوار ساڵ ئەچێت ئێمە نەمانتوانیوە هیچکام لەو شوعارانەی کە ئەماندا بە کردەوەی بگەیەنین، هەموو ئەو شتانە بەس لە قاڵبی شوعاردا بوو، ئێمە هیچمان نەکرد بەس ئێمە باڵێکمان بە تەیفی کۆمەڵەکان ئیزافە کرد، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بانگەشەی بۆ یەکگرتنەوەی باڵەکانی کۆمەڵە دەکرد، بەڵام هەمووی لە قاڵبی شوعاردا بوو، ئەگەر پێویست بکات من بەڵگەی تایبەت و ئەسناد و وردەکاریەکان دەخەمە روو، کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە تایبەت شەخسی سکرتێر کاک عومەر ئیلخانیزادە نەک هیچ هەنگاوێکی بۆ یەکگرتنەوەی باڵەکانی کۆمەڵە هەڵنەگرتووە،بەڵکوو یەکگرتنەوەی باڵەکانی کۆمەڵە لە بەرژەوەندی خۆیدا نازانێت.
جەمشید بەهرامی : یەکیک لە رەخنەکانی ئێوە لە رێبەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەوە بوو کە لە لایەن رەهبەری ئەو حیزبەوە کۆنگرە دواخراوە و لە کاتی خۆیدا کۆنگرە نەگیراوە، و لە لایەکی دیکەوە ئێوە پێداگری لە سەر ئەوە دەکەن کە وەک رێژە ئێوە زۆرینەی ئەو حیزبە بوون، ئێوە بۆچی تا گرتنی کونگرە نەوەستان، باشتر نەبوو کە داخوازیەکانتان وەک گەڵاڵەیەک بخستایەتە بەردەم کونگرە، و دواتر وەک زۆرینە لە کۆنگرەدا رۆڵی خۆتان بگێڕایە؟ لەو کاتەدا رێبەرایەتی نەیدەتوانێ بەم شێوەیەی کە خۆتان باسی دەکەن لەگەڵ ئێوەدا مامەڵە بکات...
ئەحمەد باب: ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەکانی نێو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پێویستە خەڵکی کوردستان لەوە ئاگادار بن کە زۆرینەی ئەندامانی کومیتەی ناوەندی دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، ماوەی یەک ساڵە کە کۆنگرە دوا خراوە، بە پێی ئەساسنامەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەبێ هەر سێ ساڵ جارێک کۆنگرە بگیرێت، بەڵام دوای تێپەڕ بوونی چوار ساڵ هەنووکە کۆنگرە نەگیراوە،و لە پۆلۆنۆمی شەشەمدا( واتە پلۆنۆمی نامشەرووعی کۆمیتەی ناوەندی‌)، کۆنگرەیان خستوەتە ساڵی 2012، کە ئەوە دژ بە پێڕو و ئەساسنامەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانە، دەتوانم بە راشکاوانەوە بڵێم کە کومیەتی ناوەندی هیچ مەشرووعیەتێکی نییە، و ئەگەر چاو لە دەفتەری سیاسی بکەیت، لەو پێنج ئەندامەی دەفتەری سیاسی، چوار کەسیان بە فەرمی دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، بە پێی ئەساسنامە، دەفتەری سیاسی و کومیتەتی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هیچ مەشرووعیەتێکی نییە.
جەمشید بەهرامی : ئێوە رێبەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانتان ئاگادار کردەوە کە مەشرووعیەتیان نییە؟
ئەحمەد باب: بەڵی ئێمە لە پلاتفۆرمەکەماندا پێشنیاری ئەوەمان بە رێبەرایەتی کرد کە تا کاتی کونگرە کومیتەیەک بۆ رێبەری دەستنیشان کەین ، بەڵام بەداخەوە جەنابی سکرتێر واتە کاک عەمەر ئیلخانی‌زادە حازر نەبوو کە کومیتەیەکی ئاوەها پێک بێت و کەش و هەواکەی بەم ئاقارە نالەبارە برد کە هەموان دەیبینن.
