۱۳۹۰/۰۲/۱۶

پاس (چیرۆک)


             پاس
نووسینی: شەهید سانع ژاڵە
وەرگێڕانی: جەمشید بەهرامی

لە تەنیشت پیاوە گەنجەکەدا پیرەپیاوێک دانیشتووە.سێهەمین قومی جگەرەکەی تەواو بووە و پیاوەگەنجەکە چاوەڕوانی دووکەڵی جگەرەکەیە.پیرەپیاوەکە دووکەڵەکە دەداتە دەرەوە،دووکەڵەکە دەچێتە گەرووی پیاوەگەنجەکەوە.کۆکەیەکی بە ئەنقەست،بەڵام پیرەپیاوەکە نایبیستێت.جگەرەکە بە هێمنی سەرە و ژوور دەکات و خۆڵی جگەرەکە دەکاتە سەر روبەری پاسەکە، جووڵەی دەستی پیرەپیاوەکە هاوکات لەگەڵ جووڵەی چاوەکانی پیاوە گەنجەکەدایە. پیاوەگەنجەکە واز لە دووپات بوونەوەی جووڵەکانی پیاوە پیرەکە دێنێت و چاو دەبڕێتە جامی پاسەکە.
تاکەکورسییەکەی پاسەکە کەسی لە سەر نەماوە، چما ئەو خانمەی کە لەوێ دانیشتبوو لە سەفەر پاشگەز بووەتەوە یان لەوانەیە شتێکی لە بیر چووبێت یان دووکەڵی جگەرەکە بێزاری کردبێت. بە هەرحاڵ،پیاوەگەنجەکە بەختی لەگەڵە و ئەویش بە باشی کەڵکی لێ وەردەگرێت،بە دوو هەنگاو لە دووکەڵی جگەرەکە دوور دەکەوێتەوە، لە سەر کورسییەکە دادەنیشێت، سەری بە جامەکەوە دەنووسێنێت، هەست بە سەرما دەکات. بە هێمنی خۆی بە سەر کورسییەکەدا دەدات و چاوەکانی دەنووقێنێ.بزەی سەر لێوی بە بیستنی دەنگی هەڵ بوونی مۆتۆڕی پاسەکە کۆدەبێتەوە. بە چاوی ئاوەڵا زۆر لە سەرخۆ،خۆی دەدات بە سەر کورسییەکەدا.(بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

لە جامەکەوە سەیری دەرەووە دەکات،سەرنج دەداتە هەنگاوە هێور و کورتەکانی خانمەکە.دەستی چەپی لە گوێیەوە نزیکە و بەردەوام قسە دەکات.نایەوێت بیر لە گەڕاننەوە یان لە نەگەڕاننەوەی بکات،بەس دڵخۆشیەکەی بە روانینێک تەواو دەکات.چاو لە کاتژمێرەکەی دەکات. 2:35 دەقەی دوانیوەڕۆیە. ئێستە سەرەی پشکنینی جزدانەکەیەتی(جانتای پارە).بەس پەنجا تمەن. کرێ تەکسیەکەش پەنجا تمەنە. ئەمە لە دڵەوە دەڵێت و بە بزەیەکیش دەیڕازێنێتەوە؛ بزەکەی، بزەی پیرەپیاوەکە و بزەی خۆی پێش سوار بوونی دەهێنێتەوە بیر.
پێرەپیاوێک کە بە رواڵەت، زۆر لەگەڵ ئەو پیرەپیاوەی کە سوار پاسەکە بوو جیاوازی نەبوو، بەڵام لە رووی دەروونیەوە،هیچی نەوت.پاسەکە رێ کەوت،شۆفیرەکە چاو دەبڕێتە ئاوێنەکانی ئەم‌ لا و لای پاسەکە،و بە هێمنی زەخت دەخاتە سەر پێداڵی گازەکە.
چاوی بە شۆفیرەکە دەکەوێت و جووڵەی دەستی کە گێڕەکە دەجووڵێنێت، پشت سەری سەرنج راکێشترە. قژی تەنکی پشت سەری مەیلە و زەرد،قژی پشت سەری کە بەس لە پشت ملیەوە تا تۆقی سەریەتی، لە بەر ئەوەی کە بەرسەری مووی پێوە نییە، دەڵێت شۆفیرێکی سەر رووتاوەی هێمن.
