۱۳۹۰/۰۳/۰۱

کاتارسیس لە سەردەمەکانی شانۆییدا



کاتارسیس لە سەردەمەکانی شانۆییدا
         ئـ : جەمشید بەهرامی

کاتارسیس وشەیەکی یۆنانییە بە مانای خاوێنی،پاکژ بوونەوە،کە دواتر بۆ زۆربەری لێکۆڵەران لە وێنەی وشەیەکی کاریگەره ، ئەم وشە لە بنەڕەتدا لە وشەی کاتارین بە مانای"خاوێن بوونەوە"یە و لە پرۆسەی گەشەدا لە مەزهەب و پزیشکی و نەریتە علمانییەکانی دیکەی یۆنانیەوە گواستاراوەتەوە بۆ بوارەکانی دیکە.
بەڵام یەکەمین پێناسەی کاتارسیس لە بواری هونەرەکانی شانۆیی هەمان پێناسە دەگرێتە خۆی کە ئەرەستوو لە "بووتیقا"دا  ئاماژەیان پێ دەکات: " هەستێک کە کاریگەری دەکاتە سەر رۆح، ئەم کاریگەرییە لە رۆح و ناخی دیترانیش تا ئەو رادەیە کە ئەگەر، جیاوازیەک لە نێوان ئەم کاریگەرییانەشدا بێت بەس تا رادەیەکە، بۆ وێنە جیاوازی لە نێوان بەزەیی و ترس یان بۆ وێنە تامەزرۆیی؛ هەندێ کەس بۆ بە دەست‌هێنانی هەستی تامەزرۆیی زۆرتر زەوقیان تێدا بەدی دەکرێ، بەڵام کاتێک ناچار بن لە میلۆدیگەلێک بۆ کاریگەری لە سەرهەستی خۆشی کەڵک وەرگرن،بە هۆی ئەم میلۆدییە دەگەڕێنەوە بۆ هەل و مەرجێکی ئاسایی،لە وێنەی چارەسەر لە لایەن پزیشک،خاوێن و پاکژ(کاتارسیس) دەبنەوە". (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)
ئەرەستوو کاتارسیس بە بەرهەمی ترس و دڵەڕاوکێیەک دەست نیشان دەکات کە بە هۆی بەزەیی و ترسی بەردەنگەوە دەگەیەتە ئەنجام و کۆتاییەکەشی دەگەیەتە خاوێن بوونەوە  و پاکژ بوونەوە.
کاتارسیس هەر بەم پێناسەیە لە تراژدیاکانی کلاسیک‌دا هەڵدەسەنگێندرێت؛بەڵام ئایا دەتوانین ئەو پێناسەیە بۆ ژانرە جۆراوجۆرەکانی دواتر لە کلاسیک، بە کار بهێنین؟ بۆ وێنە ئەو شانۆیانەی کە لە سەردەمی نیۆکلاسیک و مودێرن‌دا براونەتە سەر تەختی شانۆ،ئایا دەتوانین هەر بەم شێوەیە پێناسە و شرۆڤەیان بکەین؟ شەکێک لەوەدا نییە هەرەوەها کە لە پرۆسەی شانۆدا،ئاڵ و گۆڕی زۆر بە سەر ئەو هونەرەدا هاتووە هەر بەو پێیە کاتارسیسش گۆڕدراوە.
کاتارسیس لە سەردەمی کلاسیک‌دا
ئەرەستوو لە بووتیقادا کاتارسیس بە پێی بەرەهەمە کلاسیکەکان وەک بەرهەمەکانی سۆفۆکلووس بەم شێوەیە گەڵاڵە دەکات: " لەوانەیە کە ترس و دڵەڕاوکێ لە روانگەی شانۆوە روو بدات و هەروەها دوا بە هۆی دوا لە دوای یەک بوونی رووداوەکان بگەیەتە ئەنجام؛ ئەوەی کە لەم دوایین رێگەیەوە دەگاتە ئەنجام پیرۆزترە و لەوانەیە ئەمە کاری کەڵە شاعیران(شانۆنامەنووسان) بێت. " لە راستیدا ئەفسانە دەبێت وەها ئامادە بکرێت کە هەرچەند کەس شانۆکەی نەبینێت لە بیستنی ئەو ئەفسانەیە گیانی بکەوێتە لەرزین و لەگەڵ هەستی پاڵەوانی ئەفسانەکەدا تێکەڵاو بێت. هەروەها بۆ کەسێک کە دەیهەوێت بەسەرهاتی ئودیپووس بگێڕێتەوە، ئەم هەستە بگوێزێتەوە؛ بەڵام هەر ئەوەی کە بیانهەوێت ئەم هەستە بە هۆی دیکۆر و رواڵەتی شانۆوە بگوێزنەوە، لە رێگەی شێعرەوە(شانۆنامە) ئەرکێکی گونجاوە  و پێویستی بە ئامرازی دیکە نییە.
