۱۳۹۰/۰۵/۱۵

هونەردەرمانی، زانستی دۆزینەوەی راستیەکان


هونەردەرمانی، زانستی دۆزینەوەی راستیەکان

ن : پارامیس ئیزەد پەنا 
و: جەمشید بەهرامی
دراماتراپی شیوازێکی سیستماتیکە بۆ کەڵک وەرگرتن لە درام و شانۆ لە راستای یارمەتیدان بە گەشەی هەست و پەرەپێدەری دەروونناسی. لە وێنەی هونەر تراپیەکانی دیکە، شانۆش مێدیۆمێکی خولقێنەر بۆ دەروون دەرمانییە. ئەمە رەوتێکی پڕ جم و جووڵ، چالاک و بەهێزە کە بۆ کەسانی ئاڵۆز، و کێشەکانی دیکەی دەروونی کاریگەرە، و بۆ دۆزینەوەی گەشەی کەسایەتی هەموو مرۆڤەکان، بە یەک رادە کاری کارتێکردنی هەیە. 
دراما تراپی کە لە کۆبوونەوە جیاوزەکاندا، لە وێنەی ئەنجومەنەکانی یارمەتیدەری خاوێنی دەروونی، خەستەخانەکان، زیندانەکان، یەکە پیشەییە سەربەخۆکان، وەک لایەنێکی نەگۆڕی کێشە کۆمەڵایەتیەکان هاتووەتە ئاراوە.
هونەر بە درێژایی مێژوو، جێگایەکی تایبەتی لە نێو نەتەوە جیاوازەکاندا بوونی هەبووە، ئەم جێگا تایبەتە نەک لە روانگەی زمانی و بینینەوە و کاریگەری کاتی بەرهەمە هونەرییەکان، بەڵکوو لە روانگەی پێوەندی راستەوخۆی لەگەڵ رۆح و دەروونی مرۆڤەوە جێگای تێڕامان و شرۆڤەیە. (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

لەوانەیە لەو سەردەمەوە کە مرۆڤ لە ئەشکەوتەکاندا دیوارەکانی هەڵدەکۆڵی و زمانی وەک ئامرزێکی پێوەندی خولقاند، هونەریش پێوەندی  لەگەڵ رۆحی مرۆڤەوە دەستی پێکرد.
لە رێگای هونەرەوە دەکرێ لایەنی ناهۆشیاری مرۆڤ بهێنرێتە پانتایی لایەنی هۆشیاری مرۆڤەوە و تاک لەم رێگەیەوە بە خودی بناسرێتەوە و کێشەکانی چارەسەر بکرێت.
هونەر دەرمانی بە پێی تیوریەکانی دەروونناسی " زیگمۆند فرۆید " و " کارل کۆستاو یۆنگ " دامەزراوە؛ لە هونەر دەرمانی‌دا زۆرتر
ئەو هێمایانەی کە دەچنە قۆناغی لایەنی ناهۆشیاری تاکەوە لە وێنەی بەربەست گەلێک لە دەروونی مرۆڤدا خۆی نواندوە ( بۆ وێنە: ترس، ئازار، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، پێداویستیەکان و ...) و لە کۆتاییدا لە وێنەی ئازارە جەستەیی و رۆحیەکان خۆ دەنوێنن.
ئەم شیوازی دەرمانییە جۆرێک کایە و یاری بە رەنگەکان و ئامرازە هونەرییەکان کە بە سەر بێتاقەتی و ترسدا زاڵ بێت، بۆ وێنە منداڵان لە یاریدا بەو شێوەیە تێکەڵاو بە یاری دەبن کە پڕ دەبن لە داهێنان کە لەو کاتەدا هەست بە زەمان ناکەن و بێتاقەت نابن، لەم جۆرە دەرمانەدا "یاری" شێوەیەکە بۆ کۆبوونەوەی هەموو هەست و لەش ، ئەو منداڵانەی کە یاری بە خولیای خۆیان درووست دەکەن، بەشێک لە راستەیەکان بەرجەستە دەکەنەوە، لێرەدایە کە دەکرێت بزانرێت منداڵ لە کوێدا ئازار دەکێشێت و دڵتەنگە. ئەو ئەم هەستانە بە پێی خواستەکانی خۆی لە یاریدا دەگۆڕێت.