جەمشید بەهرامی : رێبەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، باسی لە دەستی دەرەکی کردووە کە پاڵپشتی ئێوەیە، بەردەوام پێداگری لە سەر ئەوە دەکات کە دەستێک لە دەرەوەی حیزب ئێوەی هان دەدا، و راستەوخۆ کاک عەبدووڵای موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بەوە تاوانبار دەکات کە لە وێنەی کاتالیزۆڕێک لە پشتی هەڵسوکەوتەکانی ئێووە دژ بە رێبەرایەتی بووە تا چ رادەیەک ئەوە راستە؟
ئەحمەد باب: کاک عومەر خۆی باش دەزانێت کە وانییە، ئێمە دۆستانی لێک نەپچڕاوی شەخسی سکرتێر بووین، دڵنیاتان دەکەم کە هیچ دەستێکی دەرەکی لە پشتی ئەو داخوازیانەی ئێمەوە نەبووە، ئەمە رەوتێکی هەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بووە، ئێمە کەسانێک بووین کە لە بەرامبەر کەش و هەوای زاڵ بە سەر کۆمەڵەدا،هەستمان بە مەسئوولیەت کردووە، زۆرێک لەو کەسانەی کە لەگەڵ ئێمەن کەسانێکن کە پێشتر ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنی و زیندانی سیاسی بوون،ئێمە بە هەست کردن بەوەی کە چیتر پرژ و بڵاوی کۆمەڵە ناتوانێت خزمەت بە یەکگرتنەوەی باڵەکانی کۆمەڵە بکات، دەستمان دایە ورووژاندنی ئەم رەوتە، ئێمە ناتوانین لە هیچ لایەنێک بەتایبەت لە کاک عومەر ئیلخانی‌زادە قەبووڵ کەین کە کۆمەڵە بەم پرژ و بڵاویە بمێنێتەوە، بۆیە خۆڕسکانە هەڵساین و دەستمان دایە ئەم حەرەکەتە، ئێمە دەڵێین یان یەکگرتوویی و یەکڕیزی کۆمەڵە یان هیچ، بۆیە هەموان دڵنیا دەکەمەوە کە هیچ کەس یارمەتی داوین، کەس راوێژکارمان نەبووە، ئەو قسانەی کە دەیکەن بێ بنەمایە و هیچ پێوەندیەکیمان لەگەڵ کاک عەبدووڵای موهتەدی نەبووە، ئەوان بەو دەنگۆیانە دەیانهەوێت ئەم رەوتەی ئێمە بە لارێدا بەرن، بەڵام پێم خۆشە کاک عومەر و دەورووبەریەکانی ئاگادار بکەمەوە ئێمە تا گەیشتن بە ئامانجەکانمان کە یەکگرتنەوەی باڵەکانی کۆمەڵەیە کۆڵ نادەین.
جەمشید بەهرامی : گەڵاڵەیەکی تایبەتتان هەیە بۆ ئەو یەکگرتنەوەیە؟
ئەحمەد باب: ئێمە لەگەڵ لایەنی سێهەم واتە حکوومەتی هەرێم راشکاوانە باسی ئەوەمان کردووە کە هۆکاری ئەم ناڕەزایەتیانەی ئێمە لە نێو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە بە تەواوی باڵەکانیەوە و هەوڵ نەدانی رێبەرایەتی ئەو حیزبە بۆ یەکگرتنەوە، ئێمە بەردەوام پێداگریمان لە سەر یەکگرتنەوە کردووە، ئەو هەل و مەرجە نالەبارەی کە ئێمە ئێستا لە بازیان تیایدا دەژین بۆ بە جێ هێنانی ئەرکێکی مێژووییە، ئێمە ئەمانەوەی بە خەڵکی کوردستان بڵێین کە دڵنیا بن کە ئێمە ئەو ئەرکە مێژووییە بە کردەوە دەگەیەنین و دەبینە هۆی یەکگڕیزی ئەو لایەنانەی کە بە ناوی کۆمەڵەوە کار دەکەن، ئێمە قەد نامانهەوێ حیزب یان لایەنێک درووست بکەین.