ئەرەستوو بۆ گەیاندنی مەبەستی رواڵەتی شانۆ، بە ڕواڵەتی شانۆ وەک بەشێک لە شەش بەشی پێویستی شانۆ ئاماژە دەکات و ئەمە زۆرتر بە هۆی دیکۆرەوە کاریگەری لە سەر بینەردا دەهێنێتە گۆڕ، و لە هەمان کاتدا جیا لە فەن و توانایی شێعری دایدەنێت و لەو روانگەوە کە هێز و رەسەنایەتی تراژدی بە بەرهەمی بە گوڕی شێعر و دەق دەزانێت، لە پەنای پێداگری لە سەر هێز و گوڕی کەسێکدا کە رواڵەتی شانۆ دەچنێت، لە پێگەیەکی خوارتر لە بەشەکانی دیکەدا دادەنێت.
ئەرەستوو هەروەها سەرەتا ئاماژە بە توانایی کاریگەری کاتارتیکی روالەتی شانۆ دەکات بەڵام پێداگری لە سەر ئەوە دەکات کە:" کاتارسیس دەبێت بە هۆی دەق و ئەفسانەی بەرباس درووست بێت و باشتر و بەهێزتر ئەوەیە کە ترس و دڵەڕاوکێ لەم رێگەیەوە پێک بێت" و لە درێژەدا پێک هاتنی دڵەڕاوکێ لە رواڵەتی شانۆدا بە درووست کردنی تۆقاندن ناوزەد دەکات و دەڵێت کە ئەوە هیچ پێوەندییەکی بە تراژدیاوە نییە.

"بەڵام ئەوان دەیانهەوێت بە هۆی دیکۆر و ئارایشتی شانۆوە، نەک دڵەڕاوکێ بەڵکوو تۆقاندن درووست بکەن،ئەو ئیشەی ئەوان هیچ پێوەندییەکی بە تراژدیاوە نییە چوونکوو تراژدیا نایهەوێت هەر کاریگەرییەک کە دەست دەدات درووستی بکات،بەڵکوو دەبێت جێ پێیەک کە تایبەتی تراژدیایە بە جێی بهێڵێت و لەبەر ئەوەیە کە شاعیر(شانۆنامەنووس) دەبێت کاریگەریی دڵەڕاوکێ و بەزەیی دابنبێت و ئەوەیش بە هۆی لاسایی کردنەوەیە، کەواتە زۆر روونە کە هەست دەبێت لە تێکەڵاوی رووداوەکان بچۆڕێتەوە. 
کەواتە دەتوانین تا رادەیەک دڵنیا بین کە مەبەستی ئەرەستوو لە کاتارسیس هەمان کاریگەرییە کە رووداوەکانی تراژدیا دەیانهەوێ بە سەر پاڵەواندا بێهنن، و ئەو هەستە درووست بکەن. ئەو لە سەر ئەو بڕوایە کە، بە هۆی رووداوگەلێک کە لە تراژدیا دا روو دەدەن، هەندێکیان دەبنە هۆی درووست بوونی هەستی بەزیی و هەندێکی دیکە دەبنە هۆی درووست بوونی هەستی دڵەڕاوکێ لە بەردەنگدا؛ئەم کاریگەرییە شانۆنامەنووس(شاعیر) لە رێگەی دەقەوە بەرجەستەی دەکات.