پاسەکە لە ریزی پاسەکانەوە دەچێتە دەرەوە.موسافیرەکان سەیری دەرەوە دەکەن و رەنگی بلووکە چیمەنتۆییەکانی جەدوەلەکان،کە نیوەی زەرد و نیوەی رەشە.لە دڵەوە دەڵێت چ کومپۆزسیۆنێکی رەنگیی گاڵتەجاڕ. بە تەواو بوونی قسەکەی پاسەکە دەوەستێت.شۆفیرەکە خێرا دەڕواتە خوارەوە.لەگەڵ چەند شۆفیری دیکە گەمارۆی کاپووتی پاسەکە دەدەن و کاپووتەکە هەڵ دەدەنەوە و هەموو چاو دەبڕنە مۆتۆڕی پاسەکە. پیاوەگەنجەکە سەیری دەرەوە دەکات چەند سەر بەدی دەکات کە دەجووڵێنەوە، شۆفیرەکە دەرکەی پاسەکە دەکاتەوە و دێتە سەرەوە،پیاوە گەنجەکە ئێستە دەمووچاوی شۆفیرەکە دەبێنێت کە بە دەنگێکی بەرز دەڵێت: موسافیرە خۆشەویستەکان،پارچەیەکی بچووکی مۆتۆڕی پاسەکە کێشەیەکی گچکەی هەیە،چاک کردنەوەی زۆر ناخایەنێت،بەڵام دەبێت پارچە نوقسانەکە بگۆڕین،لەوانەیە گۆڕینی پارچەکە نیو کاتژمێر بخایەنێت،ئەگەر نیو کاژمێر چاوەڕوان بن،دەکەوینە رێ.
لێو بە بزە،یان خەمین، یان کەمترخەم، ئەو تایبەتمەندییانەن کە پیاوەگەنجەکە دەیانخاتە پاڵ هەرکام لە موسافیرەکان.ئێستە کە نیو کاژمێری ماوە موسافیرەکان بە پەلە دەڕۆنە خوارەوە تاکوو بە چا،یان بە قاوەی داخ، خۆیان گەرمەوە کەن،پیرەپیاوە جگەرەخۆرەکە جگەرەیەک لە پاکەتی جگەرەکەی دەردەهێنێت،دوای هەموان بە هێمنی و لە سەر خۆ لە پاسەکە دادەبەزێت.بە دڵنیاییەوە لە دڵەوە گوتوویەتی جگەرە لە هەوای سارددا بە چێژترە،ئەمە پیاوە گەنجەکە دەڵێت.ئەو لە جێگاکەی ناجووڵێت چوونکوو نە تاقەتی هەیە و نە پارە. بەس زنجیری کۆتەکەی دێنتە سەرەوە و چاو دەبڕێتە شووشەی پێشەوەی پاسەکە.ئێستا زۆرتر سەرنج دەدات، بۆ شوێنێک دەڕوانێت کە هەستێکی باشی لێی نییە.
پێی خۆشە دیسان رووداوەکە لە سەرەتاوە بهێنێتەوە بیر.دەڕوانێتە کاتژمێرەکەی،کاتژمێر 2:35 دەقەی دوانیوەڕۆیە.لە بیست و پێنج دەقەدا رووداوەکە کۆتایی پێ دێت،ئەمە لە بەر خۆوە دەڵێت.
کاتژمێر یەک بوو کە بە ئاواتی دۆزینەوەی دۆستێک یان ئاشنایەک بەرەو ترمیناڵ وەڕێ کەوت.بەس پەنجا تمەنی بوو.لە بەر ئەوە بە دووی دۆستانیدا دەگەڕا،چوونکوو لانی کەم چوارسەد و پەنجا تمەنی دیکەی بۆ کرێ پێویست بوو.هەر کەسێکی کە دەدیت بە چاوانی ئاوەڵا دەپشکاند بەڵام دۆستێکی نەدیتەوە.