جەمشید بەهرامی : راستیەکان بە پێچەوانەی وتەکانی جەنابتانە، ئێوە دەڵێن کە ئێوە ئەرکێکی مێژووییتان لە سەر شانە واتە یەکگرتنەوەی باڵەکانی کۆمەڵە، خەڵکی کوردستان دەبینن راستەوخۆ ئەو رەوتەی ئێوە خەریکە ئەبێت بە لایەنێک یان حیزبێکی دیکە،  چ گەرنتیەک هەیە کە لەگەڵ لایەنێکی کۆمەڵەدا یەک بگرنەوە؟ ئایا ئەگەر وا نەبێت و ئێوەش بوون بە لایەنێکی دیکە، هەموو وتەکانی جەنابت و هەموو بانگەشەکانی رەوتەکەتان بە لارێدا بردنی راستیەکان نەبووە؟
ئەحمەد باب: دڵنیا بن من بەڵێنی یەکگرتنەوە دەدەم و ئەگەریش وا نەبوو من حازرم وەک ئەحمەد باب لێدوان بدەم کە خەیانەتم بە کۆمەڵە کردووە، و لایەنێکم بە لایەنەکانی کۆمەڵە ئیزافە کردووە، ئێمە هیچ لایەنێک بە کۆمەڵە ئیزافە ناکەین، و لە یەکەمین سمیناری خۆماندا، روو بە خەڵکی کوردستان بانگەواز بۆ یەکگرتنەوەی لایەنەکانی کۆمەڵە دەکەین، هەرلایەنێکی کۆمەڵە بێت ئێمە حازرین کە لەگەڵی یەک بگرینەوە، بەڵام بە مەرجێک کە ئەو لایەنەی کۆمەڵە لە بەرژەوەندی چینەکانی کۆمەڵانی کوردستان و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا هەنگاو هەڵێنێت، ئێمە لەم یەکساڵی رابردووەدا زۆر هەوڵمان داوە کە هەر دوو لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، چ لە ئاستی بەدەنە و ئەندام و کادرەکاندا و چ لە ئاستی سەرووی هەر دوو لایەنەکانەوە واتە کاک عەبدووڵای موهتەدی و کاک عومەری ئیلخانی‌زادە لە یەک نزیک بکەینەوە، ئێمە پرۆسەیەکمان دەست پێکردووە و دڵنیاتان دەکەمەوە کە بە ئەنجامی دەگەیەنین.
جەمشید بەهرامی : تا چ رادەیەک شیمانەی ئەوە دەکرێت کە لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەتایبەت کاک عومەر ئیلخانی‌زادە دا دیسانەوە کاری هاوبەش بکەن و لە یەک ریزدا درێژە بە خەبات بدەن؟
ئەحمەد باب: ئێمە باوەشمان بۆ هەموو باڵەکانی کۆمەڵە و هەروەها بۆ کاک عومەریش ئاوەڵایە، چونكوو ئەوانیش هەر بە کۆمەڵە دەزانین، پێم خۆشە ئەوە بزانیت کە ئێمە ئێستا کاک عومەر و حیزبەکەی وەک خۆمان چاو لێناکەین، بەڵکوو وەک لایەنێکی دیکەی کۆمەڵە چاو لێ دەکەین، ئێمە حازرین لەگەڵ هەموو لایەنەکان وتووێژ بکەین، کاک عومەریش وەک یەکێک لەو لایەنانە، بەڵام بەو مەرجەی کە ئەویش خوازیاری یەکگرتنەوە بێت، کە دڵنیام کاک عومەر خوازیاری یەکگرتنەوە نییە، چونکوو یەکگرتنەوەی لایەنەکانی کۆمەڵە لە بەرژەوەندی شەخسی کاک عومەردا نییە.