ئەرەستوو هاوکات لەگەڵ ئاماژە بە رووداگەلێک دەکات کە لە نێوان کەسانێک کە دۆست یان دوژمنن روو دەدات و لە سەر ئەو بڕوایە" لەوانەیە تیاچوونی دوژمنێک لە ئاستی مەرگی مرۆڤێک ببێتە هۆی درووست بوونی هەستی بەزەیی بەڵام تا ئەو رادەیە نییە ببێتە هۆی ئاڵ‌گۆڕی دەروونی لە ئێمەدا.بەلام هەندێک جاریش کە ئەم رووداوانە لەو چەشنەی کە لە نێوانی دوو دۆست یان هاوڕێ‌دا روو دەدات بۆ وێنە کوڕێک باوکی دەکوژێت یان دایک،منداڵەکەی یان منداڵ دایکی خۆی دەکوژێت... لەم چەشنە رووداوانەیە کە شانۆنامەنووس وەک سووژە هەڵیان دەبژێرێت.
بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بکەین بە شانۆی "ئەدیپووس"بەرهەمی سوفۆکلووس؛ئۆدیپ باوکی دەکوژێت و دەبێت هاوسەری دایکی خۆی... ئەرستوو لە سەر ئەو بڕوایە کە ئەگەر پێوەندییەکی خوێنی لە نێوان پاڵەوانی تراژدیا و ئەو کەسەی کە لەگەڵ کردەی تراژیکدا رووبەڕوو دەبێتەوە ببێت ئەوکاتە دلەڕاوکێ و بەزەیی لە بەردەنگدا زۆرتر دەبێت،خۆکوژی ئانتیگۆن و گراوەکەی لە کۆتایی شانۆنامەی " ئانتیگۆن " بەرهەمی سۆفوکلوس لەو چەشنەیە و خاوەن هەمان تابیەتمەندییە.
کردە، لەوانەیە بە پێی ئەوەی کە لە بەرهەمی شانۆنامەنووسەکانی کۆن‌دایە، ئەنجامەکەی لە کاتێکدا بێت کە خاوەن کردەکان،لە رووی زانست ئەو کردە بە ئەنجام بگەیەنن، هەروەها کە ئوریپید لە بەرهەمی خۆیدا، میدیا لە شوێنێکدا بەرجەستە دەکاتەوە کە منداڵەکانی خۆی دەکوژێت.وێنایەکی دیکەی کردە لە رووی زانستەوە:ئانتیگۆن سەرەرای ئەوەی کە دەزانێت بە خاک‌سپاردنی براکەی دەبێتە هۆی مەرگی خۆی،ئەو کردەیە بە ئەنجام دەگەیەنێت و ئەو کاتەی کە بە ئەمری کریۆن دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی دەکرێت، بە ئاگا بوون بەوەی کە دەیکات خۆی دەکوژێت.
هەروەها لەوانیە کەسایەتییەکان نەخوازراو لە رووی بەئاگا نەبوون دەست ببنە هۆی کردەیەک بەرانبەر بە ئەوەی دی، و دواتر پێوەندییەکە بناسن و لە کۆتاییدا کاتێ بەئاگا دەبنەوە لەو کردیە پەشیمان دەبنەوە.ئەم کارەساتە بۆ ئودیپ لە شانۆیی ئودیپووس بەرهەمی سۆفۆکلوس دا بەرجەستە دەبێتەوە؛ ئودیپ لایۆس دەکوژێت و لەگەل ژنەکەیدا ژیانی هاوبەشی پێک دێنێت، بەڵام دوای بەدواداچونی هۆکاری تاعوون کە ناوچەکەیانی گرتووەتەوە بۆی روون دەبێتەوە کە خۆی بکوژی باوکی بووە و لەگەڵ دایکی خۆیدا زنای کردووە،لە رستیدا لە سەرەتاوە کردەیەکی  بێ‌ئاگا ئەنجام داوە و دوای کردەکە پێوەندیەکەی بۆ روون بوەتەوە.
 جۆری سێهەم کە لەوانەیە روو بدات ئەوەیە: لە هەمان کاتدا کەنزیک دەبێتەوە کردەکە لە رووی نەزانینەوە بە ئەنجام بگەیەنێت کە گەڕاننەوەی تێدا نییە، بەر لە ئەنجامەکە هەڵەکەی بۆ روون دەبێتەوە،جگە لەم سێ جۆرە، جۆرێکی دی بەدی ناکرێت،چوونکوو بە پێی پێویستیی مرۆڤ،یان کردەیەک بە ئەنجام دەگەیەنێت یان نا،و ئەوەش یان لە رووی زانینەوەیە یان نەزانین.