هەستی دەکرد کە ئیدی تاقەتی وەستانی نییە چوونکوو هەموو ترمیناڵ بۆ دیتنی دۆست گەڕا بوو.بێ هێز لە سەر کورسییەک کە لە کۆتایی راستی جادەکەدا بوو دانیشت و گووتی: ئاوەها باشتره. چاوی بڕییە پێڵاوەکانی و قاچی درێژەوە کرد،دەستی رۆشتە سەر ئەژنۆی و ئێستە رووداوێکی چاوەڕوان نەکراو. باوەڕی نەدەکرد پێنج‌سەد تمەنییەک لە ژێر پێیدا بوو.دەیهەوێ بەم شتە باوەڕ بکات کە دەنگێک دەڵێت: کاکە، کوتوپڕ تووشی دڵەتەپێ دەبێت و بێ هێزتر لە جاری پێشوو لە دڵەوە دەڵێت: درووستەکەی ئەمەیە. بە ناهوومێدیەوە دەڵێت: کاکە، بەڵێ، فەرموون، دەنگەکە لە وەڵامدا دەڵێت: پارەکەتان داکەوتووە،بە بیستنی ئەم وتەیە پیاوە گەنجەکە بزەیەک دەیگرێت و دەڵێت: لە کوێ،ئەها لێرە داکەوتووە، دۆزرایەوە،زۆر سوپاس خانم. تکا دەکەم. و دەنگی هەنگاوەکانی ژنەکەی بیست کە هەردەم هێورتر دەبوونەوە. بە هێمنی، بە هێمنی بەرەو پاسەکان وەڕێ دەکەوێت. چەند هەنگاو پێش ئەوەی بگات بلیتەکەی لە جزدانەکەی دەردەهێنێت و بلیتەکە دەداتە دەست،کە سوای پاسەکە دەبێت لە بەرچاوی پیاوەگەنجەکە ون دەبیت. لە دڵەوە دەڵێت: لەوانەایە لە ریزی ئەو بەری پاسەکەوە دانیشتبێت.
پارەکە دەخاتە نێو جزدانەکە، نیگەرانە بەڵام خۆشحاڵ.هێشتا جزدانەکەی لە دەستیدایە، بە سەرنجدانی بیری پارە هەزارتمەنییەکان دەکاتەوە.لە دڵەوە دەڵێت: ئەرێ بەراست پیرەپیاوەکە راستی دەکرد؟ لە وەڵامدا بە خۆی دەڵێت، ئەمە پێوەندی بە منەوە نییە، من بەس ئەرکەکەم بە جێ هێنا، بیری بزەی پیرە پیاوەکە،بزە دەخاتە سەر لێوی.سەیری کاتژمێرەکە دەکات. دووی دوانیوەڕۆیە. پێی خۆشە دیسان بە رووداوەکەی دوێنێ شەودا بچێتەوە.ل ە سەر جێگاکەی هەڵدەستێەوە و لە نێو ترمیناڵدا لە سەر کورسییەک دادەنیشێ.سەرنجێکی خێرای کاتژمێرەکە دەدات. دوو و پێنج دەقەی دوانیوەڕۆیە. لە بیست و پێنج دەقەدا رووداوەکە کۆتایی پێ دیت، ئەمە لە بەرخۆوە دەڵێت.
هەوا تاریک بووە، کاتژمێر هەشتی شەوە، جلەکانی بە رێک و پێکی لە بەر دەکات و هەڵبەت وەک هەمیشە زنجیری کۆتەکەی دەکێشتە سەرەوە، پێڵاوەکانی بە دەسماڵ خاوێن دەکاتەوە و زۆر بە هێمنی لە بەریان دەکات. دەرکەکە بە هێمنی دەکاتەوە، دێتە دەروە و دەرکەکە بە هێواشی بە دووی خۆیدا دادەخات.وەک هەمیشە کاتی شەوگەڕی دەست پێدەکات.هەوا ساردە، بە هێمنی هەنگاو هەڵدەهێنێت.
بەس چاو دەبڕێتە دیتران و بیر لە خۆی دەکاتەوە.کۆڵانەکە کەسی تێدا نییە. لە بەرامبەرەوە بایەکی سارد بەرەوڕوی دێت. وەک هەموو شەوێک تێدەفکرێ.هەست بەوە ناکات کە لە پەنای پیرەپیاوێکەوە تێپەڕ بووە. لەوانەیە بە هۆی ئەوەی کە چاوەڕوانی دیتنی نەدەکرد،پێشتر جگە لە خۆی کەس لە کۆڵانەکەدا نەبوو.بەڵام پیرەپیاوەکە کارێک دەکات کە هەست بە بوونی بکات. بە دڵنگەرانیەوە بە پەلە دەڵێت: کوڕەکەم...کوڕەکەم.بە هەستکردنی پیاوەگەنجەکە، بێ پسان دەست بە قسە کردن دەکات.کوڕەکەم تووشی رووداوی ئۆتۆمبیل بووە،پیاوە گەنجەکە بەس ئەم رەستەیە دەبیستێت و چاو دەبڕێتە کاغەزەکانی دەستی پیرەپیاوەکە.نووسراوەیەکی بە پەلە، داخوازی جۆری خوێنی O  (ئۆ).
