۱۳۹۰/۰۶/۲۱

لۆرکا شانۆنامەنووسی ئەوین و ژن




لۆرکا شانۆنامەنووسی ئەوین و ژن
ئـ : جەمشید بەهرامی

زۆر جار باس لە لۆرکا و لایەنە شێعریەکانی لۆرکا کراوە، بەڵام زۆر کەم باس لە شانۆنامەکان و زمان و کەش و هەوای تایبەتی لۆرکا لە شانۆنامەکانیدا کراوە، لای زۆر کەس لۆرکا وەک شاعیرێک ناسراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم لۆرکا بەر لەوەی کە شاعیر بووبێت شانۆنامەنووس بووە، بۆ ئەم بانگەشەیەش جەخت لە سەر زمانی تایبەت، کەش و هەوا و جۆری پێکهاتنی کێشەکان و گرێ شانۆییەکان، تا دەگات بە لووتکەی شانۆنامە لە شانۆنامەکانی لۆرکادا دەکەم.
لۆرکا گرنگایەتیەکی بێ وێنە دەدات بە ژن و پرسی ژن لە شانۆنامەکانیدا و بەردەوام بە خولقاندنی ئاڵۆزیەکان، ئەوین و حەزە سەرکوت‌ کراوەکانی ژنانی کۆمەڵگاکەی بەرجەستە دەکاتەوە، لۆرکا بە بەردەنگ ئیزنی ئەوە نادات کە وچانێکی ئەوتۆ بدات، چرکە چرکە بەردەنگ بەرەوڕووی رووداو و کێشەکان دەکاتەوە کە هۆکاری سەرکی ئەو کێشانەش خودی ژنە، لە "ماڵی بێرنارد ئالبا" چند کچی قەیرە بە دەست بێرنارد ئالبا کە خۆیشی ژنە دەچوسێنەوە، مێرد و دەرباز بوون لەو ماڵە سێحراویە بووتە ئاواتی وەدی نەهاتووی هەرکامە لەو قەیە کچانە؛ لۆرکا لە هەر کامە لە شانۆنامەکانی " یەرما " و " زەماوەندی خوێن " دا بە جۆرێک ئاوڕ لە کێشەکانی ژن دەداتەوە.
ئەگەر لوییز بۆنۆیل، ساڵوادۆر داڵی و فدریکۆ گارسیا لۆرکا ئەو سێ کەسە بوون کە ئێستاش خەڵکی ئیسپانیا شانازی پێوە دەکات، سەرەڕای هەبوونی کێشە لە نێوان لۆرکا و ئەو دووکەسەکەی دیکەدا، بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین ئەوانیش شانازیان بە لۆرکاوە دەکرد بەڵام قەد نەیان درکاند، ئەو سێ کەسە بوونە ئوستوورەگەلێک کە بێ گومان دەتوانین بڵێین لە مێژووی هونەردا هەتا هەتایی بوون. داڵی سورریالیزمی لە شێوەکاریدا هێنایە کایەوە و لۆرکا رۆڵێکی نوێی لە شێعر و شانۆنامە نووسیدا گێڕا، بۆنویل بە فیلمی " سەگی ئەندەلۆسی " لە سینەمادا گۆرانگاری پێک هێنا. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

ئسپانیا و ئەو سەردەمی کە ئەم کەڵە هونەرمەندانە لەو دا دەژیان، کەش و هەوایەکی لە چەشنە ی خولقاندبوو، کە لۆرکا و دەورووبەریەکانی نەیاندەتوانی چێژ لە زمان و دۆخی تایبەتی ئەو سەردەمە وەر نەگرن و لە رێگای هونەرەوە نەیگوێزنەوە بۆ سەر بەرهەمی هونەری.
لۆرکای شاعیر لەگەڵ لۆرکای شانۆنامەنووسدا جیاوازی‌گەلێکی زۆری هەبوو. داڵی لە سەر ئەو رایە بوو کە شانۆ نامەکانی لۆرکا بنەمایەکی ریالیستیان تێدا بەدی ناکرێت و لە خەیاڵێکی هیچ و پووچەوە سەرچاوە دەگرن کە نیشاندەری دڵەراوکێکانی بێ بنەمای لۆرکان. بەڵام قەد بەو شێوەیە نەبوو کە داڵی باسی دەکرد.