جەمشید بەهرامی : ئێوە کام لایەنی کۆمەڵە بە خۆتان نزیکتر دەزانن؟

ئەحمەد باب: ئێمە وەک زۆرینەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە خۆمان بە نزیک دەزانین، ئەو لایەنەیش کە بە ناوی شاخەی کوردستانی حیزبی کمۆنیستی ئێران کار دەکات بەو مەرجەی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت کاری هاوبەشی لەگەڵ دەکەین، بەڵام ئەگەر پرسی نەتەوەیی بەلایانەوە گرنگ نەبێت خواستەکانمان یەک ناگرێتەوە و وەک حیزبێکی کوردی لەگەڵیاندا مامەڵە ناکەین.
جەمشید بەهرامی : سەرەکی ترین کێشەتان لەگەڵ رێبەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەیکێشانی کوردستاندا چی بوو؟

ئەحمەد باب: سەرکی ترین کێشەی ئێمە لەگەل ئەوان بە تایبەت لەگەڵ کاک عومەر کێشەی تەشکیلاتی و ناروونی لە سیاسەتەکانی کۆمەڵەدا بوو، ئێمە خوازیاری شەفافیەتی سیاسی لە لایەن سکرتێرەوە بووین، سکرتێر چ لە بواری سیاسی نێوخۆ و دەرەوەی تەشکیلات، چ لە بواری راگەیاندن، چ لە بواری ماڵی‌دا ناراست و ناشەفاف بوو.
جگە لە کاک عومەر هیچ کەسێک ئاگاداری وەزعیەتی ماڵی نەبوو، پێم خۆشە هەر کام لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی ئەگەر دەڵێن ئاگادارین کە سەرمایەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە چ ئاستێکدایە با بێت لە کونگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەیەکەوە دانیشن با بزانین کام یەک لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندی توانیویەتی لە بەرامبەر سەرەرۆییەکانی کاک عومەردا دەنگ هەڵبڕێت، ئەوە بزانن کە هەموو داهاتەکان و سەرمایەکان لە بەرژەوەندی و لە خزمەتی تەشکیلاتەکانی حیزب و پێشمەرگەی رەش و رووت‌دا نەبووە، بەڵکوو لە خزمەت کاک عومەری ئیلخانێزادەدا بووە.
جۆرێک فەسادی ماڵی،تەشکیلاتی، ئیداری لە ژێر سێبەری کاک عومەرەوە باڵی بە سەر کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشان‌دا کێشا بوو،کە کەشێکی ئاوەهای خولقاند کە هەموان ئاگادارن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ساڵی 2007دا بەڵێنی فەعالیەتی نیزامی و بەڵێنی کۆتایی هێنانی بە ئوردووگانشینی بە خەڵکی کوردستان دابوو، بڕیاری رۆشتنەوە بۆ قەندیلیان دا، لەو کاتەدا بانگەشەی ئەوە دەکرا کە چیتر نامانهەوێ حیزبی تاراوگەنشین بین، لە کۆنگرەی 12دا کاک عومەر لە وتەکانیدا جەختی لە سەر ناوخۆ کرد، و دەقی وتەکانی ئەوە بوو : "ناوخۆ ، ناوخۆ ، ناوخۆ... " تەشکیلاتی نهێنی لای رهبەری کۆمەڵە لە ئەولەویەتدا بوو، بەڵام هیچ کام لە شوعارانە نەهاتە بواری کردەوە و جێ بە جێ کردن، پێشمەرگە نەرۆشتە قەندیل، ئوردووگانشینی هەر بەردەوام بوو، ئەوا زیاتر لە ساڵ و نیوێکە کە بە تەواوەتی تەشکیلاتی نهێنی لە بیرکراوە.
جەمشید بەهرامی :دوایین وتەت ؟
بیر و رای گشتی ئاگادار دەکەمەوە کە هیچ لایەنێک بە لایەنەکانی دیکەی کۆمەڵە ئیزافە ناکەین، و لە پێناو یەکڕیزی کۆمەڵەدا هەنگاو هەڵدێنین، سەرکەوێ بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد، شەکاوە بێت ئاڵای کۆمەڵە.
 لینکی ئەم بابەتە لە سایتی بەیانی:
http://beyani.net/more.php?id=4952