ئێستا دیسان دەڕوانێتە پیرەپیاوەکە.چما قسەکانی پیرەپیاوەکە تەواو بووە.پیاوە گەنجەکە هەست بەمە دەکات بەم پێیە دەڵێت: ئێستە من چیم لە دەست دێت؟ پیرەپیاوەکە دەڵێت: پێویستم بە دووهەزار و حەوت‌سەد تمەن هەیە، ئەو پیاوەی کە جۆری خوێنیەکەی O ئۆیە، گوتویەتی تا پارەکەم بۆ تەواو نەکەن خوێن نادەم. پیاوەگەنجەکە یەکسەر دەست دەکات بە گیرفانیدا، سێ هەزار و پەنجا تمەنی پێیە، دەست بە جێ سێ گەڵای هەزار تمەنی دەدات بە پیرەپیاوەکە.
پیرەپیاوەکە لە خۆشیدا بزیەک دەکەویتە سەر لێوی و دەڵێت؛ کوڕەکەم، قەرزداری تۆم. ژمارەکەتان و ئەدرەسەکەتا بدەن  یان کارتی پێناسەکەی من بگرن.رستەی کۆتاییەکە هیواش‌تر دەڵێت. پیاوەگەنجەکە لێی دوور کەوتەوە و دیسان وردە وردە وەڕێ کەوت. هێشتا سی چل هەنگاو دوور نەبووەتەوە، ئەم پرسیارە بە مێشکیدا دێت.ئەرێ پیرە پیاوەکە بەراست، راستی دەکرد؟ لە وەڵامدا دەڵێت ئەمە پێوەندی بە منەوە نییە من بەس ئەرکەکەم بە جێ هێنا.
چاو لە کاتژمێرەکەی دەکات، 2:35 دەقەی دوانیوەڕۆیە. پاسەکە خەریکە پڕ دەبێت،بەرەو پاسەکە دەکەوێتە رێ، بەس کورسییەک لە پەنای پیرە پیاوێکدا خاڵییە و لە کورسی تاکی بەرامبەرەکەیدا  خانمێک دانیشتووە.
ئێستا دیسانەوە چاو لە کاتژمیرەکە دەکات، سێی دوانیوەڕۆیە. هەست بە دەنگی دەرکەی پاسەکە دەکات،درکەکە ئاوەڵا دەبێت و موسافیرەکان یەکە یەکە دەگەڕێنەوە سەر جێگاکانیان. شۆفیرەکە لە پشتی سوکانەکەوە دانیشتووە. ئەم جارە زیاتر زەخت دەخاتە سەر پێداڵی گازەکە.دەنگی موتۆری پاسەکە بەرز دەبێتەوە، پاسەکە بە خێراییەکی زۆرترەوە دەکەوێتە رێ. پیاوەگەنجەکە چاو دەبڕێتە بلووکە چیمەنتۆییەکانی جەدولەکان، نیوەی زەرد و نیوەی رەش. چ کومپۆزسیۆنێکی رەنگیی گاڵتەجار،ئەمە لە دڵەوە دەڵێت. هەر ئەوەی کە رستەکە تەواو بوو لە پەنای جەدوەلەکەدا پیاوێکی گەنج دەبینێت کە سەری داخستووە و وردە وردە دەڕوات. لەوانەیە بەدووی شتێکدا بگەڕێت و لەوانەیە نەیشگەڕێت، دوای تەواو بوونی وتەکەی چاوەکانی دەنووقێنێ. 


ئەم بابەتە لە رۆژنامەی ئاسۆی رۆژهەڵات ژمارە 66 دا بڵاو کراوەتەوە.
لینکی بابەت :
http://asoyroj.com/details.aspx?=News&ID=2998&Babat=6
http://www.calameo.com/read/0003045494b76e88d1f95