پاڵەوانەکانی لۆرکا، لە داب و نەریتەکان هەڵدێن. کەسانێک کە بە گژ داب و نەریتدا دەچنەوە و دەبنە کۆیلەی بنەماکان و چارەنووسی خۆیان. لە کۆتاییدا پاڵەوانەکانی لۆرکا بەرەورووی مەرگ دەبنەوە، بەڵام ئەم مەرگە، مەرگێکی تراژیک لە رەنگی دراماکانی رۆمانتیک و کلاسیکی شێکسپیری نییە بەڵکوو تووڵەی مەرگ خولقێنی چارەنووسە.
دەورگێڕانی ئەکتەرەکان لە شانۆنامەکانی لۆرکادا، دەورگێڕانێکە کە دەڕواتە بازنەی شانۆی برێشتەوە نەک دەورگێڕانێک کە دەرواتە بازنەی ریالیستی تا دەگاتە شانۆی ئەبزۆرد.
 چیرۆکی شانۆنامەکانی لۆرکا؛ زۆر جار تووند و تیژیەکی شاراوەی تێدایە کە دەگەڕێتەوە بۆ نەستی مرۆیی کەسایەتیەکانی شانۆکە. ناتۆڕالیزمێکی شاراوە لە چیرۆکی شانۆنامەکانی لۆرکادا بەدی دەکرێت کە دەبێتە هۆی جەبرگەراییەکی تیژ بۆ پاڵەوانی چیرۆک، کە لێرەدا دەرباز بوونی پاڵەوانە زۆر ئەستەم دەبێت. شانۆنامەکانی لۆرکا لەگەڵ خێراییەکی بێ بەدیل دایە، رووداوەکان زۆر بە خێرایی روو دەدەن، کاتی وا هەیە کە رووداوێک زۆر دەخایەنێت بەڵام لە چەند پەردەی شانۆییدا لەگەڵ چیرۆکێکی کورت رووبەڕوو دەبینەوە، بەڵام یەکجاری شەپۆلێک لە رووداوەکان و کێشەکان روو دەدەن. ئەمە کێشانەوەی ژیانە کە لە چیرۆکەکانیدا خۆیان دەر دەخەن. ئەم ریتمە یەکجار ئاڵۆزەیە کە شانۆنامەکانی لۆرکا چێژبەخش دەکات.
کەڵک وەرگرتن لە زمانی کووچە و کۆڵان یەکێک لە پێناسەکانی شانۆکانی لۆرکایە. کە لە وەرگێڕانەکانی شاملوودا زۆر بەرچاوە، ئەحمەدی شاملوو لە وەرگێڕانی شانۆکانی لۆرکادا، زۆرر بە درووستی دەقی فارسی و ئێرانی دەستەواژەکانی کووچە و کۆڵانی بە کار هێناوە کە رەنگێکی دی دەداتە شانۆکانی لۆرکا.
لۆرکا پاڵەوانەکانی لە شێوەی کەسانێک کە گیانیان بەخت دەکەن دەخولقێنێت، کەسانێک کە کۆیلەی هزر و بیرۆکەیانن و هەروەها کۆیلەی دەورووبەریەکانیان و کۆمەڵگاکەیانن. جۆرێک کۆیلەیی کەسایەتی مرۆڤەکان و تێکۆشانی جار جارەی ئەوان بۆ قوتار بوون لەو بازنە تاقەت پڕووکێنەدا، کە رێگایەک جگە لە مەرگیان بۆ ناهێڵێتەوە و تاڵتر لە هەموو شتێک ئەوەیە کە هەر ئەمانەن کە کەسەکانیان و بنەماڵەکانیان مەرگی خۆشەویستەکانیان لە بەرامبەر داب و نەریتەکان و نەگۆڕ بوونی چارەنووس بە رەوا دەزانن.
لە راستیدا پاڵەوانەکانی شانۆکانی لۆرکا لە بەرامبەر گرێ دامرکاوە ناوەکیەکانیاندا شۆڕش دەکەن، ئەویش لە دونیایەکی راستەقینەدا، نەک لە وێنەی سورریالیستەکان لە وەهم و خەیاڵدا، ئەمانەیە کە شانۆکانی لۆرکا لێوانلێو دەکات لە تاڵیەک کە هەر لە سەرتای شانۆکەوە تا کۆتایی لەگەڵ بەردەنگدایە.