مەبەست، مانا و فۆرمی یاری ،هەموو تێکڕا دەبنە یەک. لێرەدایە کە مرۆڤ خۆی دەدۆزێتەوە. هونەر ئەم هەلە دەڕەخسێنێ کە خود بە شێوەیەک لە یاری بە رەنگ و ئامرازی کاری هونەری ئەزموونە ناوەکیەکانی بهێنێتە سەر رووبەری خامە، و خۆی لە ئاوێنەی رەنگەکان، هێڵەکان و ئامرازەکانی دیکەی هونەریدا ببینێتەوە و بەیانی بکات، لەم کاتەدا مرۆڤ تواناییەکانی خۆی باشتر دەناسێت؛ و لە دووهەمین خولی خۆ تەیار کردن لەم ئەرکەدا بە سەر بێتاقەتی و ترسی خۆیدا زال دەبێت. بۆ ژیانی باشتر لە سەر هێڵی دەرووندا، راوەشاندنە ناوەکیەکان ( سیگناڵەکان ) دەناسێت و بە دووی رێگە چارەدا دەگەڕێت و بڕوای بە خۆی دەبێت.
مرۆڤ کاتێک ترس و دڵەڕاوکێکانی دەروونی لە نێوان رەنگەکانی ئێستادا دەگۆڕێت رەنگی دەروون بە خۆیەوە دەبینێت. لێرەدا هونەردەرمانی دەبێت لەگەڵ هونەری دەرمانگەردا بێت کە یارمەتیدەری بێت و هانی بدات کە ئەو لە ناسینی خۆیدا بە سەر ترسەکان و ئازارەکاندا زاڵ بێت.
دەبێت کەشێکی هێمن و لە سەر خۆ بخولقێت تاکوو نەخۆش بەسەر خۆی و رەنگەکان و ئامرزێک کە هەڵیدەبژێرێت زاڵ بێت، ئامانج لێرەدا خاوێن کردنەوە و بە ئاگا هێنانەوەی لایەنی ناهۆشیار و ئاڵ و گۆڕ بە سەر رواڵەتی راستی ئەودایە.
لە هونەر دەرمانی‌دا هەستێک کە درووست دەبێت هەستی لەسەرخۆ بوون، ئاسایش و بەخۆدا پەرمینەوەیە، مرۆڤ لە رێگای هونەر و رۆڵی وێنەکان لە کەشی قورس زاڵ بە سەریدا دێتە دەرەوە و وێناکانی خولقێندراو کە ئاکامی گەیاندراوە ناوەکیەکانە ئەو لە خۆی بە ئاگا دێننەوە.
لە کەشە و هەوای ئەمن و ئاسایشدا مرۆڤ دەچێتە دنیایەکی دیکەوە لە وێنەی ،منداڵێک کە یاری دەکات و هەبوونی ئاوەها کەشێک دەبێتە هۆی خۆلقاندن و داهێنانی و لە مرۆڤێکی رمەکیەوە دەبێتە مۆرڤێکی خولقێنەر.
لە هونەر دەرمانیدا پێداویستیەکان و خولیاکان دەدۆزرێنەوە، مرۆڤ فێر دەبێت کە لەگەڵ خۆیدا! هەڵسوکەوتی خۆی پڕ لە خۆشەویستی بێت، زۆر بە باشی ئاگای لە خۆی بێت و خۆی خۆش بوێت. لە رێگای نووسین و هونەرە داهێنەرەکان دەنگی دەروون دەبیسێت و تێدەکۆشێت پاڵپشتی دەروون بێت. کۆتایی بە رەخنەی بەردەوام و دوا لە دوای یەک لە خۆی دێنێت و بە ئاگا دەبێتەوە کە وردە وردە دەروونی زامداری چاک بکاتەوە.