ئەرەستوو سێ جۆر کردە هاوکات لەگەڵ زانستی ئەو کەسەی کە دەبێتە هۆی بەنجام گەیاندنی کردە(پاڵەوان) بەم شێوەیە گەڵاڵە دەکات تاکوو هێز و جێ پێی هەرکام لەم جۆرانە بۆ خولقاندنی بەزەیی و دڵەڕواکێ روون کاتەوە،ئەو دەڵێت: لە نێوانی ئەم جۆرانەدا لەوێدا کە کەسایەتی بە زانینەوە هەوڵ دەدات کە کردەکە بە ئەنجام بگەیەنێت بەڵام بە ئەنجامئ ناگەیەنێت،تا رادەیەک لەو دوو جۆرەکەی دیکەی لاوازترە،چوونکوو دەبێتە هۆی نفرەت و کەش و هەوای تراژدیای تێدا بەدی ناکرێت بەهۆی ئەوەی کە نابێتە هۆی رووداوێکی تاژیکەوە، بەم پێیە هیچکام لە شانۆنامەنووسەکان ئاوەها حاڵەتێک بەرجەستە ناکەنەوە یان لانی کەم زۆر بە دەگمەن ئاوەها جۆرێک لە بەرهەمێدا بەدی بکریت.
ئەرەستوو دەڵێت، سەرەرای ئەوەی کە پاڵەوانی تراژدیا لە کۆتاییدا بەرەو تیاچوون دەڕوات بەڵام بە جۆرێک لە دووبارە ناسینەوە و ئاڵ و گۆڕ دەگات کە ئەو ئاڵ و گۆڕە لە نەزانین و بێ‌ئاگایی بەرەو زانین و بەئاگابوونەوەیە.لە راستیدا سەرای ئەوەی کە پاڵەوان بە بێ‌ئاگایی کەرەستە و هەلی تیاچوونی خۆی دەڕەخسێنێ بەڵام لەمبەرەوە بوەتە خاوەن زانین و ئاگایەیی و کە بۆ پالەوان زۆر بە نرخە.
هەموو پاڵەوانەکانی تراژدیا دەتوانین وەک
کاتارسیس لە سەردەمی مودێرندا
لە سەردەمی مودێرندا بە تایبەت دوای شەڕی جیهانی یەکەم و دووهەم کە مرۆڤ لە خۆبایی بوونی کۆمەڵایەتی ئەزموونی کرد،بووە خاوەن رواڵەتێکی دیکە و بازنەی ئەم ئاڵ و گۆڕانەدا بە گەشەی تکنۆلۆژیا، پیشەیی بوون و شارستانییەت، پاڵەوانی تراژدیاش ئاڵ و گۆڕێکی بنچینەیی بەسەر هات و بە پێچەوانەی پاڵەوانەکانی کلاسیک لەگەڵ کەش و هەوایەکی بێ‌ناو رووبەڕوو بویەوە.
زۆربەی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە لە‌شارەکانی گەورەدا کاریان دەکرد و بۆ کارخانە و یەکە کۆمەڵایەتییەکان ژیانیان دەکرد. تەنانەت تاکەکان دورووبەرییەکانیان و هاوسێکانیشاینان نەدەناسی و لە دوونیای پیشەیی دەورووبەریان ببوونە ناوێک،کۆدێک یان ژمارەیەک، و لە بنەماکانی رەسەنی ژیان  وەک بنەماڵە و خزم و ... بڕا بوون. گرنگترین تایبەتمەندی ئەم مرۆڤە بڕاوە "تانیایی" بوو. تەنیایی ئەم مرۆڤە هاوکات لەگەڵ ئاڵ‌وگۆڕەکانی بنەڕەتی تراژدیا هاتە نێو بەرهەمە شانۆییەکانەوە، نە تایبەت " تراژدیای بورژوازی" بە تەواو مانا تایبەتمەندییەکانی پاڵەوانی تراژدیای گۆرا. بە پێی ئەم ئاڵ‌وگۆڕە دژکردەوەی بەردەنگ و بینەر لە هەمبەر بەرهەمە شانۆییەکان و ترژدیا گۆرا.