شانۆکانی لۆرکا لێوانلێوە لە دڵەراوکێ و نیگەرانی، و ئەم هەستە بە تەواو مانا دەگوازێتەوە بۆ بینەر، تا ئەو رادەیەی کە لە کاتە دڵگوشا و دڵاواکانیشدا، بەردەنگ چاوەڕێی رووداوێکی ناخۆشە، کەش و هەوا لە شانۆکانی ئەودا دەبێت بەردەوام ئەم نگەرانیە بدات بە بەردەنگ و بەردەوام وەبیرهێنەرەوەی هێمنی بەر ئاڵۆزیەکان بێت. لەوانەیە هەر ئەم تاڵیانەیە کە بینەر بۆ بیرکردنەوە هان دەدات کە ئەم تاڵیانە بنەمایان لە راستیە تاڵەکاندایە یان نە؟ بەردەوام تاڵی، بنەمای لە راستی دایە، بەڵام چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی ئەم تاڵیە دەگەڕێتەوە بۆ کەسەکان.
لەو تەوەرانە کە بە لای لۆرکاوە گرناگایەتی پێدراوە و لە شانۆنامەکانیدا رەنگی داوەتەوە،دەتوانین ئاماژە بکەین بە : پرسی ژن، کێشەکانی ژن و کچانی چەوساوە لە گێژاوی داب و نەریتە کۆنەکان‌دا، داب و نەریت و ئەوین، سەربەستی و کۆیلەبوون و...
بۆ ناسینی چۆنیەتی گونجاندنی هەندێک لەم تەوارانەی کە بەلای لۆرکاوە گرنگن، چاوێک بە چەند بەرهەمی شانۆیی لۆرکادا، دەخشێنین:
زەماوەندی خوێن :
زەماوەند بەڕێوەیە، بەڵام لە رۆژی زەماوەند‌دا، بووک لەگەڵ کۆنە دۆستەکەیدا هەڵدێن، سەرەڕای ئەوەی کە دەزانن کە بەیەک گەیشتنیان بێ مانایە و ئەم هەڵاتنە دەبێتە هۆی تیا چوونی هەردووکیان؛
ئەمە هەمان چارەنووسە کە بووک بەرەو خۆی دەکێشێ، بووک لە وەڵامی دایکی زاوا دا ئاوەها دەڵێت:
" کوڕەکەی تۆ چارەنووسی من بوو، من درۆم لەگەڵی نەکرد، بەڵام باسکەکانی ئەوی دی، وەک خێزاوێک کە لە ناخی زەریاوە هەستا بێت منی راکێشا و لەگەڵ خۆی برد "
بەڵام هەڵە، هەڵەی کۆنە دۆستەکەیشی نییە :
" هۆکاری هەمووی ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ خاک، هەڵە بۆنێکە کە لە قژەکانی تۆوە دێت..."
بە راستی لە شانۆکانی لۆرکادا، سەچارەی هەڵەکان کێیە؟ ئەمە پرسیارێکە کە وەڵام نادرێتەوە. لە کۆتایی‌دا هەردوو پیاوەکە دکوژرێن و دایکی زاوا چاوپۆشی لە هەڵەکانی بووکێ دەکات. ئەو هەموو کەسێکی لە رێگای چارەنووسێکی تاڵ لە دەست دەدات. ئەم چارەنووسە شوومە هەر لە سەرەتای شانۆکەوە بە دیالۆگی دایک و کوڕەکەیەوە دەست پێدەکات و بەردەنگ هەر لە سەرەتاوە ئەو لافاوە دەبینێت. ئەم دڵە راوکێیانە جاری وا هەیە بۆ بەردەنگ زۆر ناخۆشە بەڵام شانۆنامەکانی لۆرکا تا ئەو رادەیە درێژەی هەیە کە بەردەنگ بە دوای خۆیاندا دەکێشن، دیمەنی هەڵاتنی بووک و کۆنە دۆستەکەی و دیالۆگی نێوانان و هەروەها دیالۆگی بووک لەگەڵ دایکی زاوا لە کۆتایی شانۆکەدا لووتکەی شارەزایی لۆرکا لە شانۆنامەنووسیدایە و سەرە رای ئەوەی کە لە هەندێ جێ‌دا رەنگێکی شاعیرانە بە دوور لە راستیەکان بە خۆوە دەگرێت و روو لە رۆمانتیسم دەکات، بەڵام بۆ بەردەنگ زۆر چێژ بەخشە.