لە هونەر دەرمانیدا لە هەر چەشنە ئامرازیکی هونەری کەڵک وەردەگیردرێت کە تاک پشتیوانی لە خۆی بکات و بە پێک هێنانی شوێن و رێیەکی بە ئاسایش و هەست بە ئاسایش دەروونی پاکژ بکاتەوە. کەسانێک کە بەردەوام پڕن لە پێشداوەری، تێدەکۆشن هەستەکان و ئەندێشەکان بە هەڵس و کەوتیان کونتڕۆڵ بکەن ئەمانە تووشی مەکری دەروونی و ئازاری دەروونی دەبنەوە، بە ئامرازێکی هونەری لەو چەشنە دەروون دەبووژێتەوە، دڵ خۆی بە رووی مرۆڤەکاندا دەکاتەوە و ئەوین و خۆشەویستی باشتر دەناسێت.
خولیا لە هونەر دەرمانیدا زۆر گرینگە، چونکوو لە هونەر دەرمانیدا زۆرتر هونەری بەیانگەرە ئوبژەیە و راپۆرتی سووژەی لایەنی ناهۆشیاری تاک لە بیرەوەریە لە بیرکراوەکانیەتی کە بوەتە خولیا. چونکوو خولیا گەڕاندنەوەی چۆنیەتی ئەزموونەکانی مرۆڤە.
شانۆ دەرمانی، بەرچاوترین شێوازی هونەردەرمانی
کاتێک کە لەگەڵ کەسایەتی چیرۆکەکان، شێوەکاری، مۆسیقا و جووڵەی ئەکتەرکاندا پێدەکەنین، دەگرین، دەجەنگێین؛ خۆمان لە جێگای کەسایەتی یان لەوێدا دەدۆزینەوە، ئەم تێکەڵاو بوونە هاندەری وەدیهاتنی هەستە ناوەکیەکانی ئێمە دەبێت، هەست‌گەلێک کە باس لە ئازارەکان، خەمەکان، تاڵیەکان و چێژەکان دەکەن، بەڵام لێرەدا شانۆ جێگایەکی تایبەتی هەیە، ئەوەی کە بەرهەمێکی بەگوڕ دەخولقێنێت، دەڵێی لە ژیانیدا دەور دەگێڕێت و بەردەنگ بە پێوەندی گرتن لەگەڵ ئەو رۆڵەدا، خۆی دەدۆزێتەوە و رۆحی پارچە پارچەی خۆی هێمن دەکاتەوە و هێزێکی دیکە بۆ ژیان وە دەست دەخات. رۆڵ گێڕان لە شێوەی شانۆدا لە سەردەمەکانی کۆنەوە دوای وەدیهاتنی شارستانیەت هاتوەتە گۆڕێ.
سەرەتا شانۆ ئامرازێک بوو‌ە بۆ بە جێ هێنانی داب و نەریتێکی تایبەت، 4000 ساڵی پێش زایین میسریەکان لە شانۆ هەر بۆ ئەو مەبەستە کەڵکیان وەر دەگرت، هەروەها لە یۆنانی کۆندا، شانۆی تراژیک هاتە ئاراوە، کە لەودا ئەوستوورەکانی ئودیپووس پێشان دەدرا، جم و جووڵی رێک و پێک، ئاواز، مۆسیقا، پانتۆمیم و شێوازەکانی دیکەی شانۆ، چ لە روانگەی ئەکتەر و چ لە روانگەی بەردەنگەکانەوە، جۆرێک لە پێداویستی مرۆیی بووە.
لە سەرەتای سەدەی بیستەم، دوکتۆر " ژئاکۆب لۆی مۆرنۆ " بنەمای سایکۆ درامی(شانۆ دەرمانی) لە ویەندا داڕشت. ئەو لە ساڵی 1921 شانۆ دەرمانی بە " زانستی دۆزینەوەی راستیەکان " ناوزەد کرد و ئەم باباتە بەم شێوەیە پێناسە دەکات : " شانۆ دەرمانی جۆرێک شرۆڤەی زانستیە بۆ گەیشتن بە راستیەکان لە رێگای شێوازە شانۆییەکانەوە ". مۆرنۆ بۆ گەیشتن بە ئامانج، ئەرکەکەی بە دروشمی " من دەمەوێ خۆم بم " دەست پێدەکات و گرنگترین دەستکەوتەکانی دەروونی و پەروەردەی شانۆ دەرمانی بە فێرکاری خۆرسک و داهێنان ناوزەد دەکات.