لێکۆڵەران و وەرگێڕانی پانتایی شانۆ لە بەدواداچوونی چالاکییەکانیان سەبارەت بە کاتارسیس بۆ مەبەستی ئەرەستوو،ئەمپرسە دەهێننە گۆڕ کە بەزەیی و دڵەراوکێ(یان بەس یەکێک لەوانە) لە پێوەند لەگەڵ کاتارسیس‌دا بەدی دەکرێت. گەڵاڵەیەکی دیکە ئەمە بوو کە مەبەستی ئەرەستوو ئەوە بوو:دڵسۆزی و ترس و هەستەکانی لێک چووی دیکە لەگەڵ کاتارسیس هاو تەریبن. بەڵام لەوانەیە ئەرستوو لە روی مەبەستێکی تایبەتەوە دەڵێت کاتارسیس لە پێوەند لەگەڵ دژکردەوەیەکی نەگۆڕ لە دڵسۆزی و تر پێک دێت.

سێنت ئاگۆستین لە کتێبی "دان پێدانان"دا کورتە شی‌کردنەوەیەک لە پارادۆکسی تراژدیا دەدا بە دەستەوە – لە سەر ئەو رایە بوو کە ئێمە لە هەستەکانی ئازار و رەنج لە تراژدیادا چێژ وەردەگرین- و بووە هۆی هەڵگەراننەوە بۆ چێژی دابەش بوونی ئازار و هاودەردی. ئەم پیناسەیە کە لە دوای ئاگۆستینەوە بە هۆی زۆرێک لە هزروانانی سەدەی هەژدەهەم، لە وێنەی ئادام ئیسمیت، لۆرد کیمێر، هێری هووم و ... ناسێندرا، بە پیی پیوەندی نزیکی نێوان سەرکەوتنێکی هونەرمەندانە و زانستی ئیخلاقی مەسیحی کەوتە بەر چاو. بەڵام دەیوید هیوم دژ بەم شرۆڤەیە بوو کە ئێمە بە هۆی ئازار و هاودەردیەوە چێژ وەردەگرین و دەڵێت : " ئەگەر وەها بووایەت، خەستەخانە لە کۆڕێکی میوانی و جێژن بە کەڵک‌تر دەبوو. ئەم شرۆڤەیە نەک رێگەیەکی گونجاو بۆ پرسی جوانیناسی نییە بەڵکوو بەهەڵە شرۆڤە کردنی کاتارسیسی ئەرەستووە، هۆی ئەم بە هەڵە شرۆڤە کردنە گۆڕان لە مانای وشە رەسەنەکان‌دایە.
ئەگەر ئێمە پرسی کاتارسیس لە کتێبی " زانستی سیاسی" ئەرەستوو لە پێوەند لەگەڵ مۆسیقادا بخەینە بەرباس، بەوە دەگەین کە: کاتارسیس لە مێشکی تاکێک کە گوێ دەداتە مۆسیقا جێگیر دەبێت نەک لە خودی مۆسیقادا، بەم پییە ئەو وێنایەی کاتارسیس لە پێوەند لەگەڵ تراژدیادا کە لە رێگای بەردەنگەوە  ئەزموون و وەری‌دەگرێت نیشان دەدات.
بەردەنگی شانۆ مۆدێرنەکان و تراژدیای ئەم سەردەمە،تا رادەی جێگای مەبەستی ئەرەستوو ناچنە ژێر کاریگەری ترس و دڵەراوکێ،بەڵام کاریگەریگەلێک لەو چەشنە لە بەردەنگ‌دا روو دەدات.
کاتارسیس و پانتاییەکانی دیکەی شانۆ
هەروەها کە ئاماژە کرا هاوکات لەگەڵ شەرەکانی جیهانی و بەتایبەت دوای کۆتایی شەڕەکان لە رەوتی گەشەدا،بزوتنەوەیەکی هونەری دوای رنسانس،شانۆ قوتابخانەکان و فۆرم و شێوەگەلی جۆراوجۆری لە هەموو بابەتەکان ئەزموون کرد. هاتنی زانستەکانی دیکە لە وێنەی کۆمەڵناسی،پزیشکی،دەروو‌نناسی،سیاسەت و ... بۆ پانتایی شانۆ بووە هۆی ئەوەی کە هونەرمەندانێکی جۆراوجۆر،شانۆ بە روانگەگەلێکی جیاوازەوە بخەنە بەر لێکۆڵینەوە و لایەنەکانی شانۆ لەوێنەی دیکۆر،ئەکتەر،مۆسیقا و ... بەردەوام پیاچوونەوەی لەسەر بکەن.