یەرما :
یەرما بە مانای ژنی نەزۆکە، و ئەم سەمبۆلیسمە لە راستیدا لەو ژنێکی نەزۆکی درووست کردووە (ناتۆرالیزم). یەرما بوەتە کۆیلەی دواکەوتوویی و نەریتە وشکەکان و ئازارخولقێنەکان، هەروەها بوەتە کۆیلەی مێردەکەی کە بەس لە بیری قسەی خەڵک و ئابڕوویدایە و هیچ هەوڵیک بۆ درووست کردنی ژیانێکی شاد بۆ یەرما نادات، و تەنانەت نایهەوێ کە منداڵی هەبێت و لە کۆتایی شانۆکەدا دەبینین کە هۆکاری نەزۆکی، پیاوەکەیە نەک یەرما و یەرمایە کە ئەم هەمووە ساڵە بووتە قوربانی.  یەرما بۆ ئەوەی کە منداڵی بێت لە هیچ هەوڵێک خۆی نابوێرێت، تەنانەت لە شەوێکی تاریکدا بۆ لای جادووگەرێک دەڕوات کەچی مێردەکەی ئیزن نادات کە هانا بۆ جادووگەر بەرێت. ئەو نایەوێت کە بە مێردەکەی خەیانەت بکات. بەڵام ئەو کە هەموو تەمەنی بۆ مێردەکەی و بوونی منداڵ تەرخان کردووە، لە کۆتایی شانۆکەدا مێردەکەی دەکوژێت تاکوو دیسانەوە ببێت بە قوربانی. لە راستیدا ئەو بەم کردەوە کوڕی خولیا و ئاواتەکانی کوشتووە، لە کۆتایی شانۆکەدا دەڵێت :
" دەڕۆم ئاوەها بحەسێمەوە  کە هیچ کات لە خەو بە خەبەر نەبمەوە کە ببینم خوێنم بەڵێنی خوێنێکی نوێم دەداتێ... جەستەم هەتا هەتایە وشک بوو. چیتان لێم دەوێت؟ لێم نزیک مەبنەوە! من کوڕەکەی خۆمم کوشت..."
ماڵی بێرنارد ئاڵبا :
دەکرێت نێوی کچانی پیر، یان کچە قەیرەکان لە سەر ئەم شانۆیە بنرێت کە بۆ مێردێک ئاڵۆزی دەکەوێتە نێوانیان تاکوو لە زیندانێک کە بێرنارد ئاڵبا بۆیانی درووست کردووە رزگاریان بێت، لەوانەیە بتوانین بە راشکاوانە بڵێیین کە بێرنارد ئاڵبا بێزێنەرترین کەسایەتی تەواوی شانۆنامەکانی لۆرکایە.
بێرنارد ئالبا ژنێکی دواکەوتوو، وشک و نەریت گەرا، کە لە هەمان دیمەنی سەرتایی‌دا بەردەنگ بێزی لێ دەکاتەوە. بەڵام هەموو تێکۆشانی ئەم کچانە رێگایەک نییە بەرەو رزگار بوونیان؛ ئادێلا کچە بچووکەکە ئەوەی پێ خۆشە کە بمرێت بەڵام لەم زیندانەدا رزگاری بێت و لە کۆتایی‌دا هەر واش دەبێت. مەرگی ئادێلا بۆ بێرنارد ئالبا تا ئەو رادەیە جەبر گەرایانەیە کە  دەبێتە هۆی رقێکی زەبلاح لە بینەردا بەرامبەر بە ئاوەها کەسایەتیەک‌:
" فرمێسک و گریانی ناوێت. دەبێت مەرگ وەک خۆی چاوی لێ بکرێت، بێدەنگ! ( بە یەکێک لە کچەکان ) وتم بێدەنگ!! فرمێسکەکانت بۆ شەوانی تەنیاییت هەڵگرە. هەموومان لە نێوان زەریایەک لە فرمێسکدا خۆمان دەخنکێنین... ئادێلا، بچووک ترین کچی بێرنارد ئاڵبا بە پاکیزەیی مرد. بیستتان چیم وت؟ بێدەنگ! بێدەنگ! وتم بێدەنگ! "
لۆرکا ئەو شانۆنامەنووسەیە کە راستیەکان و ئەو گێژاوانەی کە تووشی ژن بووە بە روونی دەیکێشێتەوە و بە خۆلقاندنی گرێ و ئاڵۆزی بەردەوام، بەردەنگ لە بەرامبەر هەڵسەنگاندێکی هەنووکەیی‌دا دادەنێت، و هاوکات راستیەکانی کۆمەڵگا و کێشەکانی نێو شانۆکە بەیەکەوە هەڵدەسەنگێنێت.
                                    چەند وێنە لەو شانۆیانەی لۆرکا کە براوەتە سەر شانۆ