ئەم روانگەیە پێداگری لە سەر ئەوە دەکات،هەمیشە کەسێک یان چشتێک کە لە حاڵی داهێناندایە تووشی هەڵە دەبێت، بەم پێیە مۆرنۆ بە پێناسەیەکی کارکردی بۆ سایکۆدرام دەگات : " رێگایەک بۆ راهاتن و کارامەیی لە ژیاندا بێ ئەوەی کە لە بەر ئەو، تەمێ بکرێین و تاوان بدەینەوە ". بنەمای کاری مۆرنۆ لە شانۆی تراژیکی یۆنانی کۆنەوە گیرابوو و تاکوو شانۆکان و تلەتئاترەکان و سینەمای هەنووکە درێژەی بوو.
مۆرنۆ لە هەواڵەکانی رۆژنامەوە دەستی پێکرد و تیوریەکەی بە سەر کێشەکان و تراژدیاکانی ژیانی تاکەکاندا گشتاند. مۆرنۆ لە سەر ئەو رایە بوو کە دەکرێ لە تەواوی ئالۆزیەکانی سایکۆلۆژیدا لە بنەماکانی شانۆ دەرمانی لە وێنەی شێوازێکی دەرمانی کەڵک وەربگیردرێت.
لە کۆدا شانۆ دەرمانی تێکەڵاوێکە لە هونەری شانۆ و زانستی دروونناسی، کە لە سەر نەخۆشینە جەستەییەکاندا کاریگەری راستەوخۆیان نییە، مەگەر ئەو نەخۆشینانەی کە تاک بە هۆی کێشەگەلی رۆحی و دەروونیەوە رووبەڕوی دەبێتەوە. سایکۆدرام راستەوخۆ لە سەر دەروونی مرۆڤ کاریگەری هەیە و لە دۆخێکی تایبەتدا هەلێک بۆ درووست ژیان دەڕەخسێنی تاکوو نەخۆشەکان دۆخێک ئەزموون بکەن کە لە ژیانی ئاساییدا ئەزموونی ئەوان زۆر بە سانایی نییە، ئەم ئەزموونانە ئەگەر لە ژیانی ئاساییدا روو بدات لەوانەیە کۆتاییەکی نالەباری بە دواوە بێت.
شانۆ دەرمانی لە دۆخ‌گەلی جیاوازدا بە ئامانجی پێش‌ گرتن، بووژاندنەوەی تواناکان و بە هانا هاتنی هەندێک لە کێشە جەستەییەکان دێتە ئاراوە. ئەم شیوازە شانۆییە زۆر جار لە شوێن گەلێک لەوێنەی قوتابخانەکان، سەنتەرەکان و جاری وا هەیە لە سەر شەقامەکان یان لە دارستانەکان یان لە گوێ زەریاکاندا دەڕواتە سەر شانۆ.
شانۆ دەرمانی جۆرێک دەرمانی گرووپییە کە ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەربڵاو لە رەهەندگەلێکی بەریندا ناسراوە، بە درێژایی ئەم ساڵانی دواییە گرووپێک لە دەروونناسان و شانۆکاران لە ئیتالیا و وڵاتانی بیانی‌دا لە رەوتێکی داهێنەرانەدا بەرەو دەرمانێک کە تیوریەکانی دەروونناسانە و کردە هونەرییەکان بۆ بردنە سەر تەختی شانۆ تێکەڵاو بکرێت کار دەکەن.
شانۆ دەرمانی، شرۆڤەیەکی دەروونناسانە نادات بە دەستەوە، بەڵکوو بە جێگای وێنایەکی نوێ لە " خود "، خود بە هێز دەکات، بەم پێیە، ئەم شێوە دەرمانە ناتوانێت جێگای دەرمانی پزیشکی بگرێتەوە بەڵام ئەوان پێکەوە هاوکاری دەکەن تاکوو ئاگاییەکی زۆرتر لە خود بە دەست بهێنن.
سەرچاوە :
http://www.aftabir.com/articles