پانتاییەکی گرنگ کە لە نێوان ئەم ژانره شانۆییانەدا لە پێوەند لەگەڵ کاتارسیس و ورووژاندنی هەستی بەزەیی و ترس جێگای رامان و شرۆڤەیە،شانۆ دەرمانیە کە بە "سایکۆدرام" ناسراوە.
شانۆ دەرمانی
وشەی کاتارسیس لە راستیدا بەڕەچەڵەک وشەیەکی پزیشکییە،کە لە بنەمادا،بە مانای خاوێن کردنەوەی دەروونە،شانۆ دەرمانی یەکێک لە جۆرەکانی شانۆیی مودێرنە کە بە شکاندنی چوارچێوەکانی بنەمایی شانۆ،تێدەکۆشێ جەخت بکاتە سەر کاریگەری لە رێگەی هەست و دەروونی بەردەنگەوە.
لە سەرەتای سەدەی بیستەم،دکتۆر " ژاکۆب لۆی مۆرنۆ " بنەمای روانگەی سایکۆ درام یان شانۆ دەرمانی لە ویەن داڕشت،ئەو لە ساڵی 1921،سایکۆ درامی بە " زانستی دۆزینەوەی راستییەکان " ناوزەد کرد و بەم شێوەیە پیناسەی کرد : " شانۆ دەرمانی جۆرێک رۆچوونی زانستییە بۆ گەیشتن بە راستییەکان لە رێگای جۆرەکانی شانۆییەوە. لەم سەردەمەدا هەر جار کە دەستە واژەی شانۆدەرمانی دەبیستین بێ ئەوەی کە مانا درووستەکەی بزانین، تێهەڵکێشێک لە هونەری شانۆ و دەروونناسی وێنا دەکەین، یان وێنایەکی لێڵ و تاقەت پڕووکێنلە شانۆ و ... ئەمانە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ نەناسین و ناشارەزابوونی بەردەنگ لەم جۆرە شانۆییە.
"فیل جۆنز" سەبارەت بەم ژانرە شانۆییە دەڵێت: شانۆ دەرمانی رێگەیەک بۆ خۆپێگەیاندن لە ژیاندا بێ ئەوەی کە بە بۆنەی هەڵەکانەوە تووشی چەرمەسەری ببین،لە راستیدا لەوانەیە گرنگترین جیاوازی سایکۆدرام لەگەڵ جۆرەکانی دیکەی شانۆدا،فۆرمی شانۆیی بێت،لە شانۆ دەرمانی‌دا،چیرۆک،پۆلیت،کەسایەتی و ... بە مانی کلاسیک بوونی نییە و لە راستیدا کاتی شانۆ،هەمان ئێستایە.
مرۆڤ لە تەختی شانۆی،شانۆ دەرمانی‌دا،بەردەوام خەریکی ئافراندن و رۆچوونە لە دونیای دەروونی خۆیدایە و جیهانی ئەو لە پێکدادانی ئەم دوو جیهانە پێک‌دێن، کە وایە شانۆ دەرمانی رێگایەکە بۆ گەیشتنی دوو دونیای ناوەکی و دەرکی و شێوەیەکی جیاوازە بۆ گەیشتن بە ئافراندن.
شانۆ دەرمانی تێدەکۆشیت تاکوو بە هێنانی بەردەنگ بۆ کەش و هەوای شانۆ،راستەوخۆ کاریگەری لە سەر هەست و دروونی ئەو دابنێت و لانی‌کەم دەبێتە هۆی دەرمانێک لە وێنەی ئەوەی کە تراژدیا لە رێگەی کاتارسیسەوە دەیبەخشێت.

ئاماژە : ئەم وتارە لە سێ بەش‌دا لە رۆژنامەی "ئاسۆی رۆژهەڵات" ژمارەکانی 67،66،65 دا بڵاکراوەتەوە.
لینکی بابەت:
بەشی دوو :
بەشی سێ (کۆتایی) :